وڵاتى فەرەنسا بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى یەکێیتى ئەورووپا دادەنرێت و ئەندامى هەمیشەیی ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتییە ، دۆستایەتییەکى مێژوویی لەگەڵ گەلى کورد هەیە و لە چەندین قۆناغى مێژوویی دا پشت و پەناى گەلى کوردبووە
ئەم پەیوەندییە لەمێژینەیە لە نامەکەى مستەفا بارزانى نەمر، بۆ ژەنەڕاڵ شارڵ دیگۆل دا ڕەنگیداوەتەوە و سەلمێنەرى پەیوەندى قوڵ و بەردەوام و دۆستایەتى گەلى کورد و گەلى فەرەنسایە بەتایبەت لەو رۆژگارە سەختانەدا کە بەسەر خەبات و بەرخودانى گەلى کورددا تێدەپەڕى و بە ئێستاى دۆزى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و جارێکى تر هێنانەدەرەوەى ئەم نامە مێژووییەکەى مستەفا بارزانى ، ڕابەرى رۆحى بزاڤى رزگاریخوازى گەلى کورد بۆ شارڵ دیگۆل ، سەرۆککۆمارى ئەو کاتەى فەرەنسا ئاماژەیەکى روونە بە پەیوەندیی ودیپلۆماسى گەلى کورد و رابەرە ئازادیخوازەکەى لە چیا و دەشت و دۆڵەکانى کوردستان بۆ دەوڵەتێکى ئەوروپایی بۆ ئەوەى ویژدان وپرسى کورد بۆ دونیا بە ئاگا بێنێتەوە
پەیوەندى لەمێژینەى کوردستان و فەرەنسا نەک تەنیا بۆ سەردەمى شۆڕشەکانى کوردستان دەگەڕێتەوە ، بەڵکو مێژووى گەواهیدەرە ، لەکاتى کیمیاباران و ئەنفالى گەلى کورد لەلایەن ڕژێمى بەعسى رووخاوە لە ساڵانى 1988 و دواتر لە لە کاتى ڕاپەڕین و کۆڕەوى ملیۆنى گەلى کوردى خەڵکى باشوورى کوردستان ، فەرەنسا ڕۆڵێکى کاریگەرى بینى لە دروستکردنى لۆنى بۆ گەلى کورد ، لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان و گوشاریکرد , بۆ ئەوەى کورد لە عێراق بپارێزێت ، هاوکات بڕیارى ناوچەى دژە فڕین لە ئەنجوومەنى ئاسایشى دەرکراو ناوچەیەکى ئارام بۆ خەڵکى کوردستان دامەزرێنرا، لەکاتى هەڵبژاردنى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ، فەرەنسا پشتیوانى بەهێزى لە کوردستان دەکرد ، لەو ماوەیەدا فەرانسۆ میتەران ، پەیوەندییەکى بەهێزى دۆستانەى نێوان کوردستان و فەرنسا زیاتر ڕیشەى داکووتا وبەهێزتر بوو ؛
بەهەڵدانەوەى لاپەرەکانى مێژووى پەیوەندى بارزانى نەمر و دیگۆل سەرۆکى فەرەنسا ، ئەم نامەیەى مستەفا بارزانى نەمر ، تەنیا نامەیەکى نووسراوى دیپلۆماسى نەبوو ، بەڵکو نامەیەکى رابەرێکى ئازادیخواز و تێکۆشەر بوو لە ناو قوڵایی شۆڕشێک و وەک کەسایەتییەکى کارێزما بۆ سەرکردەیەکى ئازادیخواز لە ناو جەرگەى ئەورووپا ئەویش شارڵ دیگۆڵ ، سەرۆککۆمارى فەرەنسا ، ئەو وڵاتانەى داگیرکەرى نازى لە وڵاتەکەى تێکشکاند و فەرەنساى بەرەو ئازادى و سەربەستى برد ، بۆیە ، بارزانى بە بۆ دیگۆلى نووسیووە ، ( ئەوەى تۆ بۆ فەڕەنسا کردت من بۆ کوردستانى دەکەم ) ، ئەوەش وەک ئاماژەدان بەرامبەر بێ هەڵوێستى نێودەوڵەتى بەرامبەر بە دۆزى کورد و لەو قۆناغە سەختانەدا کە بارزانى بەڕاشکاوى ئاماژەى پێداوە ؛ گەلى کورد بەتەنیا و کەس پشتیوانى ناکات ، ئەمەش ئاماژەیە بەو راستییە سیاسییەى کە هەمیشە گەلى کورد تێیدا ژیاوە ، لەکاتێکدا وڵاتانى زڵهێزیان هەمیشە پێشبڕکییان بۆ پڕچەککردنى رژێمى ئەو کاتەى عێراق دەکرد بە پێدانى چەکى وێرانکەر و کۆمەڵکوژ و ئەو کاتە بارزانى نەمر داواى لە ژەنەڕاڵ دیگۆل کرد ، فەرەنسا نەبێتە بەشێک لەو مەکینە کۆمەڵکوژییە ، هەر چەک ناردنێک بۆ عێراق ، تەنیا دەبێتە هۆى کاوڵکردنى وڵاتمان و کوشتنى بەکۆمەڵى ئافرەت و منداڵمان ، بۆیە ئەم ئاگادارکردنەوە پێشوەختەیە گەواهیدەرى ئەو راستییە کە بارزانى نەمر باش دەزیانى چەکەکانى دوژمن پێش هەموو شتێک جەستەى خەڵکى سڤیڵ دەکاتە ئامانج
ئەو نامەیەى بارزانى نەمر ، بۆ دیگۆل،بەیەکێک لە گرنگترین وکاریگەرترین نامە دیپلۆماسییە مێژووییەکانى گەلى کورد ، ئەو دەقە نووسینە بوو : ئێوە و فەڕەنسا بەهەشتى ئاسمانى ئێمەن ، ئەمە نیشانەى ئەو ئومێدە گەورەیە بوو کە کوردستان بەفەڕەنسا و بنەماکانى شۆڕشى فەرەنسا کە ئازادى ، یەکسانى ، برایەتى هەبوو ، ئەوەش بۆ باوەرى تەواوى بارزانى نەمر بەوەى فەڕەنسا پشتیوانى دۆزى کورد دەکات و پشتى تێى ناکات ؛ ساڵى 2014 ، کاتێک هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى هێرشى داعشى تیرۆریست بووەوە ، جارێکى دیکە ، فەرەنسا بەسەرۆکایەتى فرانسۆ ئۆلاند ، بەهاناى هەرێمى کوردستانەوە هات و هاوکارى چەک و تەقەمەنى و راێژکارى سەربازى پێشکەش بە پێشمەرگە و گەل کوردستان کرد ؛ لەکاتێکیشدا وا باوە سەرۆکى وڵاتان تەنیا سەردانى پایتەختى وڵاتانى سەربەخۆ بکەن ، بەڵام ئۆڵاند دووجارى سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و هاوکات لەکۆشکى ئیلیزێش پێشوازى لەسەرۆک مسعود بارزانى کرد ؛
دەتوانین بڵێین ؛ گەیاندنى نامەى بارزانى نەمر بۆ شارل دیگۆل بۆ دەستى سەرۆک بارزانى ، بەڕێگەى وەزیرى دەرەوەى فەڕەنساوە ، بەردەوامیدان و بۆ بەهێزتر کردن و دووپاتکردنەوەى دۆستایەتى و پەیوەندیی لەمێژینەیە لە قۆناغى شۆڕشگێرى و ئێستاش لە چوارچێوەى حکومڕانى ودەوڵەتدارى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە ، لە هەمان کاتیشدا بەڵگەیەکى مێژووییە بۆ خەباتى گەلى کورد بە رابەرایەتى بارزانى و بڕینى هەوراز و سەختییەکان و پیشاندنى مێژوویی خەباتى پڕشانازى گەلى کورد لە پێناو ئازادى و سەربەستیدا
هەروەها ئەو پەیوەندییە دۆستایەتى و دیپلۆماسییە بەهێزە ئاماژەیە بەو راستیەیە ،لەگەڵ گۆڕانى سەرۆکەکان ، دۆستایەتى فەرەنسا بۆ گەلى کوردو هەرێمى کوردستان نەگۆڕدرا ، بەڵکو سەرۆک و دەوڵەتى ئێستا هاوشێوەى سەرۆکەکانى پێش خۆى ، لەسەر پشتیوانى دۆزى کوردو پشتگیرکردن لە مافەکانى گەلى کوردستان بەردەوامە