10 مانگ بەسەر رووخانی رژێمی بەشارئەسەد تێپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستا دامەزراوەكانی دەوڵەت بەتەواوی نەكەوتوونەتەوە كاركردن. فەرمانگەكانی حكومەت نیوەناچڵ كاردەكەن، سەدان هەزار فەرمانبەر بەهۆی نەبوونی موچەو تۆمەتی لایەنگیریی بۆ رژبَمی پێشوو دەستیان لەكاركردن بەرداوە.
لەماوەی سێ مانگی رابردوو، لیرەی سوریا نزیكەی لە 15%ی نرخی خۆی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە. پێشتر 950 هەزار بۆ یەك ملیۆن لیرە بەرامبەر 100 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا یەك ملیۆن و 150 هەزار بەرامبەر 100 دۆلارە.
تائێستا حكومەتی دیمەشق نەیتوانیوە مانگانە موچەی فەرمانبەرانی دابینبكات. بەشێك لەفەرمانبەران موچەكانیان بەرزكراوەتەوە بۆ مانگانە نزیكەی 100 دۆلارو بەشێكیشیان تائێستا ئەو بەرزكردنەوەیە نەیگرتوونەتەوە، تائێستا موچەكانیان هەر 20 دۆلارێكە.
بەپێی قسەی نیزال شەعار وەزیری ئابوریی لەحوكمڕانیی نوێی دیمەشق، رێژەی بێكاریی لەناو گەنجان و نەوەی نوێ گەیشتۆتە نزیكەی لە 60% ، واتە بەنزیكەی 2.7 ملیۆن گەنج نەخوێندەوارن و هیچ كارێكیش نازانن. ئەم رێژەیەش وێرانكەرەو مێژووی سوریا بەخۆیەوەی نەبینیوە.
بزوتنی بازرگانیی زۆر سست و لاوازە، لەمیدیاكان باس لەجێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوەدانیی دەكرێت لەلایەن وڵاتانی كەنداو بەتایبەتیش سعودیەو ئیمارات، بەڵام لەراستیدا شتێكی هەستپێكراو نییەو تەنها قسەیە، ئەمە سەرباری سەرهەڵدانی گەندەڵییەكی زۆر بەناوی جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوەدانیی لەلایەن كەسە نزیكەكانی ئەحمەد شەرع. لەماوەی چەند مانگی رابردوو میدیاكان ناوی جەمال شەرع برای ئەحمەد شەرعیان دەهێنا گوایە ئەو سەرپەرشتی تۆڕێكی تایبەت دەكات لەناو حكومەت بێئەوەی هیچ وەزیفەیەكی لەدەوڵەت هەبێت.
دیمەنی ئێستای دیمەشق وەك سەردەمی رژێمی دیكتاتۆری بەعس نییە. پێشتر رژێمێكی دیكتاتۆری شۆڤینیی حوكمڕان بوو، ئێستا بێسەروبەرییەكی زۆرو ناڕۆشنیەكی زۆر لەحوكمڕانیی هەیە، تابلۆی سیاسی و حوكمڕانیی دیار نییە ئەمە جگە لەبەرتەسككردنەوەی زیاتری ئازادییەكان بەتایبەت ئازادییە شەخسیەكان.
جگە لەگروپە چەكدارەكانی ژێر چەتری دەستەی تەحریری شام (هەتەش) هیچ حزبێكی كاریگەری سیاسی لەدیمەشق نییە، رەنگە چەند ناو ناونیشانێك بەناوی حزب یان كۆمەڵە هەبن، زۆربەیان ئەو حزبە كارتۆنیانەن كە توركیا یان وڵاتانی كەناو دروستیان كردوون و ریشەیان نییە. ئەو گروپە نوێیانەی لەگەڵ روخانی بەشار ئەسەد هاتوون، ژمارەیەكی زۆر بنكەو بارەگایان كردۆتەوەو وەك بارەگای گروپی سیاسی دەردەكەون، بەڵام چەكدارن و لەزۆربەی شوێنەكان ئەركی پاراستنی ئەمنیەتیان گرتۆتە ئەستۆو لەباتی حكومەت بڕیار دەدەن.
10 مانگە رژێمی بەشار ئەسەد رووخاوە، بەڵام تائێستا سوپای سوریا وەك دامەزراوە بوونی نییە! ئەوەی هەیە ژمارەیەك گروپی چەكدارن و هەریەكەیان لەناوچەیەكی دیاریكراو بەبەرگی سەریازیی ئەركی پاراستنی ناوچەكانیان پێ سپێردراوە، ئەمە سەرباری لەوەی چەندین ناوچەو هەرێمی جیاواز لەسوریا لەژێر كۆنترۆڵی رژێمی نوێی دیمەشدا نین.
ناوچەكانی باكوری حەلەب لەژێر كۆنترۆڵی ئەو هێزو گروپە چەكدارە توندڕەوانەن كە توركیا پشتیوانیان دەكات ناویان لەخۆناوە سوپای نیشتیمانی سوریا، ناوچەی دروزەكان كە دەكەوێتە باشوری دیمەشق بەتایبەتیش پارێزگای سوەیداو دەوروبەری، هاوكات باكورو رۆژهەڵاتی سوریا یان رۆژهەڵاتی فورات بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە كەلەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانیی دەكرێت.
لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئەحمەد شەرع وەزارەتی بەرگریی هەیە، بەڵام سوپای نیزامیی نییە، بەڵكو ژمارەیەك گروپی هەن و هەر گروپێك یان چەند گروپێك پاراستنی ئاسایشی ناوچەیەكی دیاریكراویان پێسپێردراوەو تەنها چەكی سوك و مامناوەندیان هەیە، چونكە ئیسرائیل رێگەیان پێنادات. هەریەكێك لەو گروپە چەكدارانە لەناوچەكانیان دەیان بازگەیان دامەزراندووەو بنكەو بارەگای خۆیان لەوناوچانە دامەزراندووە.
دیمەشق و گوندەواری دیمەشق و ئیدلب و باكوری رۆژئاوای سوریاو حەما لەلایەن هێزەكانی نزیك ئەحمەد شەرع لەدەستەی تەحریری شام كۆنترۆڵی ئەمنی كراوە.
هەروەك پارێزگای حمس و بەری رۆژئاوای فورات لەپارێزگای رەققە و چەند ناوچەیەكی گوندەواری حەماو چەند ناوچەیەكی ئیدلب لەلایەن چەند هێزێكی وەك سوپای ئیسلام و سوپای عززە كۆنترۆڵكراوە. ناوەندی پارێزگای درێرزۆر كە دەكەوێتە رۆژئاوای فورات رادەستی گروپی ئەحرار شام كراوە.
جگە لەوەی تائێستا سوپایەكی نیزامیی حكومەت نییە، چەند سەرچاوەیەك دووپاتیدەكەنەوە كە بەشێك لەو گروپانە وەك پێویست پابەندی بڕیارەكانی ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق نین بەتایبەت لەناوچەكانی درعاو لەغۆتەو دۆما. پابەند نەبوونەكە روون نییە، بەڵام پێدەچێت جیاوازیی لە تێگەیشتن و بۆچوونی ئاینی كاریگەری لەسەر پابەندی ئەو گروپانە هەبێت بە ئەحمەد شەرع وەك حاكمی نوێی سوریا.
ئەم بارودۆخەی سوریا لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 5ی ئۆكتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەڕێوەبچێت، بێئەوەی ئەم هەڵبژاردنە تەواوی رۆژهەڵاتی فورات و ناوچەی دروزەكان و ناوچەكانی باكوری حەلەب بگرێتەوە. بڕیارە لەم هەڵبژاردنە كە چاودێران پێیانوایە كارتۆنییە، بەتەنها ئەحمەد شەرع لەكۆی 210 ئەندامی پەرلەمان 70 ئەندامیان بەدامەزراندن لەپەرلەمان دابنێت و 140یشیان بەهەڵبژاردن بێنە پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدا هیچ كێبڕكێیەكی حزبیی یان سیاسی نییە! بۆیە پێدەچێت هەڵبژاردنەكە تەنها وەك رێوڕەسمێكی شكلیی بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بەپەیوەندی حكومەتی نوێی دیمەشق لەگەڵ پێكهاتەكان، تائێستا ئاڵۆزییەكی زۆر هەیە. پەیوەندی ئەحمەد شەرع لەگەڵ دروزەكان دوای ئەو كۆمەڵكوژییەی سوەیدا وەكخۆی بەئاڵۆزیی ماوەتەوە هەر ئاڵۆزە. ئێستا حكومەتی دیمەشق لەپارێزگای سوەیداو دەوروبەری هیچ رۆڵێكی نییەو دروزەكان هێزی چەكداریان دروستكردووەو ئامادەنین بێنە ژێر ركێفی دیمەشق.
سەبارەت بەعەلەوییەكان دوای ئەو كۆمەڵكوژییەی لەلایەن دەستەی تەحریری شام و گروپە چەكدارەكان كرا، ماوەیەكە كەمێك بێدەنگە. ئەمە سەرباری دڵەڕاوكێیەكی زۆری ئەمنی لەناوچكە. ئەم ماوەیە وەفدی چەند وڵاتێكی ئەوروپا بەنهێنی لەگەڵ شێخ و ریش سپیانی عەلەوییەكان لە لازقیەو تەرتوس كۆبونەتەوە، بەتایبەت بەریتانیەكان لەچەند رۆژی رابردوو وەفدێكیان لەقامیشلۆوە هاتنە رۆژئاوای فورات و لەگەڵ چەند شێخێكی عەلەویی كۆبونەوە. پێدەچێت هەوڵێك هەبێت تاوەكو فشارەكانی سەر ئەو پێكهاتەیە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی دیمەشق كەمبكرێتەوەو لەمەودوا عەلەوییەكانیش رۆڵیان پێبدرێت چونكە تائێستا هێزی چەكداریان نییە بۆیە رووبەرووی توندو تیژیی زۆر بوونەتەوە.
سەبارەت بەكورد، تائێستا پێشكەوتن لەگفتوگۆی نێوان رێڤەبەری خۆسەر یاخود هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەبووە، ، بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی چارەسەری پرسی كورد لەسوریا گۆڕانێكی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە. بەشێوەیەكی كردارەكی گفتوگۆكان وەستاون، بەڵكو هەست بەگرژیی دەكرێت لەنێوان هەردولا.
بەپێی زانیاریی ورد، دەروازەكانی هاتووچۆی نێوان رۆژهەڵاتی فورات و دیمەشق یان نێوان هەرێمی رۆژئاواو دیمەشق لەلایەن دەسەڵاتداران سوریا زۆر توندكراوەو هاتن و چوون سنورداربووە. بەپێی هەندێ زانیاریی و لێكدانەوەی لێدوانەكانی توركیاو سوریا، پێدەچێت تا كۆتایی ئەمساڵ لەژێر فشاری توركیا گرژییەكی سەربازیی لەنێوان رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق دروستببێت، واتە شەڕێكی سنوردار لەنێوان هەردولا دروست ببێت بەبیانووی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی 10 ئاداری نێوان مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع حاكمی نوێی دیمەشق، بۆیە دەبینین ماوەیەكە لەناوچەكانی دێر حافرو لەناوچەكانی دەوروبەری دێرزۆر شەڕو پێكدادان و گرژیی دروستدەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بارودۆخێكی گرژتر، بەڵام پێدەچێت درێژە نەكێشێت.
لەهەمووی جێی سەرنجتر، تائێستا رێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق سەبارەت بەخوێندن لەناوچەكانی ژێر ركێفی هێزەكانی سوریای دیموكرات یان باكوری رۆژهەڵاتی فورات نەگەیشتوونەتە رێككەوتن كە ماوەی دوو هەفتەیە دەوام دەستیپێكردووە، بەڵام لەوڵامی ئیعتیرافنەكردن یان دانپێدانەنانی دیمەشق بەزمان و خوێندنی كوردی، رێڤەبەری خۆسەر بڕیاری راگرتنی خوێندنی لەتەواوی خوێندنگەكانی (دەوڵەت) یان ئەو خوێندنگایانەی سەر بەدیمەشقن داوە.
كێشەو ناكۆكی نێوان رێڤەبەری خۆسەرو دیمەشق سەبارەت بەخوێندن سێ پرسی سەرەكییە. یەكەمیان؛ رێڤەبەری پێداگرە لەسەر داننان بەزمانی كوردی و خوێندن بەزمانی كوردی، دووەمیشیان رێككەوتن لەسەر مەنهەجی خوێندن بەشێوەیەكی گشتیی كە مەبەست لێی وانەكانی جوگرافیاو مێژوو هەروەها وانە مرۆییەكانە. سێیەمیشیان؛ داننان بەبڕوانامەی خوێندنگاكانی سەر بەرێڤەبەری خۆسەر كە ئێستا دەوام دەكەن و پێكردووەو بەردەوامە.
.