پێدەچێ رووخاندنی دەسەڵاتی مادورۆ مامەڵەیەکی نێوان ترەمپ و پۆتین بووبێت لە سەر حەسابی ئۆکراین چوونکا هەتا روسیا و چین پاڵپشتی وینزولا بوون ئەمریکا سڵی دەکرد لە شەر و هەرەشە. هەتا شەری ئۆکراین درێژە بکێشێ هەم روسیا قەپی گەورەتر لە ئۆکراین دائەگرێ و هەم ئەمریکاش ئاستەنگ و کۆسپە سیاسییەکانی سەر رێگای کەم دەبێتەوە. دیارە وینزولا بۆ ئەمریکا ستراتیژک و لەبەرترە هەتا ئۆکراین. لە رێکەوتنی ئەو مامەڵە پەنامەکییانەدا چین و وڵاتانی ئورووپایی دڵ نیگرانن چوونکا چین سەرمایەگوزاری نەوتی درێژمەودای لە وینزولادا کردبوو کە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بە نێوە نرخ بۆ چین دەگواستەوە، لەو لاشەوە روسیا بەردەوام لە ئۆکراین لە پێشرەویدایە و لە سنوورەکانی ناتۆ نزیک دەبێتەوە. ئەو مامەڵە پەنامەکییانەی ترەمپ و پۆتین، ئوروپا و چینی لێک نزیک کردۆتەوە. دیارە ئەو سیاسەتە نوێیەی کە کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و لاسارەکان، بۆ ئەمریکا و روسیا لۆژیکی و بە کەڵک بێت. وڵاتانی سوریا، وینزۆلا، کووبا، کۆلەمبیا، کۆریای باکوور،تایوان و ،،، ساڵانێکی زۆرە کە هەم پێوەندییە سیاسییەکانی دوو زلهێزی جیهانی تووشی ئاستەنگ کردووە و هەم بۆ دوو لایەن تێچووی ماڵی و سەربازی لە رادەبەدەری هەبووە. ئەمریکا بۆی دەرکەوتووە کە تایوان نە مەترسییە بۆ چین و نە بە پشتیوانی کردن لەو وڵاتە بەرایی پێشکەوتنەکانی چینی بۆ گیراوە یا شەری دوازدە رۆژەی ئیسرایل و ئێران و تەنانەت ئاگربەستی بەپەلە دەچێتە خانەی ئەو مامەڵە ژێربەژێرانەی دوو دەسەڵاتی زەبەلاح. گرتنە بەری سیاسەتی لە ناوبردنی وڵاتانی دیکتاتۆر و کێشەساز بە زوویی یەخەی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە بە شێوەی رەها، بەستراوە و ملکەچی یەکێ لە جەمسەرەکانن. لە ناوچوونی وڵاتانی کێشەساز دەبێتە هۆی ئەوە کە هاوکێشی و باڵانسە سیاسییەکان بە لای ئەرێنییدا بشکێتەوە و سیستمێکی نوێ لە جیهاندا بێتە ئاراوە کە ئەمریکا مەجبوور دەبێت سەرهەڵدانی جەمسەری دیکە قەبووڵ بکات. سیاسەتی کۆماریخوازانی ئەمریکا روو لە روسیا و پشت لە چینە کە ئەو رەوتە هەتا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریکا لە بەرژەوەندی روسیادا درێژەی هەیە. ئاکام و کۆی باسەکە ئەوەیە کە بە هاتنە سەرکاری دیموکراتەکان لە ئەمریکا سیاسەتەکە دەبێتە روو لە چین و پشت لە روسیا کە لەو نێوەشدا وڵاتانێکی دیکە دەبنە کاندید و بەربژێری پشک و مامەڵەکانی دوو جەمسەر. لە درێژەی ئەو سیاسەتەی زلهێزەکاندا وڵاتانی جیهانی سێهەم ئەتۆمیزە و داڵبەش دەبنەوە و وڵاتانێکی دیکەی بێ مەترسی و ملکەچ لە نەخشەی سیاسی جیهاندا پەیدا ئەبن کە شایەد تا ساڵانێکی دوور رێژەی وڵاتانی جیهان لە قازانجی نەتەوە بێ دەوڵەتەکاندا بگاتە نزیک چوارسەد، واتە دوو بەرابەری ئیستە.