-حەسەن تارانی موقدم (باوکی بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی) داوای کردبوو دوای مردنی، لەسەر گۆڕەکەی بنووسرێت” ئەمە شوێنی ناشتنی ئەو کەسەیە کە دەیویست ئیسرائیل لەناو ببات”.
ئەمڕۆ ئێران خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین پرۆگرامە مووشەکییەکانی جیهانە و مەودای هەمەچەشنی مووشەکی کورت مەودا و مامناوەند و دوور مەودا بەرهەم دەهێنێت. پیشەسازی مووشەکی ئێران لە سەرەتای هەشتاکان دەستی پێکرد و یەکەم هەڵدانی مووشەکی لە ساڵی ١٩٨٤ تۆمارکرد، بە پەرەپێدانی بەردەوامی بەرنامەی مووشەکی ئێران توانی مەودای هەمەچەشنی کرۆز، پینپۆینت، بالیستیک، هایپەرسۆنیک و مووشەکی دیکە بەرهەم بهێنێت، ئێستاش یەکێک لە گەورەترین جبەخانەی مووشەکی لە ناوچەکەدا هەیە. بەو پێیەی پیشەسازی مووشەکی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە زیادکردنی ڕێگری و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگری و هەروەها زیادکردنی نفوزی دیپلۆماسی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا، کەواتە بەرنامەی مووشەکی ئێران لە دەیەکانی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، تا ئەو ڕادەیەی کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بوو بە نیگەرانییەکی جددی بۆ ڕۆژئاوا بەتایبەت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشێک لە دراوسێ عەرەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.بەڵام ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەبەست لە پەرەپێدانی ئەم پیشەسازییە تەنها بۆ زیادکردنی ڕێگری و بەرگری ئێرانە، جەخت لەسەر پێشکەوتن و پەرەپێدانی ئەم پیشەسازییە دەکاتەوە و لەو ساڵانی ڕابردوودشدا موشەکی زۆر پێشکەوتووی ناساند.
-بەرنامەی مووشەکی ئێران سەرەڕای گەمارۆکانی چەک پێشڕەوی کرد
ئینستیتیوتی ئاشتی کە بنکەکەی لە ئەمریکایە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران گەورەترین و هەمەچەشنترین جبەخانەی مووشەکی بالیستیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. هەروەها ئێران یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەیە کە بێ بوونی چەکی ئەتۆمی مووشەکی بالیستیی هەیە کە مەودای زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەتری دەبڕێت لەوانە (شەهاب ٣ -Shahab‑3 و سێجیل Sejjil ) کە مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن.هەرچەندە تەکنەلۆجیای بالیستی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی دووەم، بەڵام تەنها چەند وڵاتێکی کەم لە جیهاندا زانیارییان لەسەر مووشەکی بالیستی هەیە و توانای دروستکردنی مووشەکی بالیستی سەربەخۆیان هەیە.پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای مووشەکی ئێران و دەستڕاگەیشتن بە زانستی بالیستی لە ژێر توندترین گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لە دوای شۆڕشەوە و بە تایبەت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕوویدا.
عەلی خامنەیی لە یەکێک لە ووتارەکانی دا دەڵێت”هەموو ئەم پێشکەوتن، دەستکەوتە سەربازی و مووشەکیانەی کە ئەوان (ڕۆژئاوا) لێی ناڕەحەتن لە کاتی گەمارۆکاندا بەدەست هاتن ”.ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی ١٧٣٧، فرۆشتن و دابینکردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی یان گواستنەوەی هەر ماددەیەکی ئەتۆمی یان تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بۆ ئێران لەلایەن هەموو وڵاتانەوە قەدەغە کردوە، هەروەها بازرگانیکردن بە کاڵای "دوو لایەنە"، واتە ئەو کاڵایانەی کە هەم بەکارهێنانی ئاشتیانە و هەم بەکارهێنانی سەربازییان هەیە.
دوای سێ مانگ، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەی ١٧٤٧ لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٠٧، گەمارۆی چەکی بەسەر ئێراندا سەپاند و فرۆشتن و کڕینی هەر جۆرە چەکێکی ئاسایی بۆ ئێران بە تەواوی قەدەغە کرد، هەروەها گواستنەوەی زانیاری تەکنەلۆژیای سەربازی. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارنامەیە، دامەزراوە و کەسانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکی بالیستیی ئێران سزا دراون. سزای چەک بوو بە بەربەستی سەرەکی بۆ ئێران بۆ کڕینی چەک، تەنانەت لە وڵاتانی وەک ڕووسیا و چینیش. چۆنکە موشەکە بالیستیەکان توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمییان هەیە و ئەمەش یەکێک لە نیگرانیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو بەو پێیەی ئێران تەکنەلۆژیای بالیستی بەدەستهێناوە، هیچ هەوڵێک لەدەست نادات بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئەو ئاستەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
دوابەدوای کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنی پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٥ و دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١، سەرجەم سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دژی ئێران هەڵگیرا. تەنیا بڕگەیەک کە سزاکانی چەک بە تایبەتی بەرنامەی مووشەکی ئێرانی کردبووە ئامانج، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە شوێنی خۆی مایەوە.بەڵام ئێران بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکیەکەی، بۆیە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا لە ساڵی ٢٠١٦ ئێرانیان تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش . لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڕیاری دا لە ریککەوتنەکە بکشێتەوە.
لە ئێستادا ئێران زیاتر لە پەنجا جۆر مووشەکی بالیستی، کرۆز، هایپەرسۆنیک بەرهەم دەهێنێت، هەروەها چەندین جۆر درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)ی سەربازی کە هەندێکیان لە شەڕە نێودەوڵەتییەکانی وەک شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەکارهێنراون بەرهەم دەهێنێت.
لە کاتی جەنگی عێراق مەودای تۆپخانەکانی ئێران ٣٥ کیلۆمەتر بوو. لە کاتێکدا سوپای عێراق مووشەکی بالیستی سکود -بی بە مەودای ٣٠٠ کیلۆمەتر هەبوو و شارەکان و قوڵایی خاکی ئێرانی دەکردە ئامانج.
کاتێک سوپای عێراق بەهۆی هێرشی مووشەکی دەستی باڵاتری هەبوو لەجەنگەکەدا، ئێرانیش بیری کردەوە لە دروست کردنی موشک! ئێران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٣ مووشەکی سکود-بی ڕوسی لە لیبیا کڕی. ڕاوێژکارانی لیبی هێنان بۆ سەرپەرشتی کردنی ئاراستەکردنی موشکەکان.
یەکەم هێرشی مووشەکی بۆ سەر عێراق لە ١١ی ئازاری ١٩٨٤ شاری کەرکووک بە ئامانج گرت! دوای دوو ڕۆژ، دووەم هێرشی مووشەکیی ئێران بنکەی ئەفسەرانی سوپای عێراقی لە بەغدا کردە ئامانج و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٢٠٠ فەرماندەی عێراقی لەو هێرشە کوژران.ئۆپەراسیۆنە موشەکییەکانی ئێران ناڕەزایەتی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە دژی لیبیا ئەم فشارانەش وایان کرد کە لیبیا ناچار بێت ڕاوێژکارانی لە ئێران بەکشێنێتەوە، ڕاوێژکارەکان پێش ڕۆیشتن مووشەکەکان و سیستەمی هەڵدانی مووشەکەکانیان لەکارخست.لە ئەنجامدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە ڕێگەی تاقیکردنەوە، هەڵەکردن و سود وەرگرتن لە موشک و سکۆیەکان دەستیان کرد بە هەڵدانی موشەکەکان.
ئەم گرۆپە بچووکە لە ئەندامانی سوپای پاسداران بە کردنەوەی پارچەکانی موشەکەکان و Launcher کان کە (بریتین لە ئامێرێک یان سیستەمێک کە شتێک هەڵدەدات)، دەستیان بە ئەندازیاری پێچەوانە کرد. بەواتایەکی تر ئەندازیاری پێچەوانەیان بۆ مووشەک و لانچەرەکان کرد دەستیان بە هەڵوەشاندنەوەیان کرد.
حەسەن تارانی موقدم کە بە (باوکی بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی) ناودەبرێت، لە دۆکیۆمێنتاری "سفر بۆ سەد بەرنامەی مووشەکی دا دەڵێت، دوای ئەوەی ڕاوێژکارە لیبیاییەکان ئێرانیان بەجێهێشت، سێزدە لە ئەندامانی سوپای پاسداران چوونە سوریا بۆ مەشق و ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی سکود. لە سوریا مەشقی پێویستیان وەرگرت بۆ بەکارهێنانی مووشەکی سکود لە ماوەی دیاریکراودا. لە ساڵی ١٩٨٦ تارانی وەک فەرماندەی هێزە مووشەکییەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەستنیشانکرا و لە ساڵی ١٩٨٨دا سوپای پاسداران هەوڵی جددی بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی مووشەک دەستپێکرد.
ویلیام ئەلبێرک، توێژەری ئاسایشی جیهانی و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار لە پەیمانگای Stimson و بەڕێوەبەری پێشووی بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە ناتۆ، دەڵێت “چین و کۆریای باکوور لەو ساڵانەدا هاوکارییەکی بەرفراوانیان بە بەرنامە موشەکیەکەی ئێران کردوە، هەروەها ساڵانی دواتریش ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکییەکەی لە ڕووسیا هاوکاریی وەرگرتووە”.
هەروەها دەشڵێت”با ئەو ڕاستییە پشتگوێ نەخەین کە ئێران وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە لە ڕووی تەکنیکییەوە و لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە لەبواری جیاکردنەوەی پارچەکانی ئەو مووشەکانە و فێربوونی چۆنیەتی دروستکردنیان لە ڕێگەی ئەندازیاری پێچەوانە و لێهاتوویی و توانای ئەندازیاری نایابی نیشانداوە".
ڕۆکێتەکانی Rockets (نازعات) و (مجتمع) یەکەم نەوەی ئەو ڕۆکیتانە بوون کە ئێران دروستی کردن(جیاوازی نێوان ڕۆکێت و موشەک زیاتر پەیوەندی بە سیستەمی ڕێنمایی کردن، ئاراستەکردن و کۆنترۆڵکردنیانەوە هەیە. هەردووکیان بەهۆی پاڵنانی رۆکێت دەجووڵێن، بەڵام بەکارهێنان و تەکنەلۆژیایان جیاوازە). رۆکێت دوای ئاراستەکردن ئیتر ڕێڕەوەکەی کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بەڵام موشەک دەتوانێت ڕێڕەوەکەی کۆنتڕۆڵ بکرێت، سیستەمی ڕێنمایی هەیە وەک(ڕادار، لەیزەر، جی پی ئیس)وردییەکەی زۆر زیاترە،هەموو موشەکێک لە تەکنەلۆجیای ڕۆکێت سود وەردەگرێت ، بەڵام هەموو ڕۆکێتیک موشەک نییە.
وە دوای ماوەیەکی کەم، مووشەکی (تندر -٦٩) کە لە بنەڕەتدا مووشەکی بالیستی کورت مەودای چینی B610 یە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دیزاین کرایەوە و خرایە کارەوە بۆ ئۆپەراسیۆن. بەم شێوەیە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی ئێران، بە سەرکردایەتی حەسەن تارانی لە یەکەی مووشەکی ئاسمانی سوپای پاسداران و بە پاڵپشتی ئەحمەد کازمی، فەرماندەی ئەوکاتەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، بە نهێنی دەستی پێکرد بۆ گەیشتن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتری بالیستیی و دروستکردنی بزوێنەری هەڵدان، دواتر چووە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە.
-قۆناغی دووەمی بەرنامەی موشەکی کۆماری ئیسلامی بە دروستکردنی موشەکی فاتح-١١٠ دەستی پێکرد و زۆر جددی تر بوو.
لە ساڵی ٢٠٠٥ تارانی وەک جێنشینی فەریق عەلی زاهیدی لە هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەستنیشانکرا و لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بۆ کاروباری مووشەک و سەرۆکی ڕێکخراوی خۆبژێوی سوپای پاسداران دەستنیشانکرا.
تارانی گرنگترین کەسایەتی پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی ئێران بوو. لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ یەکەمجار لە بەرنامەیەکی نهێنیدا بزوێنەرێکی زۆر بەهێزی (موشک ماهوارهبر )ی تاقیکردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کۆماری ئیسلامی، تارانی لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١١، لەگەڵ ١٦ کەسی دیکە (و بە گوتەی کوڕەکەی، لەگەڵ ٤٠ کەسی دیکە) لە پادگانی ئەمیر ئەلمۆمەنین لە شاری مەلارد کوژران. زۆر کەس پێیان وایە تەقینەوەکەی بنکەی مالارد کردەوەیەکی تیرۆرستی بووە و بۆ تیرۆرکردنی حەسەن تارانی. بە پێی ڕاپۆرتی کۆماری ئیسلامی، لە کاتێکدا تارانی خۆی بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکەیکی نوێ ئامادە دەکرد، دوو تەقینەوە ڕوویدا و بە تەقینەوەی دووەم گیانی لەدەست دا. هەرگیز هۆکاری سەرەکی و ئەنجامدەری تەقینەوەکە دیاری نەکرا.
-تارانی ئەو کەسە بوو کە داوای کردبوو دوای مردنی، لەسەر گۆڕەکەی بنووسرێت” ئەمە شوێنی ناشتنی ئەو کەسەیە کە دەیویست ئیسرائیل لەناو ببات”.
-شارە ژێر زەمینیە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران
کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگەرچی هەمیشە ئاماژەی بە موشەکەکانی کردوە وەک دەستکەوتێکی گەورە لە بواری سەربازیدا، بەتایبەتی بۆ نمایشکردنی دەسەڵاتی خۆی و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵام پەرەپێدان و پێشخستنی بەرنامەی مووشەکی و بنکە موشەکییەکانی زۆر بە نهێنی بووە.سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەندین پایگاە یا بنکەی مووشەکی هەیە کە بە شێوەی ئەندازیاری و هەڵکەندنی تایبەت تونێل کراون لە دڵی چیاکان.بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، شار یا بنکە (پایگا) مووشەکیەکانی سوپای پاسدارانی لە قوڵایی ٥٠٠ مەتر لە ژێر زەوی لە پارێزگا جیاوازەکان ڕاگەیاند.
لەبارەی دروستکردنی شارە ژێرزەمینییەکانی سوپای پاسداران هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست دا نییە، بەڵام مەهدی بەختیاری، پەیامنێری سەربازی ئاژانسی هەواڵی فارس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، یەکەمین بنکەی مووشەکی ژێرزەمینی لە ڕۆژئاوای ئێران لە ساڵی ١٩٨٤ دروستکراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەی مووشەکیی ئێران.میدیا ناوخۆییەکان و سوپای پاسداران تا ئێستا وێنەی جۆراوجۆری چەند بنکەیەکی مووشەکی ژێرزەمینیان بڵاوکردۆتەوە، کە بە "شارە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران" ناو دەبرین.شوێنی وردی ئەو بنکە مووشەکییانە نادیارە و هەرگیز بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.لەسەر ئەساسی وێنە بڵاوکراوەکانی ئەو شارە ژێر زەمینیە مووشەکیانە پێدەچێت یەکێکیان گەورەتر بێت، چۆنکە گرنگترین جبەخانەی موشەکی و درۆنەکانی سوپای پاسدارانە و هەم شوێنێکە بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە مووشەکییەکان.
هەروەها سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٢٠دا“شارێکی مووشەکی دەریایی” لە کەناراوەکانی خەلیجی فارس ناساند. شوێنی ئەم بنکەیە وەک حاڵەتەکانی پێشوو ڕانەگەیەندرا، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی لە پارێزگای هورمزگانەوە ڕاپۆرتیان لەسەر ئەو بنکەیە بڵاوکردەوە.ژمارەی ئەو شارە موشکیانە کە لە ژێر زەویدا دروست کراون نازانرێت، بەڵام ئەحمەد ڕەزا پووردەستیان، فەرماندەی هێزی زەمینی ئەرتەش لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند کە شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان تەنیا تایبەت نین بە سوپای پاسداران و بەڵکو (ئەرتەیش) یش زۆریکی هەن. هەروەها ئەمیر عەلی حاجیزادە باس لە بوونی سێ کارگەی بەرهەمهێنانی موشەکی ژێرزەمینی لە ئێران کرد کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێن.
-ئەو جۆرە موشەکانی کە لە لایەن ئێرانەوە دروست دەکرێن
هێزە چەکدارەکانی ئێران بە تایبەتی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، کۆمەڵێک زۆر لە ڕۆکێت و مووشەکی کرۆز و بالیستی بەرهەم دەهێنیت.مووشەکە بالیستیەکان گرنگترین جۆری ئەو موشەکانن کە ئێران بەرهەمی دەهێنێت. هەڵدانی مووشەکی بالیستی سێ قۆناغی هەیە، قۆناغی دووەمیان خێراییەکەی نزیکەی ٢٤ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە. موشەکی بالیستی دوور مەودا بەرگەهەوای زەوی بەجێدەهێڵن و کاتێک دووبارە دەگەرێنەوە ناو بەرگەهەوا، دەگەنە خێرایی سەروو دەنگی.
-مووشەکە ئێرانیەکان دەتوانرێت بەسەر چوار دەستە دابەش بکرێن:
-ڕۆکێت
-مووشەکە کرۆزەکان
-مووشەکە بالیستیەکان
-مووشە هایپەرسۆنیکەکان
-بەهێزترین مووشەکەکانی ئێران؟
مووشەکی هایپەرسۆنیکی فتاح، خەیبەر شکن، مووشەکی سێجیل و خوڕەمشهر -٤ دەکرێ بە پێشکەوتووترین مووشەکەکانی ئێران هەژمار بکرێن.
ئەم چوار گرووپە لە مووشەکە دروستکراوەکانی ئێران، هەروەها بێگومان مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریش بەشێکن لە چەکەکانی ئێران کە هەندێکیان لەوانە دروستکراوی ڕووسیا و چینن و هەندێکیشیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن، کە لێرەدا ئاماژەیان پێنەکراوە.ئێران لە گرنگترین هێرشی مووشەکیەکانی دا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل پێشتر مووشەکی بالیستی عیماد ٣ و خەیبەر شکین و مووشەکی کرۆزی پاوە و درۆنی شاهد- ١٣٦ی بەکارهێنا.
-مووشەکی ڕێنوێنی وردی ئێران (نقطه زن)
-فاتح ١١٠
-خیبر شکن
-فاتح ٣١٣
کە بە وردبینی ڕێنمایی دەکرێن، بە سیستەمی ڕێنمایی پێشکەوتووی خۆیان، دەتوانن بە وردییەکی زۆرەوە ئامانجەکان بپێکن. ئەم مووشەکانە مەودای جۆراوجۆریان هەیە و توانای هەڵگرتنی جۆرەها جۆری تەقەمەنی و کلاوەی جەنگییان هەیە.
-مووشەکی (MIRV)
مووشەکی(خوشەای) و (بارشی) کە لە یەک کات دا چەند ئامانجیک دەپێکن، کە پێش گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی لێک جودا ئەبنەوە، بۆ نموونە موشەکی فەجر ٣ یا خیبر شکین دەتوانن هەڵگری کلاوەی (خوشەای)یا (بارشی ) بن.کە لەم چەند رۆژە بەکارهاتن دەتوانرێت لەیەک کات دا بۆ چەند ئامانجیک بەکاردێت ، کاریگەریەکی گەورەشی لەسەر جەنگی دەروونی هەیە
-ئێران زیاتر لە ٢٠ جۆری مووشەکی بالیستی هەیە
جۆرەکانی موشکی بالیستی لەوانە:
-عاشورا ۲۰۰۰ تا ۲۵۰۰ کیلۆمەتر
-سجیل ٢٠٠٠ کیلۆمەتر
-شهاب -٣ب ٢٠٠٠ کیلۆمەتر
-شهاب-٤ ١٧٠٠ تا ٢٠٠٠ کیلۆمەتر
-شەهاب 5 و شەهاب 6 دوو مووشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەریین کە مەودای زیاتر لە 5500 کیلۆمەتریان هەیە، توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی و نائەتۆمییان هەیە کە کێشیان دەگاتە یەک تۆن.
-عیماد ۱۷۰۰ کیلۆمەتر
-قدر-F ١٦٥٠ کیلۆمەتر
-خیبرشکین ١٤٥٠ کیلۆمەتر
-قاصم بصیر ١٣٠٠ کیلۆمەتر
-حاج قاسم ١٤٠٠ کیلۆمەتر
-قیام-٢ ١٠٠٠ کیلۆمەتر
-دزفول ١٠٠٠ کیلۆمەتر
-زول فەقار ٧٠٠ کیلۆمەتر
-شهاب- ١ ٣٠٠ کیلۆمەتر
-شهاب-٢ ٥٠٠ کیلۆمەتر
-فتاح-١١٠ ٣٠٠ تا ٥٠٠ کیلۆمەتر
هەروەها مووشەکی کرۆز بە تەواوی ڕێنمایی دەکرێن و توانای فڕینیان هەیە لە بەرزاییە نزمەکاندا، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی خۆدزینەوە لە ڕادارەکان. خێرایی موشەکی کرۆز لە ٨٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەست پێدەکات.
-مووشەکە کرۆزەکانی ئێران
-سومار ٢٥٠٠ کیلۆمەتر
-قدر ١٣٥٠ تا ١٩٥٠ کیلۆمەتر
-پاوە ١٦٥٠ کیلۆمەتر
-فتاح-٢ ١٤٠٠ کیلۆمەتر
-هویزە ١٣٥٠ کیلۆمەتر
-یا عەلی ٧٠٠ کیلۆمەتر
-غەدیر ٣٠٠ کیلۆمەتر
-مووشەکە کورت مەوداکانی ئێران
مووشەکی کورت مەودا کە بە گشتی مەودای کەمتر لە هەزار کیلۆمەتریان هەیە، مووشەکی وردبینی بەرزن کە بۆ شەڕی ناڕێک و تەقەکردن لە ئامانجە ناوچەییەکان بەکاردەهێنرێن. ئێران چەندین جۆری مووشەکی بالیستی و کرۆزی مەودای کورتی بەرهەم هێناوە کە هەندێکیان لەوانە (فاتح مۆبین، نصر، قائم ١١٤ ، الماس).
مووشەکی بالیستی عیماد مووشەکێکی مەودای مامناوەندە و مەودای ١٧٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێت. درێژی مووشەکەکە ١٥.٥ مەتر دەبێت و دەوترێت کێشی سەری ٧٥٠ کیلۆگرامە. مووشەکەکە لە ساڵی ٢٠١٥ ناسیندرا هاوکات لەگەڵ ناساندنی یەکێک لە "شارە مووشەکییە ژێرزەمینییەکان". مووشەکی عیماد وەشانێکی نوێکراوەی مووشەکی بالیستی قدرە.
مووشەکی پاوە لە بنەماڵەی مووشەکەکانی سومار کرۆزە مەودای مامناوەند. دەوترێت نەوەی مووشەکەکانە کە توانای گرتنەبەری ڕێگای جیاوازیان هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان.مووشەکەکانی پاوە توانای هێرشکردنی بە کۆمەڵ و پەیوەندی لەگەڵ یەکتریان هەیە لە کاتی هێرشەکەدا و ڕەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هەڵبژێردرابن.زۆرترین مەودای کاریگەری ئەو مووشەکانەی کە ئێران لە ئێستادا هەیەتی لە نێوان ٢٠٠٠ هەزار بۆ ٢٥٠٠ هەزار کیلۆمەتردایە و لە ئێستادا ناتوانێت وڵاتانی ئەوروپا بکاتە ئامانج.بەڵام دەتوانن ناوچەکە بکەنە ئامانج تەواوی وڵاتانی عەرەبی، خلیج، پاکستان، هیند، مصر تا ئۆکراین … هێزە چەکدارەکانی ئێران ئیدیعای ئەوەیان کرد کە ڕاسپاردەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵا بووە کە داوای کردبوو مەودای مووشەکەکانی ئێران لە ٢٥٠٠ هەزار کیلۆمەتر زیاتر نەبێت بۆ ئێستا، ڕێگری لە پەرەپێدانی مووشەکی مەودای دوورتر کردووە. ڕێبەری مەزنی ڕایگەیاندبوو کە "هۆکارێک" بۆ ئەم بڕیارە هەیە، بەڵام هۆکارەکەی دیاری نەکردبوو.
ذوالفقار یەکێکی ترە لە مووشەکە بالیستی یە مەودا کورتەکان (٧٠٠ کم) کە لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ لە هێرشەکانی سەر پێگەکانی داعش بەکارهاتووە، درێژی موشەکەکە ١٠ مەتر دەبێت و سەکۆی هەڵدانی جۆلاوی هەیە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە خۆی لە ڕادرا ئەدزێتەوە.زولفیقار وەشانێکی نوێکراوەی مووشەکی فاتح-١١٠ یە و دەوترێت کێشی سەرەکەی ٤٥٠ کیلۆگرامە.
ویلیام ئەلبێرک، شارەزای بواری ئاسایشی جیهانی، دەڵێت”ئێران توانای مووشەکی زۆر باشی هەیە و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی ئێران لە قەرزکردنی مووشەک لە وڵاتانی دیکە و کۆپیکردن لەوان بەرەو بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی سەربەخۆ پێشکەوت و هەنگاوی نا، کە لە سووتەمەنی شلەوە، کە ئەمن ترە و مانەوەی کەمترە، ڕوویان کردە ڕۆکێت و مووشەک بۆ سووتەمەنی ڕەق . وردبینی مووشەکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بۆیە ئێران پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە ئێستادا یەکێک لە پێشکەوتووترین پرۆگرامە مووشەکییەکانی هەیە بۆ مووشەکی بالیستی و کرۆزی مەودا کورت و مامناوەند.
ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نەوەی نوێی مووشەکەکانی لە نەوەی هایپەرسۆنیکن. هایپەرسۆنیک ئاماژەیە بۆ ئەو چەکانەی کە بە خێرایی دەنگ دەڕۆن، کە بە شێوەیەکی گشتی پێنج بۆ بیست و پێنج هێندەی خێرایی دەنگ. ئێران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٤ مووشەکی فەتاح ناساند، لە دوو دەستەی بالیستی و کرۆز، وەک مووشەکی هایپەرسۆنیک.مووشەکی هایپەرسۆنیک فەتاح مەودای ١٤٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێت و سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە توانای تێپەڕین و تێکشکاندنی هەموو سیستەمەکانی قەڵغانی مووشەکی هەیە.فەتاح مووشەکێکە لە نەوی موشەکەکانی کە سووتەمەنیان ڕەقە و خێراییەکەیان پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت ١٣ بۆ ١٥ Mach ،١٥ Mach یەکسانە بە خێرایی ٥ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی دەزگای فڕۆکەوانیی سوپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی ناساندنی لەسەر مووشەکی فەتاح ڕایگەیاند، "ئەم مووشەکە خێرایی بەرزی هەیە و دەتوانێت مانۆڕ بکاتە لە ناو و دەرەوەی بەرگەهەوا دا ". هەروەها حاجی زادە بانگەشەی ئەوەی کرد کە "فتاح بە هیچ مووشەکێک لەناو ناچێت یاخۆد تێک ناشکێت!
دوای چوار مانگ لە ناساندنی مووشەکی فتاح-١، سوپای پاسداران مووشەکی فتاح-٢ ناساند. کە نەوەی مووشەکی کرۆزی مەودای ١٥٠٠ کیلۆمەترە.
-هێرش و ئۆپەراسیۆنە مووشەکییەکانی ئێران بۆ دەرەوە
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر تێوەگلاوە لە ململانێکانی ناوچەیی و لە خاکی خۆیەوە ئۆپەراسیۆنی سنوور بەزاندنی دژ بە گرووپ، لایەن و وڵاتانی دیکەی ئەنجام داوە.هەموو هێرش و ئۆپراسیۆنەکانی ئێران بۆ دەرەوە لە لایەن هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێن و ئەم بەشەی سوپای پاسداران لەجیاتی ئەرتەش سەرکردایەتی وەڵامدانەوە و شەڕە سەربازییە فەرمییەکانی ئێرانی گرتووتە ئەستوو.
هەرچەندە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سوپای قودس، لقی دەرەوەی سوپای پاسداران، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراقەوە، لە ئەفغانستانەوە تا بۆسنە و هەرزەگۆڤین، عێراق، سوریا، لوبنان،یەمەن، غەززە.. شوێنەکانی دیکەوە ئامادەی هەبووە، بەڵام هەرگیز ئامادەبوونێکی فەرمی یان وەڵامێکی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە بۆ ململانێ و دوژمنایەتی.
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران و عێراق، یەکەم هێرش لە خاکی ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتێکی دیکە لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٧، بۆسەر دێرەزووری سووریا لە دژی داعش ئەنجامدرا. ئەم ئۆپەراسیۆنە کە ناوی لیلة القدر بوو، لە کاردانەوەی هێرشی داعش بوو بۆ سەر ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامی. شەش مووشەکی بالیستی مەودای مامناوەندی زۆڵفەقار و قیام لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستانەوە ئاراستەی بارەگاکانی داعش کران. دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ بارەگای حزبی دیموکرات لە کۆیە لە هەرێمی کوردستان بە حەوت مووشەکی کورت مەودای فاتح-110 کرایە ئامانج. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە کاردانەوەی هێرشی چەکداری حیزبی دێموکرات بۆ سەر قەرارگای حەمزە سیدالشهدا بوو لە مەریوان.
لەساڵی ٢٠١٨، لە بەرامبەر هێرشی داعش بۆ سەر هێزە چەکدارەکان لە ئەهواز، سوپای پاسداران بە ٦ مووشەکی بالستیی زولفیقار، قیام و هەروەها ٧ درۆن، پێگەکانی داعشی لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا کردە ئامانج.
هەروەها لەساڵی ٢٠٢٠، لە بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس لەلایەن ئەمریکاوە لە عێراق، هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد، کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە عێراق، هەروەها بنکەیەکی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە ١٣ مووشەکی بالیستی فاتح-٣١٣ و قیام-٢.
-دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ زیادی کرد.
سوپای پاسدارانی لە ساڵی ٢٠٢٢، ١٢ مووشەکی بالیستی فاتح -١١٠ی ئاراستەی ڤێلایەک کرد لە هەولێر پایتەختی هەرێم کە بەپێ ڕاپۆرتی کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە بنکە ستراتیژییەکانی ئیسرائیلە بووە لە هەرێمی کوردستان.
وە لەساڵی ٢٠٢٣ لە دوو ئۆپەراسیۆنی ڕبیعی یەک و دوو هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بە مووشەکی فاتح -٣٦٠ هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ٢٠٢٤ سوپای پاسداران جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ڤێلای بازرگانێکی کوردی هەرێم کە بانگەشی ئەوەیان کرد کە بارەگای مۆسادە، هاوکات بنکەکانی داعش و پارتی تورکمانی لە شاری ئیدلبی سوریا کردە ئامانج. ئەم هێرشە تا ئەو کات بە دوورترین هێرشی مووشەکی ئێران حساب دەکرا.
لە ساڵی ٢٠٢٤ هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر ئەو شوێنەی کە ناوی لێنابوو بارەگای گروپی جەیش ئەلعەدل (جیشالعدل)لە ناوچەی کوه سەبز لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان. ڕۆژی دواتر پاکستان بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران وەڵامی دایەوە. ئەمە یەکەمجار بوو وڵاتێک ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بداتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٤ هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران سەدان درۆن و مووشەکی کرۆز و مووشەکی بالیستی ئاراستەی پێگەکانی ئیسرائیل کرد، لە کاردانەوەی هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی کە بووە هۆی کوژرانی محەممەد ڕەزا زاهیدی و شەش ئەندامی دیکەی سپای پاسداران، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی بەڵێنی ڕاستەقینە(وعده صادق) ئێران ئیدعای کرد کە هێرشەکە بنکەی ئاسمانی نەواتیم و بنکەی نهێنی هرمون لە بەرزاییەکانی جۆلان کردۆتە ئامانج کە بۆ هەواڵگری سیگناڵ بەکاردێت.
دواتریش لە ٢٠٢٥/٦/١٢ لە جەنگی ١٢ رۆژە سەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد ، هەروەها لە ٢٠٢٦/٢/٢٨ لەم جەنگە نوێ یە ئەم چەند رۆژە لە نێوان ئێران ، ئەمریکا و ئێسرائیل ، ئێران بەسەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی دە وڵاتی ناوچەکە، ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە کردوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. لەوانە( ئێمارات، قەتەر، ئوردن، کۆیت، عێراق، بەحرین، سعودیە، قوبرس، عومان، هەرێمی کوردستان، ئازەربایجان، تۆرکیا).
-بۆچی ئێران لە نێوان بەرنامە جۆراوجۆرەکانی چەک دا، مووشەکی هەڵبژارد؟
پێش شۆڕش گەورەترین هاوپەیمانی ئێران ئەمریکا بوو و زۆربەی چەکی سەربازی کە بە شێوەیەکی سەرەکی پێکهاتبوو لە فڕۆکەی جەنگی لە ئەمریکا دەکڕدران.
ئێران لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٧٢ زیاتر لە ١٦٠ فڕۆکەی جەنگی ئێف-٥ی کڕی، کە وەک فڕۆکەیەکی جەنگی هەرزان بۆ ئەو وڵاتانە دروستکرابوون کە توانای کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری گرانبەهایان نەبوو. هەروەها لە سەردەمی پەهلەویدا ئێران ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکە جەنگییەکانی ماکدۆنێل دۆگلاس ئێف -٤ی کڕی کە تا ئێستاش هێزی ئاسمانی بەکاری دەهێنیت.دواتر شا بڕیاریدا کە فڕۆکەی جەنگی نوێتر دابین بکات لە جیاتی ئەوانە، ٦٠ فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ تۆمکات کڕیی، کە بوو بە یەکێک لە گەورەترین هێزی ئاسمانی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی شۆڕشی ئیسلامی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە هۆی هێرش و داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران بۆ هەمیشە پچڕان. لە ئەنجامدا سزا جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا لەوان گەمارۆی چەک بەسەر ئێراندا سەپێنران. بەو پێیەی نەیتوانی چەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی شەڕکەر دەستەبەر بکات و هەروەها لە کاتی جەنگدا تۆپخانەکانی عێراق بەهۆی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستیەوە قووڵایی خاکی ئێرانیان کردە ئامانج، کۆماری ئیسلامی بڕیاریدا بەرەو بەرنامەی مووشەکی هەنگاو بنێت.
لە وەها هەلومەرجێکدا بەرنامەی مووشەکی باشترین هەڵبژاردە بوو بۆ ئێران، کە دەیتوانی هەم وەک ئامرازێکی بەرگری بەکاری بهێنێت و هەم لە ئەگەری شەڕدا دەستی بگات بە وڵاتانی دیکە، بەو پێیەی چەکی سەربازی سنوورداری هەبوو . هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تا ئێستاش بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە یەکێک لە پێشکەوتووترین و گرنگترین بەرنامە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت.
ویلیام ئەلبێریک، توێژەر لە بواری ئاسایشی جیهانی و تەکنۆلۆژیا پەیوەندیدارەکان دەڵێت”مووشەکەکان بەدیلێکی زۆر باش بوون لە شوێنی فڕۆکە جەنگییەکان پێویستیان بە مەشق، ڕاهێنان کەمتر و فڕۆکەوان نەبوو، بەکارهێنان و ئاڕاستەکردنشیان ئاسانترە.هەروەها لە هەمووی گرنگتر ئێران توانی خۆی مووشەک پەرەپێبدات و دروست بکات. وە مووشەکەکان زۆر هەرزانترن لە فڕۆکە. بۆیە هۆکاری زۆر هەبوون بۆ ئەوەی ئێران بەدوای مووشەکەوە بێت لەوانە مووشەک ئامرازێکی لەڕادەبەدەر بەسوودە بۆ سیاسەت ، کاروباری سەربازی و پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان وپرۆکسەکانی (گرووپە بە وەکالەتەکان) و ئەو وڵاتانەی وابەستەن بە ئێران”.
-سوود وەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد لە بەرنامە مووشەکیەکەی ئێراندا
لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران هەنگاوێکی گەورەی ناوە بەرەو پێشخستنی توانای مووشەکی و خۆپاراستن لە ڕێگەی تێکەڵکردنی زیرەکی دەستکرد لەگەڵ پیشەسازی مووشەکی خۆیدا. زیادکردنی زیرەکی دەستکرد بۆ مووشەکەکانی یارمەتیدەر بووە بۆ باشترکردنی ڕێنمایی ئۆتۆماتیکی، وەڵامدانەوەی خێرا لە بارودۆخە ئاڵۆزەکاندا، و دەستنیشانکردنی ناوەندەکانی کێشکردنی لاوازی ئامانج، کە هێز و وردبینی مووشەکەکانی ئێرانی بۆ ئاستێکی نوێ بەرزکردووتەوە. ئەو مووشەکانەی کە بە زیرەکی دەستکرد تەیارکراون دەتوانن لە دۆخە سەختەکاندا باشتر کاربکەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە سیستەمی بەرگری مووشەکی دوژمن بدزنەوە و مانۆڕی ئاڵۆز ئەنجام بدەن. هەروەها تێکەڵکردنی زیرەکی دەستکرد لەگەڵ تەکنەلۆجیای دروستکردنی مووشەک، پێویستی بە ئۆپەراتۆرێکی مرۆیی بۆ ڕێنماییکردنی مووشەکەکە کەمدەکاتەوە و هاوکات ڕێگە دەدات بە بەڕێوەبردنی خێرا و وردی هێرشەکان، ئەم بابەتە و کاریگەرییەکانی لە هەڵبژاردنی ناوی مووشەکەکانی ئێرانیشدا دەبینرێت.
-ئێران مووشەکی بۆ کام وڵات و گروپی بەوەکالەت/ میلیشیایی ناردوون؟
یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە بەرنامە مووشەکیەکەی ئێران تەنیا پێشکەوتنی ئێران نییە لەو بوارە، بەڵکو ناردنی مووشەک و گواستنەوەی زانیاریی بەرهەمهێنانی مووشەکە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان و گرووپەکانی سەر بە ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
چۆنکە ئێران تا ٧ ئۆکتوبەر هەژموون و کاریگەری گەورەی لەسەر سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن هەبوو پاڵپشتی دارایی و چەکی بۆ ئەو گروپانە دابین دەکرد کە بە (میحوەری مقاومە) ناسرابوون. هەروەها فرۆشتنی مووشەک بە گروپە نادەوڵەتیەکان نیگەرانی و مەترسیی بۆ ڕۆژئاوا دروستکردووە.ئەگەرچی ئێران هیچ کات دانی بەوە نناوە کە مووشەکی بۆ بریکارەکانی ناردووە، بەڵام چەندین جار لەلایەن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاواوە بەو کارە تۆمەتبار کراوە.
یەکێک لە یەکەم حاڵەتەکان کە ئێران کەوتە ژێر فشاری نێودەوڵەتی توندەوە، هێرشی مووشەکی و درۆنی حوسییەکانی یەمەن بوو بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعودی، هەرچەندە حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئەمریکا و سعودیە بە پشتبەستن بەو بەڵگانەی کە مووشەکەکان بەجێیان هێشتووە،گەیشتنە ئەوەی کە ئەو چەکانەی بەکارهێنراون ئێرانین و هێرشەکەش لە خاکی ئێرانەوە بووە. بەڵام ئێران ئەمانەی ڕەتکردەوە.
هەروەها ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران تەکنەلۆژیای موشەکی نەوەی کرۆزی-٣٥١ ی کە بە قودس ناسراوە، بە بزووتنەوەی انصارالله ی یەمەنی داوە ئەو گرووپە توانیویەتی مووشەکی کرۆز دروست بکات.
هەروەها ساڵی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران، لە ڕاپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە مووشەکی (محیط)کە لەبەردەستی حوسییەکاندایە، کۆپییەکی وردی مووشەکی بالیستی(قدر) ی ئێرانە.
یەکەی مووشەکی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە هەشتەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن حەسەن تارانی یەوە دامەزرا ، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکەکانی ئێرانە لەوانە فەجر، فاتح- ١١٠، ڕەعد ٢ و ٣، خەیبەر ١، زلزال ١ و ٢، و نور.لە ساڵی ٢٠٢٤ میدیاکانی ئێران هەواڵی ئۆپەراسیۆنە یەک لە دوای یەکەکانی حزبوڵای لوبنانیان لە دژی ئیسرائیل بە مووشەکی "ئەڵماس"ی ئێرانی بڵاوکردەوە.
جگە لەوەش ئێران تۆمەتبار دەکرێت بە دابینکردنی مووشەک ، ڕۆکێت و چەکی سەربازی دیکە بۆ هێزە جۆراوجۆرەکانی میلیشیاکانی عێراق وەک هێزەکانی حشدالشعبی و کتائب حزبالله .
بەڵام ڕەنگە گرنگترین وڵات کە تا ئێستا وەک کڕیارێک بۆ مووشەک و درۆنەکانی ئێران باسی لێوە کراوە ڕووسیا بێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ساڵی ٢٠٢٤بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی هەواڵگریی ئەوروپی بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک لە کارمەندانی سەربازی ڕوسیا گەشتیان بۆ ئێران کردوە بۆ وەرگرتنی مەشق و ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی فاتح -٣٦٠ و پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە سەدان لەو مووشەکانە بگەیەنرێنە ڕووسیا.
بەو پێیەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەزموونیان هەیە لە گەل درۆنە ئێرانیەکان لەلایەن ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کاردانەوەی توندی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا. هەر لەم باریەوە ئەمریکا ساڵی ڕابردوو هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دا کە ئەگەر ڕاپۆرتەکانی ناردنی سەدان مووشەکی بالیستی ئێرانی بۆ ڕووسیا پشتڕاست بکرێتەوە، تاران ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی خێرا و توندی واشنتۆن دەبێتەوە.مووشەکی بالیستی کورت مەودای فاتح-٣٦٠ لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دروستکراوە و بە ڕێنوێنی مانگی دەستکردە و لە ساڵی ٢٠٢٠ ناسیندرا.
لەگەڵ پەرەسەندنی زانستی مووشەکی و جبەخانەی مووشەکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، مەودای ململانێ و گرژییە ناوچەییەکانیش زیاتر دەبێت. ئەگەرچی ساڵانی ڕابردوو زۆرێک لە شارەزایان پێیان وابوو کە ئێران توانیویەتی خۆی لە هێرشی مووشەکی لەدژی وڵاتانی ناوچەکە بەدوور بگرێت، بەڵام ماوەتەوە بزانرێت کە ئەم سەبرە ستراتیجییەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کەی دەخایەنێت. کە لەم چەند رۆژەدا ئێتر ئێران لەبەردەم سەخترین قۆناغی خۆی دایە لەبەردەم جەنگی کەوتن و لەکەناری داڕمان دایە ، ئایا بەرنامە مووشەکیەکەی ئێران دەتوانێت ئێران لەم قۆناغە سەخت دەربازبکات کە لە ئێستادا تاکە چەکی کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ئەن جەنگە! ئایا ئێران دەتوانێت و ناچار دەبێت لەم ماوەیەدا کە لەناو جەنگ دایە مەودای مووشەکەکانی بەرز بکاتەوە بەوەی کە تا ئێستا بە بەرگری کاریگەر و ڕێگریکردن سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکییەکەی ناوی بردووە؟
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە : بەهرۆز عزەت
نۆسینی : فەرزاد صیفی کاران (٢٠٢٤)