دواین هەواڵ

خالید مەشعەل لەلێدوانەکانی پێشووی پەشیمان دەبێتەوە؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

2 رۆژ پێش ئێستا

خالید مەشعەل لەدەوحەوە بەجۆرێك باسی کوردی رۆژئاوای کرد، کەئەوەی داوای دەکەن دەچێتە چوار چێوەی ستراتیژی ئیسرائیل بۆ سووریای دوای ئەسەد! بەڵام من وادەبینم کێشە گەورەکەبۆ ئێمە لەوەدا نییە خالید مەشعەل لەلێدوانە پێشووەکانی خۆی دەربارەی مافی چارەنووس بۆ کورد وەك نەتەوەیەکی غەدرلێکراوی بێ دەوڵەت پەشیمان بووبێتەوە، بەجۆرێك لەئێستادا تەنانەت دژی هەرێمێکی خۆسەری کوردییش بێت لەرۆژئاوای کوردستاندا، با لەچوار چێوەی یەکێتی وڵاتی سووریاشدا بێت، چونکە مەگەر خۆمان بخڵەتێنین دەنا  ئیسلامی وعەلمانی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە ئەگەرجیاوازییەکیشیان لەگەڵ یەکتردا بەرامبەر کوردو دۆزەکەی هەبێت، جیاوازییەکە جەوهەریی نییە. بەڵکول پەیوەندی بەهەندێ وردەکاریییەوە هەیە. وەك ئەوەی بۆ نموونە ئیسلامییەکان بەحوکمی ئایدۆلۆژیاکەیان،تاڕاددەیەك لەرووی نەتەوەییەوە، بەراورد بەهێزەکانی تر کەمتر رەگەزپەرستن، کێشەیان لەگەڵ کوردی خوار نەتەوەو بێ داواکاری سیاسیدا نییە، ئامادەن دان بە هەندێ مافی کەلتوری و زمانەوانی کورد ابنێن، بەڵام  بەمەرجی ئەوەی نەگاتە داننان بە زمانی کوردی وەك زمانێکی فەرمی و زمانی پەروەردەو فێرکردن، هاوشێوەی دۆخی ئێستای تورکیاو ئێران ومەرسوومەکەی شەرع. 

بەدەرلەوە، هەردوولایان، واتە ئیسلامی وعەلمانییەکانی نەتەوە سەردەستەکان، هاوشێوەی یەك لەپێگەی دەسەڵاتدا، بەچنگ ونینۆك پارێزگاری لە و دەوڵەت نەتەوانەی ناوچەکە دەکەن، کوردیان بەسەردا دابەشکراوە( گەرچی ماڵیان ئاوابێ وبێ مەبەست بەتێپەرینی رۆژگار لەناوەوە هەڵیاندەتەکێنن)،  ئامادە نین وەك ئەوەی پێویستەو دۆزی نەتەوەیەکی گەورەی وەكو کورد دەیخوازێت ، دان بە کێشەی کوردا بنێن و ئیرادەی چارەسەرکردنێکی ڕاستەقینە و ڕیشەیی  لەخۆیان نیشان بدەن، بەوەش کۆتایی بەومێژووە تاریکە لەسەرکوت وشەرو خوێنرێژی دژ بەم نەتەوە رەسەنەی ناوچەکە بهێنن.
 
   لێرەوە کێشە گەورەکە سەبارەت بەئێمە لەوەدایە،  لەناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستاندا کەسانێکمان هەبن،، هێشتا مەشعەل وهاووێنەکانی بەحوکمی ئایدۆلۆژیا، بەرەمزو سەرکردەی خۆیان بزانن و رێزیان بەسەر رەمز و سەرکردەکانی نەتەوەکەی خۆیاندا بدەن! هێشتا  بەخەیاڵ لە سایەی ئیمپراتۆریەتە ئیسلامییە بەسەرچووەکانی مێژوودا بژین و بیربکەنەوەو بریاربدەن!، هێندەی کارلێك لەگەڵ مەسەلەی فەلەستین وحەماس وغەززەو شەهیدو نەهامەتیەکانیاندا دەکەن، نیو ئەوەندە کارلێك لەگەڵ مەینەتی ودۆزی ڕەواو عادیلانەی گەلەکەیان و ئازارو هیواو شەهیدو ڕەمزەکانی نەتەوەکەی خۆیان و ڕۆڵەکانیدا نەکەن!

هەروەها  کێشەگەورەکە لەدیوێکی تریدا   لەو کەسانەدا بەرجەستە دەبێت،  کەلە کات وساتێکدا  پێویستیمان بەهەست وهووشیاری نەتەوەیی کۆکەرەوە هەیە، ئەوان  بەهەناسەیەکی ئایدۆلۆژییەوە، کۆی ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان بخەنە ژێرپرسیارەوەو بیانکەن بەنوێنەری ئەم جۆرە کەسێتیە ئیسلامیانە وگووتارو لێدوانەکانیان وبیکەن بەدەرفەت بۆ پەلاماردا نو تەکفیرکردنی نەتەوەیی!.
 لەڕوویەکی تریشیدا کێشەی ئێمە لەو واقیعەدایە، کە سەرکردەی سیاسی کورد، هاوکات لەگەڵ ئەم لیدوان و گۆڕانکاریانەدا بڵیت و پیی وا بێت،  شەرو بەرخۆدانی کورد لەرۆژئاوا، ڕێگەی لەدووبارە دابەشبوونەوەی خۆرهەڵاتی ناوەراست گرت!، یاخود قەناعەتی وابێت، دەوڵەتی کوردستان بۆ کورد سەرچاوەی هەڕەشەو مەترسییە!!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP