دواین هەواڵ

زیرەکی دەستکرد: شمشێرە دوودەمەکەی چین

‌ئەرسەلان تۆفیق

23 کاتژمێر پێش ئێستا

بەشى سێیەم 
زیرەکی دەستکرد: شمشێرە دوودەمەکەی چین
پوختەى بەشى سێیەم:
کورتکراوەى ئەم بەشە بۆ ئەوانەى کە تاقەتى خوێندنەوەى درێژیان نییە:
1- زیرەکی دەستکرد لە چین دەستى خستووەتە نێو هەموو کایەکانى ژیان و جومگە هەستیارەکانى پێ ئاراستە دەکرێت.
2- چین لە پلانى 25 ساڵەیدا واتە لە 2023 بۆ 2048 دەیەوێت زیرەکی دەستکرد بباتە ئاستێک کە خەیاڵی ئێستاى ئێمە نەتوانێت دەرکی بکات، تەنها یەک زانیاریی بچووک لەو بارەیەوە: لە یەک خولەکدا سەد هەزار ئیمێل دەچێتە نێو سیستمی رێگەى ئاسنین و دواى خوێندنەوە و شیکارکردنیان، ئەوەى پێویستى بە وەڵام بێت بە خێرایی وەڵامیان دەداتەوەز
3- وەک شارەزایانى چینى باسی دەکەن لە ئێستادا دەنگ و رەنگ و هونەر و سینەما و مێژوو و تەنانەت پزیشکیش خەریکە لە لایەن ئەو وڵاتەوە کۆنترۆڵدەکرێت.
4- رۆژئاواییەکان زیرەکی دەستکردی چین بە لەمپەری بەردەم ئازدییە تاکەکەسییەکانى مرۆڤ و دروستکردنى بێکاریی ناودێنن، بەڵام ئەوانیش وەڵامی خۆیان هەیە.

درێژەى بابەتەکە:

زیرەکی دەستکر چییە؟
زیرەکی دەستکرد (AI) لقێکی فراوانی زانستی کۆمپیوتەرە کە تێیدا ئامێر و سیستەمەکان بە شێوەیەک پەرەیان پێدەدرێت کە بتوانن هاوشێوەی مرۆڤ کارەکان بە شێوەیەکی زیرەک ئەنجام بدەن، ئەم تەکنەلۆژیایە هەوڵدەدات توانای بیرکردنەوە و فێربوون بدات بە کۆمپیوتەرەکان، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا تواناى دەرکی کۆمەڵایەتى و هەست و سوزیی نیە، ئامانجی سەرەکی دروستکردنی سیستەمێکە کە بتوانێت وەک مرۆڤ بیربکاتەوە، بڕیاربدات و کێشەکان چارەسەر بکات، توانای فێربوونیان هەیە لە ڕێگەی داتا و ئەزموونەوە، ئەمەش وایان لێدەکات بە تێپەڕبوونی کات کارەکانیان باشتر ئەنجام بدەن.
ئەوەى تا ئێستا لەو بارەیەوە بۆمان ئاشکرا بووە، زیرەکی دەستکرد لە بوارە جیاوازەکاندا بەکاردێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکی دیاریکراو وەک ناسینەوەی دەنگ و وێنە، وەرگێڕانی زمان، شیکردنەوەی داتا و یاری کردن.

مێژوویەکی کورت:
زاراوەی "زیرەکی دەستکرد" بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ لە کۆلێژێکی ئەمریکی بەکارهێنراوە،  بیرۆکەکە لە سەرەتادا بریتی بوو لە دروستکردنی کۆمپیوتەرێک کە توانای بیرکردنەوەی هەبێت،  هەرچەندە لە سەرەتادا پێشکەوتنەکان خاو بوون، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، زیرەکی دەستکرد گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە زۆرێک لە کایەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاردەهێنرێت و چین لەو بوارەدا لە پێشەنگەکانە.

بوارەکانى بەکارهێنانەکانی زیرەکی دەستکرد:
لە بوارى پەروەردەدا بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران و مامۆستایان لە پرۆسەی فێربووندا، باشترکردنی ئەنجامەکانی گەڕان، پێشنیارکردنی ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتیدانى بەکاربەران لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و پەرەپێدانی چارەسەری نوێ. لەبوارى پیشەسازی: ئۆتۆماتیکیکردنی کارەکان و زیادکردنی کارایی، لە بوارى هونەر و موزیکیشدا رۆڵێکی سەرەکی هەیە.

خەونى چینییەکان:
زیرەکی دەستکرد (AI) بووەتە بزوێنەرێکی سەرەکی لە هەڵکشانی خێرای چین بەرەو پێگەیەکی جیهانیی پێشەنگ، ڕۆڵێکی گشتگیر دەگێڕێت لە داڕشتنەوەی ئابووری، حوکمڕانی و کۆمەڵگەدا. ئەم تەکنەلۆژیایە لەلایەن پەکینەوە وەک دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ تێپەڕاندنی ڕکابەرەکانی و بەدیهێنانی "خەونی چینی" سەیر دەکرێت. هەڵسەنگاندنی ئەم ڕۆڵە فرەڕەهەندە، وێنەیەکی ئاڵۆز نمایش دەکات کە لە لایەکەوە گەشەسەندن و داهێنانی بێوێنە نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانییەکی قووڵ لەبارەی چاودێری و مافەکانی مرۆڤەوە دەوروژێنێت و بەشێکى زۆر پێیان وایە هەستى مرۆڤایەتى دەکاتە رابوردوو، بێکارییەکی بێشومار دەخوڵقێنێت.

بزوێنەری گەشەی ئابووری و داهێنان
حکومەتی چین بە شێوەیەکی ستراتیژی وەبەرهێنانی گەورەی لە زیرەکی دەستکرددا کردووە، بە ئامانجی بوون بە پێشەنگی جیهان لەم بوارەدا تا ساڵی ٢٠٣٠ دەبێتە شتێک نەمێنێتەوە ئەو وڵاتە تیایدا سەرکەوتوو پێشەنگ نەبێت. ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی گەشەیەکی بەرچاو لە کەرتی تەکنەلۆژیای وڵاتەکەدا. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک هواوی، عەلی بابا و تێنسێنت، بوونەتە پێشەنگی جیهانی لە بوارەکانی وەک تەکنەلۆژیای 5G، بازرگانی ئەلیکترۆنی و زیرەکی دەستکرد.

یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی ئەم پێشکەوتنە، پەرەپێدانی چاتبۆتی "DeepSeek"ە کە ڕکابەرییەکی جیددی بۆ مۆدێلەکانی ڕۆژئاوایی وەک ChatGPT دروستکردووە، ئەم مۆدێلە نەک تەنها لە بواری بیرکاری و پڕۆگرامسازیدا توانای بەرزی نیشانداوە، بەڵکو وەک بەشێک لە ستراتیژی چین بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا سەیر دەکرێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەى لە بنەڕەتەوە کێ بەرکێ

ئامرازی حوکمڕانی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی
حکومەتی چین زیرەکی دەستکرد وەک ئامرازێکی کارا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و چاودێریکردنی هاوڵاتیان بەکاردەهێنێت. یەکێک لە دیارترین نموونەکانی ئەم بەکارهێنانە، "سیستەمی کرێدیتی کۆمەڵایەتی"یە. هەرچەندە زانیارییە وردەکان لەبارەی ئەم سیستەمەوە سنووردارن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پشت بە کۆکردنەوەی داتای بەرفراوانی هاوڵاتیان دەبەستێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە، لەوانە تۆمارە داراییەکان، چالاکییە ئۆنلاینەکان و کامێراکانی چاودێری. پاشان زیرەکی دەستکرد بەکاردێت بۆ شیکردنەوەی ئەم داتایانە و پۆلێنکردنی هاوڵاتیان لەسەر بنەمای "متمانەپێکراوی"یان.
ئەو کەسانەی کە خاڵی بەرزیان هەیە، لەوانەیە خەڵات بکرێن و دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان ئاسانتر بێت، تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شارەکانی چیندا جێگیرکراوە، ڕۆڵێکی سەرەکی لەم سیستەمەدا دەگێڕێت بەتایبەتى بۆ کەمکردنەوەى رێژەى تاوان و سەرپێچى و کاری دژە دەوڵەت و نالەبار.

نیگەرانییەکان و ڕەخنەکان:
بەکارهێنانی بەرفراوانی زیرەکی دەستکرد لەلایەن حکومەتی چینەوە، نیگەرانییەکی زۆری لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە، بەتایبەتی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکانەوە. ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی کرێدیتی کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاکانی چاودێری، دەبنە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی چاودێریکراو (surveillance state) کە تێیدا حکومەت دەسەڵاتێکی بێسنووری بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەڵام بەرپرسانى چین باس لەوەدەکەن ئەوانە قسەى ئەو کەسانەن کە تواناى پێڕاگەیشتنى پێشکەوتنەکانى چینیان نییە، ئەگینا قەدەغەکراو و تابۆکانى ئەوان ئەگەر لەوانەى چین زیاتر نەبن کەمتر نین، ئەوەى لە چین بکرێت بە یاسا دەکرێت و هەموو وڵاتێکیش ئازادە چ جۆرە یاسایەک پەیڕەو دەکات بە مەرجێک پێچەوانە نەیەتەوە لەگەڵ ئادابە گشتییەکان و یاسا بەرکارە جیهانییەکان.

دەرەنجام:
لە کۆتاییدا، دەتوانرێت بگوترێت کە زیرەکی دەستکرد شمشێرێکی دوودەمە لە دەستی چیندا، بەکارهێنەرانى دەزانن چۆن بەکاریدەهێنن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە. هاوسەنگی نێوان سوودە ئابووری و ستراتیژییەکانی زیرەکی دەستکرد و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم چین و جیهان لە داهاتوودا. چۆنیەتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە، نەک تەنها کاریگەری لەسەر داهاتووی خۆی دەبێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا و حوکمڕانی لەسەر ئاستی جیهانیشدا دەبێت.

چەند تێبنییەکى بچووک: 
1- ئەوانەى لە رۆڵ و کاریگەرییەکانى داهاتووی زیرەکی دەستکرد بەباشی تێنەگەشتوون، لە ئێستاوە لە کوردستان باس لە (مەترسییەکانى ئەی ئای) دەکرێت نەک (سەرەتایەکى زانستى بۆ رێگەیەکى دوور)، لەبەر ئەوەى کۆمەڵگەى ئێمە نەریتییە و پێمان وایە کێشەى کۆمەڵایەتیمان بۆ دروستدەکات و وێنە و گرتەى ڤیدۆی ناشایستەمان بۆ دروستدەکرێت... 

2- ئەوەى کە تا ئێستا کراوە شتگەلێکن لەو بابەتە و بەشێکى تری خەریکە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەڕوان، بۆیە ئەرکی رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و شارەزایانى بوارەکەیە پەرە بەو بابەتە بدەن و بیخە خزمەتى رەوتی پێشکەوتنەکانەوە تا هێندەى تردوانەکەوین و نەبینە (شەلەى دواى کاروان).

3- لەبارەى زیرەکی دەستکرد و ژانرەکانى رۆژنامەوانیی (بەتایبەتى کارەکانى تەلەفزیۆن) وانەیەک و لەبارەى نەوەى پێنجەمیشەوە وانەیەکى دیکەمان بە شێوەى تیۆری خوێند و تیایدا کۆمەڵێک زیانیاریمان وەرگرت، بە نیشاندانى چەندین گرتە ڤیدۆییش بۆیان سەلماندین چ کاریگەرییەکیان هەیە لەسەر میدیاى بینراو و بیستراو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP