دواین هەواڵ

ڕابەرایەتى بارزانى واتە لۆژیک،ئاشتى، دیپلۆماسى و چارەسەرى

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

لە هەموو قۆناغەکانى خەباتدا رۆڵ و پێگە و رابەرایەتى بارزانى ، هەردەم لەسەر بنەماى گفتوگۆ و هاوسەنگى وڕێزگرتن بووە ، بەتایبەتى بەکارهێنانى ئەزموون دەوڵەمەندى و کارێزمایی و کەسایەتى بەهێزى سەلماندوێتى هەمیشە دەتوانێت ڕۆڵى بەرچاو و کاریگەرى بۆ چەسپاندنى ئاشتى لە ناوچەکە و لە پێناو پاراستنى بەرژوەندییە گشتییەکان ببینێت 
بەدرێژایی مێژوویی خەباتى پێشمەرگایەتى،سیاسى، دیپلۆماسى خۆى، هەمیشە وەک ڕابەرێکى ژیر و دانا و کارێزما مامەڵەى لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکانى کوردستان،عێراق،ناوچەکە،جیهاندا کردووە ؛ هەر ئەوەش وایکردووە خاوەن سەنگ و پێگەیەکى بەهێز و کاریگەرى بێت چ لە نێو دۆستان و چ لە نێونەیارانى کوردستاندا ، بەتایبەت لە دۆخە گرنگ و ئاڵۆزەکاندا توانیوێتى ڕۆڵێکى بەرچاو ببینێت بۆ کردنەوەى دەرگە داخراوەکان ؛ بۆ ئێستا گۆڕانکارى و ئاڵۆزیی و ململانێ کانى ناوچەکە ، زۆر وردبینانە و ژیرانە توانیوێتى هەوڵەکانى بخاتەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنى ئاگر و گرژییەکانى ناوچەکە و هەوڵەکانى لۆژیکانە و دیپلۆماسیانەنن لە پێناو چەسپاندنى ئاشتى و ڕێگریکردن لەشەڕ
بۆ ئەم مەبەستە بە ڕابەرایەتى خۆى سەرۆک بارزانى ، توانیوێتى بەڕێگەى هێزى نەرم و دیپلۆماسیی پەیوەندییەکى هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتانى ناوچەکە بێنێتە ئاراوە ، ئەم جۆرە دیپلۆماسییە وایکردووە هەمووان خوازیارى پەرەپێدانى پەیوەندیی زیاتر بن لەگەڵ هەرێمى کوردستان  و گەلى کورد لەم ناوچە ئاڵۆزەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، بەتایبەت ئەزموونى دەوڵەمەندى سەرۆک بارزانى لەگەڵ مێژووى رووداو و پێشهاتەکاندا مامەڵەکردنى لەگەڵ وڵاتان و هێزە ناوچەییەکاندا وایکردووە هەمیشە ڕێگەیەکى گونجاو بۆ چارەسەرى و کردنەوەى دەرگەداخراوەکان بدۆزێتەوە ، هەروەها هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانى و بەکارهێنانى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى لە پێناو ئاشتى و پارێزگاریکردن لە مافەرەواکانى گەلى کورد لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان ڕۆڵى دیاروبەرچاوە ؛ دیداروکۆبوونەوەکانى لە ماوەى رابردوو لەگەڵ پاپاى ڤاتیکان، گەورەپەرسانى ئیتاڵیا، نێردەى سەرۆکى ئەمەریکاو وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا و بەکارهێنانى هەوڵە نێودەوڵەتییەکانى لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى ئاماژەن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى ناکۆکییەکان ناوچە بەرەو ئاشتى و سەقامگیرى 
هەروەها مێژوو گەواهیدەرە سەرۆک بارزانى ، ڕابەرایەتى وسەرپەرشتی گرنگترین کۆبوونەوەى نێو تۆم باراک نوێنەرى دۆناڵد ترەمپ ،سەرۆکى ئەمەریکا ، مەزڵوم عەبدى ، فەرماندەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات کرد ، ئینجا دواتر لەگەڵ میرى قەتەر، سەرۆکى راگوزەرى سووریا و چەندین سەرکردە و بەرپرسى ناوچەکە و جیهان ڕاستەخۆ  هەوڵە سیاسى و دیپلۆماسییەکانى خستەگەڕ  لە پێناو داکۆکیکردن و دوورخستنەوە هەموو ئاگر و ئاڵۆزییەکان لە نێوماڵى کورد ، لە هەمانکاتیشدا هەوڵەکانى بوونە هەوێنى تەبایی و یەکبوونى گەلى کورد و یەکڕیزى ، ئەم یەکهەڵوێستییە لەهەموو جیهاندا دەنگى دایەوە ، بە هەموو جیهانى گووت رابەرایەتى سەرۆک بارزانى نەک تەنیا لەسەر ئاستى ناوچەیەکى دیاریکراوە ، بەڵکو لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیی توانیی هەولێرى پایتەخت وبارەگاى بارزانى بکاتە پردى پەڕدى هەماهەنگى و چارەسەرى و لۆژیک و ناوەندێکى دیپلۆماسى و سیاسى بۆ هەمووان 
لە هەمانکاتیشدا ؛ هەوڵە بەردەوامەکانى سەرۆک بارزانى لەگەڵ حکوومەتى سووریا و گشت هێزولایەنە کوردستانییەکان لە رۆژئاواى کوردستان و لەیەکتر نزیککردنەوەیان بووە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و بەدەسهێنانى مافەکانى گەلى کورد، هەروەها ڕۆڵ و هەوڵە کاریگەرییەکانى نێچیرڤان بارزانى ،سەرۆکى هەرێم ، مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان چ لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى کاریگەرى بەهێزیان کردە لەسەر  چارەسەرى و ڕێککەوتنى نێوان حکوومەتى سووریا و هەسەدە ؛ هەموو هەوڵەکانى سەرۆک بارزانى بۆ ئەوە بوو ، بەهەموو وڵاتانى ناوچەکە وجیهان بڵێت ؛ لۆژیک، ئاشتى و گفتوگۆ و دیپلۆماسى کلیلى چارەسەرە ، هەموو ئەمانە ئاماژەن بەو راستییەى سەرۆک بارزانى لە کوێ بێت ئاشتى وچارەسەرى لەوێیە ، هەر ئەو دیپلۆماسى و سیاسەتە ئاشیتخوازانە و چارەسەرانە وایکردووە هەمیشە گەلى کورد و دۆزەرەواکە لە مەترسى هەرەشە ناوچەییەکان بپارێزێت 
هەر بۆیە ، ئەمڕۆ سەرکردایەتی سیاسى هەرێمى کوردستان خاوەن رابەرایەتى وسەرکردایەتییەکى ژیرە هەر لە ئاسایش و ئارامى و دەوڵەتمەدارى و ئیدارەدانێکى ژیرانە بە دیدگاییەکى ستراتیژى و ئیرادەیەکى پۆڵایین بەرەو زیاتر پێشخستنى ژێرخانى وڵات و داهاتوویەکى گەشتتر و شۆڕشى ئاوەدانى و پێشخستنى نیشتیمان بەردەوامە بۆ داهاتوویەکى ئاسوودەتر و خۆشگوزەرانتر و پارێزگاریکردن لە قەوارى هەرێمى کوردستان ودەستکەوتەکانى بە لۆژیک، دیپلۆماسى، ئاشتى و هێزى نەرم .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP