دواین هەواڵ

عێراق بەرەو کوێ؟

‌رابەر تەڵعەت

19 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق لە دوڕیانی وەرچەرخاندایە. کاریگەریی ئێران رووەو لاوازییە. میلیشیاکان بۆ یەکەمجارە لە شەڕێکی وەک (١٢ رۆژەی ئێران – ئیسرائیل)دا بێدەنگ دەبن! واتا؛ بیر لەخۆیان دەکەنەوە، و مەرج نیە بۆ هەمیشە گوێڕایەڵی ئێران بن. رووداوەکەی سەیدییە؛ شەڕی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و پۆلیس، و کاردانەوەی توندوی خەڵک، شەقام و مەرجەعییەت بەرامبەر بەم هێزە، نیشانەی ئەوەیە خەڵک لە میلیشیا بێزار و ماندووە و مەیلی بۆ لای گێڕانەوەی هێزە بۆ دەوڵەت.  

ستراتیژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر عێراق؛ بەکارهێنانی فشاری ئابوورییە لەبری هێز. یاسای حەشدی شەعبی تەحەدداو تاقیکردنەوەیەکی گرنگە لەبەردەم عیراقدا؛ ئەگەر یاساکە تێبپەڕێنرێت، لەوانەیە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقەوە بگەڕێتەوە دۆخی بەهێزیی خۆی، ئەگەر شکست بخوات، رەنگە ئێران لە عێراق کۆتایی بێت! هەڵبژاردنی نۆڤەمبەر، ركابەرییەکی گەورەیە لەنێوان چەک و بەرەی داکۆکیکاری داماڵینی چەک! ئاماژەکان دەڵێن عێراق لە دەروازی وەرچەرخانێکی دیکەی سیاسیدا وەستاوە، بەڵام روون نیە! ئەوەی کە دیارە ئەوەیە هەژموونی بەرەی مقاوەمە – مەیدانی مانۆڕی ئێران – لەبەردەم ئاڵەنگاریدایە. واقعێکی سیاسی و مەیدانی تازە لە دروستبووندایە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە چ شکڵ و شێوەیەک بەخۆوە دەگرێت!    

سێبەری ئێران:
  ئەو دەستە باڵایەی ئێران ساڵانێک بوو سیاسەتی عێراقی ئاراستە دەکرد، وردە وردە کز دەبێت. پێشهاتە سیاسییە خێراکانی ئەم دواییە، لەپاڵ فشارە نێودەوڵەتییەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو بەرەی مقاوەمە، وایکردووە تاران لە دۆخی بەرگریدا بێت نەک هێرشبردن. لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و گۆڕانی هاوکێشەکان، وایکردووە عێراق لە گرنگترین کارتی ستراتیژیی ئێرانەوە، خەریکە ببێتە گەورەترین سەرئێشەی ناوچەیی بۆی. ئەم پاشەکشەیە رەنگە دەرفەتێک بۆ ئەکتەرە سیاسییە عێراقییەکان بڕەخسێنێت تا سیاسەتێکی سەربەخۆتر پەیڕەو بکەن، لە هەمان کاتدا بۆشاییەک دروست دەکات، ڕەنگە ناجێگیریی زیاتری لێبکەوێتەوە.  

مانەوە لە ناڕوونیدا: 
  دیمەنەکە ڕوون نییە. عێراق لە نێوان چەکوشی میلیشیا و مەترسی نەفرەتی ستراتیژی ئەمریکادا ماوەتەوە، لە کاتێکدا سێبەری ئێران کورت دەبێتەوە! ئەمە دۆخێکی "ناڕوونی ستراتیژی" دروست دەکات تیایدا هیچ هێزێک ناتوانێت بەتەواوی زاڵ بێت. وڵاتەکە لەبەردەم لەدایکبوونێکی نوێی پڕ لە ئازار، یان مانەوە لە گێژاوێکی ناجێگیریی بەردەوامدایە. ئایندەی عێراق لەسەر تەنافێکی باریک یاری دەکات، و هەر لەرینەوەیەک دەتوانێت هاوسەنگیی تەواوی ناوچەکە تێکبدات. 

رابەر تەڵعەت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP