دواین هەواڵ

زۆرجار بێدەنگی سەرسووکی و ئاسایشی بە دواوەیە

‌فەرەیدوون پەروازە

4 رۆژ پێش ئێستا

ئەڵێن یەکێ لە رازەکانی دەوڵەمەند بوون ئەوەیە کە خەڵکی نە تاکتیکی دەوڵەمەندبوون  و نە رادەی سەرمایە و داهاتت بزانن. ئەو وتەیە دەقاودەق دەبێت لە ئاست پێشکەوتنە رێژەییەکانی  هەرێمی کوردستان رەچاو بکرێت. ژیئۆپۆلیتیکی باشووری کوردستان  لە نێوان وڵاتانی رادیکاڵیزمی ئیسلامی و سێ نەتەوەی فاشی و شووینیستی ناوچەکەدا هەڵکەوتووە کە بە هیچ جۆرێک رەوایی بەو نیمچە دەسەڵاتە نادەن و بەو هۆییەوە کە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی خۆیانی لێک ئەدەنەوە لە دژی و لاوازکردنیدا درێخی ناکەن.

باشووری کوردستان سەرەرای ئەوەیکە دەسەڵاتێکی دووفاکتۆیە بەڵام لە باری سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە بەغدا و زۆر وڵاتی دیکە کراوەترە. ترافیکی دیپلۆماتیکی هەولێر زیاتر لە بەغدایە و ئەو هۆکارە، قورسایی و گرنگیی هەرێمی  کوردستانی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا سەلماندووە. 
لێرەدا بابەتێک کە مەبەستی سەرەکییە و دەبێت لە لایەن  دەسەڵاتی سیاسی و میدیای باشوورەوە رەچاو بکرێت ئەوەیە لانیکەم سەبارەت بە هندێک باس و بابەتی سەرەکی و ستراتیژیک وەک دەسکەوتە سیاسی و ئابوورییەکان بێدەنگی راگرن.

کاتێک وڵاتانی ناوچەکە هەر یەک بۆ خۆی کێشەی ئاوی خواردنەوە، کێشەی کارەبا، کێشەی دیپلۆماسییەت و ئاسایش و،،،تاد هەیە ئیتر پێویست ناکا تۆ وەک نیمچە دەسەڵاتێک پێشکەوتن و دەسکەوتەکان لەقاو بدەیت و میدیایی بکەیتەوە.

هەر پێشکەوتنێک بۆ باشووری وڵات دەسکەوتە لە حاڵێکدا وڵاتانی ناوچەکە دەیان ساڵ لەوەبەر دەستیان بەو پێشکەوتنانە راگەیشتووە هەر بۆیە خۆدسانسۆری و قروقەپ کردن سەبارەت بە بابەتە کلیدییەکان، دەسکەوت و لە ئاسایشدا بوونە. کاتێک کارەبا بیست و چوار سەعاتە دەبێتەوە و هەموو خەڵکی هەستی پێدەکەن ئیتر پێویست بە جاڕدان و بانگەشە ناکات. وڵاتانی  پێشکەوتوو و پیشەسازی، زۆربەی پێشکەوتن و تیکنۆلۆژیاکانیان نە میدیایی دەکەنەوە و نە بە پێویستی دەزانن کە خەڵکی زانیارییان لەو بارەوە هەبێت. رێخراوی ناسا نەوتراوەکانی زیاتر لە وتراوەکانێتی، تیکنۆلۆژی سەربازییان بە تەواوی نەهێنییە و لە مامەڵە چەکەمەنییەکاندا چەکێک دەخەنە دەستی کریار کە بۆ خۆیان چەکی لەوە پێشکەوتووتریان لە دەستدا بێت واتە دواین تیکنۆلۆژییان ناخەنە دەستی ئەویتر. لە کاتی جەنگ و کێشەی سیاسی لە گەل وڵاتانی دیکەدا سانسۆر و نەهێنکاری دەگات بە لوتکە و،،،

دواباس ئەوەیە کە پۆشتەکردنی هەرێمی کوردستان بە چەکی پێشکەوتوو و بەرگریکارانەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش هەم تێچووەکان زیاتر دەکات و هەم بە هۆی نەبوونی قوڵایی ستراتیژیک و پرژ و بڵاوی دەزگای سەربازی و،،، هتد شایەد ئەو داوایە بەو زوانە جێبەجێ نەکرێت و تەنانەت کاریگەری نەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP