دواین هەواڵ

پلانی تیمی "هەڵۆکان" بۆ خنکاندنی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

30/01/2026

لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بنەماکانی یاریی سیاسی لە عێراقدا گۆڕانکاریی ڕیشەیییان بەسەردا هاتووە. بە دەستبەکاربوونی تیمی "هەڵۆکان" بە سەرۆکایەتیی مارکۆ ڕووبیۆ، واشنتۆن چیتر وەک پڕۆژەیەکی دیموکراسی یان هاوبەشێکی ستراتیژی سەیری بەغداد ناکات؛ بەڵکوو عێراق لە ڕوانگەی نوێی ئەمریکاوە، وەک "ناوچەیەکی هەژموونی ئێران" پۆلێن کراوە. تیمی ڕووبیۆ مەیلیان بۆ ئەوە هەیە، کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ڕەش و سپی ببینن. لەم ڕوانگەیەوە، بەغداد چیتر ناتوانێت یاریی "هاوسەنگی" لە نێوان تاران و واشنتۆن بکات. لای ئەم تیمە نوێیە، ناوەندی بڕیاری تاران لە بەغدادە، هەر بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی دیپلۆماسییەوە گۆڕاوە بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی نفوز". ئاماژەکان بۆ داخرانی دەرگاکانی گفتوگۆ ڕوونن.

ئەگەر لە ڕۆژانی داهاتوودا مارک ساڤایا ڕیکارە کارگێریەکانی بۆ نەکرێت و دەستبەکارنەبێت، ئەوە نیشانەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت، کە دۆسیەی عێراق بە تەواوی ڕادەستی "هەڵۆکان" کراوە خودی مارک ڕوبیۆ داوای کردوە کە خۆی سەرپەرشتی مەلەفی عیراق بکات نەوەک لە ڕێگای ساڤایا. ئەم گۆڕانکارییە پەیامێکی توندە؛ بە مانای ئەوەی قۆناغی ڕێککەوتنە سیاسییە کلاسیکییەکان کۆتایی دێت. ئەمریکا چیتر هاوبەشێکی ئارام نییە، بەڵکوو چاودێرێکی توڕەیە، کە تەنها چاوەڕێی "کاتژمێری سفر" دەکات تاوەکوو زۆرترین فشار بەکاربهێنێت.

لە سووچێکی ئەم هاوکێشە نوێیەدا، بەهێزترین چەکی ئەمریکا موشەک و هێزی سەربازی نییە، بەڵکوو بانکی فیدراڵیی نیویۆرکە، ئەو شوێنەی داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە. کاتێک مارکۆ ڕووبیۆ عێراق وەک پاشکۆی تاران دەبینێت، مامەڵەی دارایی لەگەڵ بەغدا لە "پەیوەندیی ئاسایی"یەوە دەگۆڕێت بۆ "کەرەستەی سزادان". واشنتۆن دەتوانێت بە سادەیی، بە ڕێگریکردن لە ناردنی "دۆلاری کاش"، ئەم سێ چەکوشە بوەشێنێت:

1. ئیفلیجبوونی سیستەمی بانکی: کە ٪١٠٠ بەستراوەتەوە بە سیستەمی "سویفت" و چاودێریی وردی فیدراڵیی ئەمریکاوە.

2. قەیرانی مووچە: نەمانی هیچ بەدیلێکی خێرا بۆ دۆلار، کە بتوانێت بودجەی ملیۆنان فەرمانبەر دابین بکات.

3. هەرەسهێنانی دراو: دابەزینی کتوپڕی بەهای دینار کە دەبێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە شەقامدا.

دووڕێیانە سەختەکە: خۆبەدەستەوەدان یان هەرەسهێنان ئێستا لایەنە دەسەڵاتدارەکانی شیعە لە بەردەم هاوکێشەیەکی سفردان؛ چیتر ناتوانن لە یەک کاتدا "دۆلاری ئەمریکی" و "ستراتیژی ئێرانی" پێکەوە کۆبکەنەوە. بژاردەکانی بەردەمیان بریتین لە: دەستبەرداربوون لەو کاندید و کەسایەتییانەی ترەمپ بە "نەیار"یان دەزانێت و قەبووڵکردنی مەرجە دارایییە توندەکان. بەردەوامی لە ململانێ: کە ڕەنگە عێراق بەرەو "لوبنانێکی نوێ" ببات؛ سیستەمێکی سیاسی بێ پاشخانێکی دارایی، کە لە بەردەم یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتیدا هەرەس دەهێنێت.

ئەمریکا گەییشتووەتە ئەو بڕوایەی، کە هێزی سەربازی تێچووی زۆر و ئەنجامی کەمە، بۆیە "دۆلار"ی کردووەتە جێگرەوەی "تانک". بۆ تیمی نوێی کۆشکی سپی، عێراق چیتر پێویستی بە دیپلۆماسییەتی کلاسیکی و باڵیۆزخانە نییە؛ دۆسیەکە بووەتە بابەتێکی "تەکنیکی و دارایی"، کە کلیلی چارەسەرەکەی لە نیویۆرکە نەک لە بەغداد. هێشتنەوەی پەیوەندییەکان بە "نافەرمی" و تەمومژاوی، گەورەترین هەڕەشەی سیاسییە کە واشنتۆن لە مێژووی نوێی عێراقدا دژی نەیارەکانی بەکاری هێنابێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP