وەک چاوەڕوان دەکرا ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکەوە، جۆری هاتنی ڕەنگە ببێت بە مۆدێل بۆ ئامادەیی و بەشداری ئەمریکا لە دونیادا لە داهاتودا، پاشان زیاتر ڕونی دەکەینەوە.
سەرەتا با لە پرۆسەکەوە دەست پێبکەین. دیارە کرۆکی پرۆسەکە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەتی بی دوو بوو. هەموو کاتی لێدانەکە تەنها ٢٥ خولەک بوو. بەڵام فڕۆکەکان لە مسورییەوە لە ناوەڕواستی ئەمریکاوە پاش ٣٧ کاتژمێر فڕین و بەنزینکردن لە ئاسمان گەشتنە ناوچەکە.
فڕۆکە بی دووەکان تەنها نەبوون، هەموو پۆلە فڕۆکەکە کە گەشتە ئاسمانی ئێران بوون بە ١٢٥ فڕۆکە، کە تەنها حەوتیان بی دوو بوو ئەوانی تر هەموو هاوکاربوون. کە پێکهاتبون لە جامەر، لە گەڵ ئێف ٢٢ ٢ ئێف ٣٥ کە لە ناوچەکی کەنداوەوە بوون بە هاوەڵیان.
هاوکات بە ئەمانە لە ژێردەریاییەوە تۆماهۆکیش بەکارهێنرا.
پاش هێرشەکە ئێستا قۆناغی بەدەستهێنانی زانیاری و لێکۆڵینەوەیە. ناوەندەکانی ئینتلیجینس بە دوای هەموو جۆرە زانیارییەکەوەن لەوانە زانیاری وینەیی بە هۆی تەکنەلۆجیای باڵاوە لە ئاسمانەوە، سایبەر، سەرچاوەی مرۆیی، لە گەڵ سیگنال، کە بریتیە لە بەکارهێنانی زانیاری لە ڕادار و جۆرە پەیوەندییە سەربازییەکانی تر، هەروەها زانیاری لە سەرچاوەی کراوەوە. پاش بە دەستهێنانی داتاکان، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییان دەکرێت.
هەندێک خەسڵەت لێرەدا گرنگن ئاماژەی پێبدرێت، کە ڕەنگە ببن بە بنەمای مۆدێلی نوێی ئامادەیی ئەمریکا لە دونیادا.
یەکەم، ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە خۆی وەک بەشداربوی شەڕ نەناساند، جۆرێک لە دووری لە هەڵوێستیدا هەبوو، بەشی زۆری ئەمە بە هۆکاری ناوەوەیە. پاڵنەرەکانی زۆرن، بەڵام ئاڵۆزن. ئاماژەن بۆ وەرچەرخانی خواستی زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆڵی وڵاتەکەیان لە دونیادا.
دووەم، ئەمریکا ئەو کارەی کرد کە بە ئیسرائیل نەدەکرا و بەبێ ئەو لێدانە هەموو شەڕەکە مانایاکی تری دەبوو. بەو مانایە ئەمریکا دەستپێشخەرنیە بەڵکو تەواوکەرە. ئەوەی کارەکان دەکات پێش هاتنی ئەو هاوپەیمانەکانیەتی. یان لە ڕاستیدا ڕەنگە ئێمە لە سەردەمی هاوپەیمانی، کە سەردەمی جەنگی سارد و پاش جەنگی سارد بوو بگوێزینەوە بۆ سەردەمی پرۆکسی. لە ڕابوردودا ئەمریکا چونکە بایەخی بە بەها و بازاڕ و سیستەمی حوکمڕانی و بوارە مرۆییەکان دەدا، لە سەر بنەمای هاوپەیمانی کاری دەکرد. بەڵام لەمەودوا بایەخ بەو بوارانە نادات بۆیە سەردەمی هاوپەیمانی تەواو بوو.
سێیەم، لە قۆناغی پرۆکسیدا، دەبێت وڵاتەکان خۆیان توانای ڕۆڵ بینینیان هەبێت، پاشان ئەمریکا دەتوانێت سودیان لێببینێت و تەواوکەریان بێت، بۆیە ئەمە وەها دەکات کە هێزە ئیقلیمیەکان ڕۆڵیان زیاتر بێت.
پاش ئێستا چی دەبێت؟
خراپ نابێت ئەگەر بە خێرایی ڕەگی ئێستا دیاری بکەین. ئەمریکاییەکان پاش بەریتانییەکان هاتن بۆ کەنداو. ئەو ڕۆژگارە زۆر سەرقاڵی ڤێتنام بوون. بۆیە بە دوای پارتنەرێکدا دەگەران لە ناوچەکە هەتا لە جیاتی ئەوان کارەکانیان بۆ بکات. ئەمە کرۆکی عەقیدەی نیکسۆن بوو. نیکسۆن، کە کەمێک سەرشێت بوو بەڵام بە ئاستی ترەمپ نا، لە سەعەدئاباد لە گەڵ شادا کۆبوەوە. وەک چۆن ترەمپ هەموو چەکێکی پێشکەوتوی بە کەنداو فڕۆشت، ئەویش وەها پێشکەوتوترین چەکی ئەمریکی بە ئێران فرۆشت و داوای لە شا کرد کە بیپارێزێت. شا خواخوای پرسێکی وەهای بوو، چونکە دەمێک بوو بە دەست خەونی باڵایەتی لە ناوچەکە دەیناڵاند. شا پشتیوانی ئەمریکی وەک هاوپەیمانی بێسنور لێکدایەوە، هەروەها بروای وەهابوو کە حوکمکردن تەنها بە زەبر دەکرێت، بۆیە سەرکوتکردن و دەستوەردان بوو بە بەشێک لە سیاسەتی. دەرئەنجامەکەی هاتنی خومەینی بوو.
هاتنی خومەینی عێراقی کردە ئەکتەری ئیقلیمی و داردەستی ڕۆژئاوا بۆ هاوسەنگی ئێران. ئیتر چیرۆکەکە زانراوە، شەڕی کوێت و هاتنی پارێزەرە نوێکان و خەونی باڵایی ئەمریکا لە ڕێگای سەرباز و دیموکراسییەوە. بە هاتنی ئۆباما گۆرانکاریی ڕویدا، ئۆباما لای وەهابوو کە کرۆکی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێلەکی و تایفییە، دیارە ئەوان چەمکی ترایب بۆ هەردووکیان بەکاردەبەن. پەیوەندی خێڵەکی یانی پەیوەندییەکی ناعەقڵانی.
بۆیە ئۆباما بڕوای بەوە نەبوو کە ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت، ئەوەی دەکرێت بێتە دی تەنها هودنەیەکە، ئەویش لە ڕێگای هاوسەنگکردنی شیعە و سوننەوە بەرامبەر یەکتر.
ئەمە بوە هۆکاری باڵایی ئێران لە ناوچەکە بە شێوەیەک کە خۆشیان باوەڕیان پێی نەدەکرد. ئەمە بوە مایەی نیگەرانی کەندا و ئیسرائیل، کە دژ بە ڕێکەوتنامەکە وەستانەوەو داوای ئەوپەڕی فشاریان کرد. پاش ئۆباما ترەمپ هات پشتیوانی بەرەی ئیسرائیل و کەنداوی کرد و لە ئەنجامدا سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری بەکارهێنا.
ئێران لەم میانەدا فێری خویەک بووبوو، کە وەهای دەبینی ئەمریکا تەنها ئابلۆقە و هەڕەشە دەکات هیچ هەنگاوێکی کرداریی نانوێنێت. بۆیە زیاتر بەرەو کشان و فشار هەنگاوی دەنا. بۆ نمونە کاتێک ئێران لە سعودیەی دا، ئەمریکا هیچی نەکرد، کاتێک لە عێراق پاش ڕیفراندۆم کوردیان قەتیسکردەوە، ئەمریکا بێلایەن بوو.
هەموو ئەمانە لە پاشخانی حەوتی ئۆکتۆبەر بوون. پاش ئەوە ناوچەک وەرچەرخا. ئێستا ئەمریکا دەچێتە قۆناغی ئیمپراتۆریەت بە پرۆکسی یانی سعودیە (کەنداو)، ئیسرائیل، لە گەڵ تورکیادا حوکمی ناوچەکە بکەن.
لەم ڕوانگەیەوە دەبێت ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی بونی نەمێنێت. ئەمەش پێویست دەکات عەقیدەی ئێرانی بگۆڕدرێت، تواناکانی و ئامرازەکانی لە ناوبچن، ئایا ئەمە دەبێت مایەی گۆڕینی ڕژێم یان پەڕ و باڵ کردنی؟؟