دواین هەواڵ

ئەو خاڵە گرنگەی لە كۆبوونەوەی ترەمپ و ئەردۆغان كەس باسی نەكرد

‌كارزان گلی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

یەكەم:
كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەییب ئەردۆغان، دەنگدانەوەی زۆری لە توركیا و جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لە توركیا رەخنەیەكی زۆری لێگیرا. كۆبونەوەكە گرنگییەكی زۆری بۆ هەردوو وڵات هەبوو، بەڵام ئەوەندەی بازرگانی بوو سیاسی نەبوو.

ترەمپ، لەبارەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئاماژەی دا، چوار ساڵ منیان دوور خستەوە، لەوماوەیەی كە دوورخرابوومەوە، ئێمە لەگەڵ ئەردۆغاندا هەر هاوڕێ بووین و پەیوەندیمان باش بووە.

زیاتر گوتی: ”كاتێك نەكرامەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ساختەكاری لە هەڵبژاردندا كرابوو، ئەردۆغان لە هەموو كەس زیاتر دەزانێت هەڵبژاردنی ساختەكاری چۆنە.“
ئەم گوتەیەی ترەمپ دەنگدانەوەی گەورەی لە توركیا بەدوای خۆیدا هێنا، ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن، ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە، تۆ لە هەڵبژاردندا باش ساختەكاری دەكەیت، بۆیە لێی تێدەگەیت، هەروەها باس لەوەش دەكەن، ترەمپ ویستویەتی لەبەردەم هەموو دونیا بە ئەردۆغان بڵێت سەرۆكێكی بە ساختەكاری هاتوویتەتە سەر كورسی.

دەبێت بزانین ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، ساختەكاری نەكرد و بەدەنگی ئاكەپە و مەهەپە و كورد لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دانیشت، رەنگە مەبەستی ترەمپ، دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بێت، كە ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغانە و ئێستا خراوەتە زیندان، واتە ترەمپ مەبەستی هەڵبژاردنی داهاتووی توركیایە، نەك پێشووتر.

دووەم:
كەس باسی نەكرد و زۆریش گرنگە، یۆنان ئەو وڵاتە بوو لە نزیكەوە چاودێری كۆبوونەوەكەی دەكرد، تیمێكی گەورە وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە ئەمریكا بوونە و چاودێری كۆبوونەوەكەیان كردووە، چونكە نایانەوێت توركیا لەڕووی سەربازییەوە بگاتە ئاستێكی باڵا.

ئەمریكا و یۆنان، بەرژەوەندی زۆریان لەگەڵ یەكتریدا هەیە، تەنانەت وڵاتانی ئەورووپا، بەردەوام پشتگیری یۆنان بوونە دژی توركیا، بۆیە كاتێك باس لەوە دەكرێت ٣٠٠ فڕۆكەی جەنگی بفرۆشرێتە توركیا، بەبێ یۆنان و بەرژەوەندی ئاساییشی یۆنان ئەو كارە ناكرێت، واتە هەرگیز ئەمریكا رێككەوتنی زەبەڵاحی سەربازی لەگەڵ توركیادا ناكات، چونكە یۆنان قبوڵی ناكات و بەردەوام توركیا بەمەترسی بۆ سەر خاكەكەی دەزانێت.

هەر بۆ زانیاریتان، ئەمریكا رێگەی داوە یۆنان ببێتە خاوەنی مووشەكی بەرگری ئێس ٤٠٠، بەڵام ریگە بە توركیا نادات ئەو سیستەمەی هەبێت، ئەگەرچی بە چوار ملیار دۆلار لە رووسیاشی كڕیوە، بەڵام ناتوانێت بەكاری بهێنێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP