ڕێککەوتنی سێقۆڵی نێوان؛ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانی بواری نەوت و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی کاتژمێر (٦) ی سەرلەبەیانی ٢٧ ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتەوە بازاڕەکانی وزە لە دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە) بە کورتی ئەمەی خوارەوە ڕەهەندو ماناو لێکەوتەکانییەتی:
یەکەم/ تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچوێندرێت؛ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی نەوت هەموو کاتێک ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە' بۆچی ئەم یاسایە دەرناچوێندرێت، چۆن یاسایەک دەربچێت لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە؟ (لە ڕابردوو باسمان کردوە).
دوەم/ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرەتای ئەزموون و وەرچەرخانێکی کاریگەرە لە پرسی هایدرۆکاربۆن (هایدرۆکاربۆن نەک وزە) دا، چوونکە پێشووتر بەغدا زۆر بێمنەتی نیشان دەدا بەرانبەر نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، وەزیری نەوت "حەیان عەبدولغەنی" بەئاشکرا و ڕووبەڕوو پێی وتین؛ ئێمە نەوتی خۆمان وەک خۆی هەناردە دەکەین، ئەوەشی کە لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە دەخەینە بەر ئەو بڕەی کە "ئۆپیک پڵەس" پابەندی کردووین کەمتر بخەینە بازاڕەوە. سەرەتایەکی کاریگەرە چوونکە لانی کەم سێ مووچە گەرەنتی دەکات (سێ مووچە واتا سێ تریلیۆن دینار؛ ئەمە بۆ بازاڕ گرینگە)، سەرەتایەکی گەورەیە چوونکە دەکرێت ئەو نەوتەی بڕیارە لە کەرکوک بی پی-BP بە ڕێژەی (٦٥٠ هەزار لە ڕۆژێکدا) بەرهەمی بهێنێت هەر بەم بۆڕییەی هەرێمی کوردستاندا هەناردە بکرێت بۆ بەندەری جەیهان لەسەر دەریای سپی.
سێهەم/ هەناردەکردنی نەوت پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان خێراتر دەکات، لە ئێستا (٢٨٠- ٢٩٠ هەزار بەرمیلە) لەتوانادایە لەماوەی (٤) مانگدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بگاتەوە (٤٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار لە ڕۆژێکدا).
چوارەم/ نەوتەکە نەوتی هەرێمی کوردستانە؛ کوالێتی نەوتی هەرێمی کوردستان دیارە کە سووک و مامناوەندییە؛ کڕیارەکان و پاڵێوگە گەورەکانی جیهان عەوداڵ و کڕیاری بێ چەندوچوونی ئەم کوالێتی نەوتەن، بەتایبەتی ئەو جۆرە نەوتەی لە کەرکوک هەیە بۆ وڵاتانی خۆرئاواو جیهان یەکاویەکە.
پێنجەم/ ماوەیەکی زۆرە خەزێنەی ئەمریکا هۆشداری و سزای خەڵکی جۆراوجۆر دەدات کە نەوتی ئێران تێکەڵ بە نەوتی عێراق دەکرێت و "ئەوراق" و مامەڵەی سۆمۆ و عێراقییانەی بۆ درووست دەکرێت؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕزگارکەرێکی باشی سۆمۆ بوو لە سزاکانی ئیدارەی ئەمریکا. هەروەها عێراق کەموکورتییەکی گەورەی هەیە کە تەنها یەک دەرچەی هەیە ئەویش کەنداوی بەسرەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، ئەو نەوتەی کە بە ڕێژەی (٩٩.٢٪) سەرچاوەی داهاتی گشتی عێراقە؛ بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان عێراق دەرگای بۆ هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردن بۆ دەکرێتەوە.
شەشەم/ پەیوەست بە کۆمپانیاکان، بەپێی چاودێرییەکانی ئێمە لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا کە ڕێککەوتنەکە هاتۆتە ئاراوە، بەڕێژەی جیاجیا هەشت کۆمپانیای وەبەرههێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان بەهای پشکەکانیان لە بۆرسەدا بەرزبۆتەوە؛ ئەمە بۆ کۆمپانیایەکی وەکو دی ئێن ئۆ (DNO) و هێچ کەی ئێن ئێن (HKN) و گۆڵف کیستۆن بەهادارە، وادەکات لە شوێنی دیکەش کاری هاوشێوە وەربگرن یان کارەکانی دیکەیان کە لە شوێنی دیکە هەیانە بەرز ڕابگیرێت. جگە لەوەش وادەردەکەوێت کۆمپانیاکان لە هەندێک حاڵەتدا لەبری پارە "نەوت"یان بدرێتێ لەبری وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان، ئەمەش قازانجی ئەوانە؛ بەتایبەتی نەوتێک کە "سۆمۆ" و دەوڵەتی عێراق بیفرۆشن بە بەردەوامی (١٥ بۆ ٢١ $ دۆلار) گرانترە لەوەی کە هەرێمی کوردستان خۆی بچێت بە-بازاڕیی بکات.
حەوتەم/ تێچووی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان و بەبازاڕکردنی کەمترە بە ڕادەی (٢٨٪) لەچاو هەناردەکردنی لە بەندەری بەسرەوە، چوونکە نیزیکترە، کڕیارەکانی سەر بەندەرەکانی دەریای سپی ناوەڕاست زیاتر ئەوروپین نەک ئاسیایی، باوەڕپێکراوترن، مەترسیی ئەمنی و جیۆپۆڵەتیکییان کەمترە. بۆ نموونە؛ لەمکاتەدا کەشتییەک لە بەندەری خۆر زوبەیری بەسرەوە بەڕێ بکەوێ دەبێت بچێتە تەنگەی هورمز و کەنداوی عومان، لەوێوە پێچ بخواتەوە بەرەو سەرەوە بەئاڕاستەی ئەفریکاو دەریای سوور؛ ئەمە هەم زۆر دوورە، هەم مەترسیی زۆرترە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی غەزەو ململانێکان لەگەڵ ئێران و حووسییەکان.
هەشتەم/ ڕاستە سۆمۆ چاودێریی دەکات و بە بازاڕیی دەکات، بەڵام کۆنترۆڵی پرۆسەکە هەر لە ژێر ناوی "کوردستان" دایە. لەماوەی (٤٨) کاتژمێردا سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕاوێژکارەکانی، زۆربەی ئەو پەرلەمانتارە عەرەبە عێراقییانەی دژی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەم ڕێککەوتنەیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سۆمۆ بە "مێژوویی" ناوبرد؛ بەڵام کێ ڕێگربوو لەوەی ئەوان چەندین ساڵی پێشوو ڕێککەوتنێکی وەها بکەن، و بۆچی نەیانکرد لە کاتێکدا دەیانتوانی؟!
نۆیەم/ ڕێککەوتنێکی وەها، دەبێت هانی هەرێمی کوردستان بدات بە هەڵەکانی ڕابردوودا بچێتەوە، سادەترین شت ئەوەیە بە تێگەیشتنەکانی ڕابردوو ئایندە بەڕێوە نەبات! چوونکە ئەمریکا زۆر تووڕە دەکات، ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانی کردوە نابێت بێمنەتی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لە هەرێمی کوردستان؛ دامەزراوەی بەهێز درووست بکرێت و مەعریفەی قووڵیش لە پشتییەوە بوەستێت. بەپێچەوانەوە دوای ساڵێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن حکومەت لە هەرێمەکەدا پێک نەهاتوەو، لەبری یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەسەر جادەوبان دەبابەو چەکی پێشکەوتوو ببیندرێ کە حیزبەکان شەڕە-گەڕەکی پێدەکەن، ئەمە خراپە! ئەمە دەرفەتێکە دەشێت عێراق بەتەواوی ناچار بکات بۆ گازی سرووشتیش هەمان مامەڵە بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان (تا ئەوکاتەی کە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەردەچوێندرێت- کە نادیارەو زەحمەتە). زیاتر لەوەش ئەمە هێرشی سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی سەر هەرێم ناهێڵێت یان کەمتر دەکاتەوە، چوونکە بکرێت بێ سێ و دوو دیارە کێیەو باجەکەی دەدات.
دەیەم/ عێراق رۆژانە لە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان نیزیکەی (سێ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار دۆلار)ی دەستدەکەوێت؛ ئەمە بۆ ئەو باشە کەهەندێ جار دەڵێت پارەی "کاش"مان لەبەردەست نییە، ئەگەر لەحاڵەتێکی وادا دەست ببات بۆ ئەو یەدەگەی لە بانکی ناوەندیی هەیەتی، ئەوا بەهای دراوی عێراقی دادەبەزێت. ڕەنگە بڵێن ئەمە دۆلارە نەک دینار! ئەمە وانەیەکی گرینگ بیری هەردوولا (بەغداو هەرێم) دەخاتەوە؛ دەبێت وەکو ئەو ستراتیجەی کە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ماوەی دەیەیەکە دەستی داوەتێ؛ سیاسەتی کەمکردنەوەی پشت بەستن بە نەوت، لەبری ئەوە پشت بە وەبەرهێنان دەبەستن لە؛ بازاڕی دارایی و دامەزراوەدا (Financial Market& Institutions)، پشتبەستن بە وزەی نوێبوەوە (سوود لە چین وەربگرن)، پشت بەستن بە کەرتی گەشتیاریی. ستراتیجێکی لەو شێوەیە دەتوانێت لە ئایندەدا هەرێمی کوردستان سەرتر بخات و لەمەترسییەکان دوورتری بخاتەوە.
یانزەیەم/ هەر جۆگەلەو کەناڵێک بچێتەوە سەر دەریای سپی (مێدیتریانە) بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بە بێ سێ و دوو ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل پێشوازیی لێدەکەن و لە گیانیان خۆشە، ئەوەش هۆکاری زۆر- زۆرە؛ سەرەکیترینیان بازاڕی وزەی جیهانیی سەقامگیرتر دەکات. بەڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ئایاری ٢٠٢٣ دا نرخی نەوت بەرزبویەوە، بەهەناردەکردنەوەشی کاریگەری ماناداری خۆی دادەنات، بەتایبەت لە ئێستادا جیهان پێی خستۆتە ناو زستانێکی سەختەوە.
دوانزەیەم/ ئەم دووبارە هەناردەکردنەوەیەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دداننان (ئیعتراف) کردنە بە گرێبەستەکانی کە هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کردوویەتی. هاوکات ئەو هێڵی بۆڕییەشی کە هەرێم لە خۆرمەڵەوە بەرەو فیشخابوور لە (٢٠١٤) ڕایکێشاوە ددانی پیانرا. تورکیاش لە ژێر سمێڵەوە پێدەکەنێت و دۆخەکەی پێ خۆشە؛ چوونکە باج وەردەگرێت (هەقی خۆشییەتی) لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە هێڵێکی بەنیزیکەی (٦٠٠کم) بەناو وڵاتەکەیدا ڕاكێشاوە و دەیپارێزێت، خۆ ئەمە بۆ ئەوە بونیاد نەنراوە هەوای پێدا بڕوات!
بەکورتی، ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی سێ مانگە، هەرێمی کوردستان نابێت یەک کاتژمێر کات لە دەست بدات بۆ ئەوەی بەباشی سوود لەدەرفەتەکە وەربگرێت، ئەوەی دەرفەتەکە گەورەتر و ئایندە گەرەنتی تر دەکات؛ ئەوەیە هەرێم لە پاڵ سۆمۆ وە برەو بەدیبلۆماسییەتی خۆی بدات، جیهانیانە بیربکاتەوە، ناوچەییانە هەڵسوکەوت بکات. سەرپێخستنی دامەزراوەی جۆراوجۆر و ئامادەیی مەعریفەیەک کە لە ڕۆحی سەردەمەکە تێ بگات، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە، وە سەرچاوەکانی ئابوریی و دارایی، ئەوخاڵانەن کە بە خوولەکیش نابێت لە بیر بکرێن.