دواین هەواڵ

شیکردنەوەیەک بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە روانگەی زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

‌زوبێر ڕەسووڵ

14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر سەیری شرۆڤە و لێکدانەوەکانی شەڕی ئیسرائیل -ئێران بکەین لە میدیا و سۆشیال میدیای کوردی، بە دەگمەن ئاماژەیەک دەبینین لای شرۆڤەکاران کە لە رووی زانستیەوە پشتئەستوربێت بە تیۆرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، نەک هەر ئەوە بەڵکو بەشێکی زۆری خەڵک نازانن کە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوارێکی زانستین، وەک زانستەکانی تری ئابوری و سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی...تاد لە زانکۆکاندا دەخوێندرێن. هەڵبەتە من هەرگیز مەبەستم ئەوە نییە کە ئەکادیمییەکان باشتر دەتوانن شرۆڤەی پرسە سیاسیەکان بکەن لە کەسانێک کە خولیای خوێندنەوەی سیاسییان هەیە، بە تایبەت کە بواری زانستی سیاسەت زیاتر پەیوەستە بە خولیا و چاودێری روودەوەکان و خوێندنەوەی بەردەوام، کە ئەمە لە ئاستی توانای ئەکادیمی زانکۆکانیش لاوازە. بۆیە بە پێویستم زانی بە کورتی چەند زانیارییەکی سەرەتایی لەسەر ئەم پرسە بخەمە بەردەست خوێنەران.
هەڵبەتە ئەگەر لە رووی زانستی سیاسی و تیۆرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بڕوانینە ململانێی ئێران و ئیسرائیل دەتوانین لە روانگەی کۆمەڵیک تیۆرەوە شرۆڤەی بۆ بکەین، ئینجا ئەمە چ لە ئاستی ستراکچەریستەکانی وەک کینز والتز بێت، یان ریالستی هێرشبەرانەی جۆن مێرشایمەر، یانیش تیۆرە ئاساییشیەکان.
سەرەتا گرنگە لەوە تێبگەین کە لە رووی ستراتیژییەوە، ئیسرائیل دۆکترینی "بەرپەرچدانەوەی چۆنایەتی"ی (qualitative deterrence) پەیڕەو دەکات، واتە بەهێزبوون لەسەر بنەمای باڵادەستی تەکنەلۆژی و سەربازی لە ئاستێکی پێشکەوتوو کە بتوانێت قەرەبووی پێگەی جیوگرافی و دیمۆگرافی ئیسرائیل بکەتەوە، بەو پێیەی ئیسرائیل وڵاتێکی بچووکە هەم لە رووی رووبەرەوە، هەمیش لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە.
هەرچی تایبەتە بە دۆکترینی ئێران: ئێران ستراتیژی "بەرگری لە قووڵایی"دا defense in depth” پەیڕەو دەکات. واتا ئێران پشت دەبەستێت بە پرۆکسییە ناوچەییەکانی وەک حەماس حزبواللە و حوسیەکان و میلیشیاکانی عێراق. جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی دەیوت: "ئێمە لە سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان شەڕ دەکەین بۆ ئەوەی لەوێوە بەرگری لە سنوورەکانی ئێران بکەین" ، ئەگینا دەبێت لە ناو ئێراندا شەڕ بکەین. هەڵبەتە ئێستا ئێران ئەو توانایەیی تا ئاستێکی زۆر لەدەستداوە.
شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە روانگەی تیۆرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی تیۆری کۆمەڵەی ئاساییشی هەرێمی ( regional security complex) کە هەریەکە لە باری بوزان و ئۆلی ویڤەر پەرەیان پێداوە روونتر دەردەکەوێت. ئەم تیۆرە وای دەبینیت کە، کۆمەڵەی ئاسایشی ناوچەیی "بریتییە لە کۆمەڵێک یەکە (دەوڵەت) کە تێڕوانین و نیگەرانییە ئەمنییە سەرەکییەکانیان ئەوەندە بەیەکەوە گرێدراون کە کێشەکانی ئاسایشی نیشتمانییان بە شێوەیەکی کرداری ناتوانرێت لە یەکتر جیابکرێتەوە شیبکرێنەوە یان چارەسەر بکرێن”. بۆیە هەمیشە بۆ پاراستنی ئاساییشی خۆیان پشت دەبەستن بە چاودێریکردنی وڵاتی دووەم.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵین کە ئیسرائیل لە دوو ئاستدا ئێران بە هەڕەشە دەبێنێت: یەک، لە ئاستی پەرەپیدانی تەکنەلۆجیای ناوکی، کە ئەمە هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆسەر ئاساییشی ئیسرائیل. دوو، لە رێگای مەترسی پڕۆکسیەکان، یان ئەوەی پێ دەلێن بەرەی مقاوەمە بۆ دەورەدانی ئیسرائیل و هەموو ئەو هێزە هەرێمییانەی کە بەربەستن لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران. بۆیە ئیسرائیل سەرەتا بە لێدان لە ستراتیژی ئێران دەستی پێ کرد، وەک ستراتیژیستی چینی (سان تزو) لە پەرتوکی هونەری جەنگ دەڵێت، بۆ گورز وەشاندن لە دوژمن پێویستە سەرەتا ستراتیژەکەی تێکبشکێنی. ئیسرائیل سەرەتا لە پرۆکسیەکانی ئێران دەستی پێکرد، بە حزبواللە حەماس و حوسییەکان و تا روخاندنی رژێمی ئەسەد. لە ئاستی دووەمیش دەستی کرد بە لێدان لە توانای چەکی ناوەکی ئێران. ئەم دوو پرسە خاڵی سەرەکی هەژموونی ئێرانن لە ناوچەکەو جیهاندا، ئێران بەبێ پرۆکسیەکان و چەکی ئەتۆمی ئێرانێکە ئەستەمە بتوانێت بەردەوام بێت وەک هێزێکی هەرێمی فراوانخواز لە ناوچەکەدا. ئەمە واتا تێکشکاندنی هەژموونی هەرێمی و ئایدۆلۆژیی ئێران، کە ستونێکی سەرەکی مانەوەی رژێمی ئێران بووە تاوەکو ئێستاش.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دروستی تێزی جۆن میرشایمەر لەبارەی ڕیالیزمی هێرشبەرانە پشتڕاست دەکاتەوە. مێرشایمەر دەڵیت "هێزە گەورەکان هەمیشە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بەسەر ڕکابەرەکانیاندا، هەژموون وەک ئامانجی کۆتایی خۆیان سەیر دەکەن." (Mearsheimer, 2001) . بۆیە ئیسرائیل لەبەردەم هەڕەشەیەکی وجودیی لە لایەن ئێران، کردەوەی خۆپارێزی (هێرشبەرانە) هەڵبژارد نەک چاوەڕوانی پاسیڤ، بۆ ئەوەی بزانێت ئێران چی بەسەر دێت.
هێرشەکانی ئیسرائیل بە ئەگەرێکی زۆرە دەکرێت سەرەتای خاڵێکی وەرچەرخان بن لە هاوسەنگی هێز ( balance of power) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەپێی تیۆری هاوسەنگی هێز کە لەلایەن کینێس والتزەوە پەرەی پێدراوە: “سیاسەتی هاوسەنگی هێز لە شوێنێکدا زاڵ دەبێت کە دوو مەرج هەبێت: ١) کە سیستمەکە (ئۆردەر) ئەنارکی (ئاژاوە) بێت و ئەو یەکانەی تر (ولاتانی دراوسێ) مەیلی مانەوەیان هەبێت و نەیەنە ناو شەرەکە .” (Waltz, 1979). ئەم دوو مەرجە هەردوکیان لە ئێستادا هەن.
لەم روانگەیەوە دەکرێت بڵین کە ئەم شەڕە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان، یاخود سیستمێکی هەرێمی نوێ ( New regional order) بێنێتە کایەوە، کە دەکرێت چەند لێکەوتەیەکەی هەبێت، بەڵام من باسی دوو لێکەوتەی پەیوەندار بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم:
١/ بەهێزکردنەوەی بەرەی سوننە لە ناوچەکەدا: لە بەردەوامی هەڕەشەکانی ئێران، وڵاتانی کەنداو دەکرێت زیاتر لە ئیسرائیل نزیکببنەوە بەتایبەت ئەگەر بگاتە ئاستی شەڕێکی کراوە، بە تایبەتریش ئەگەر ئێران لاواز بێت. ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی لاوازبوونی شیعەکانی عێراقیش تا ئەو ئاستەی سوننەکانی عیراق و ناوچەکە هەوڵبدەن شیعەکانی عێراق لە دەسەڵات لابەرن، بۆ نموونە لە ٢٠١٤ ئەگەر ئێران و ئەمریکا نەبان داعش کۆتایی بە حوکمی شیعەکانی عێراق هێنابوو. روخانی رژێمی ئەسەد دەرگای زیاتری بە رووی ئەو بیرکردنەوەیە لای سوننەکان کردۆتەوە.
پتەوکردنی میحوەری شیعە: ئێران دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەهێزتر بکات و بەدوای هاوبەشی نوێشدا بگەڕێت، هەڵبەتە ئەگەر ئێران بە سەرکەوتووی لەو جەنگە دەربچێت، خۆ ئەگەر واشنەبێت، دواجار شیعەکانی عێراق ناچارن بەرگری لە ئێران بکەن، بە تایبەت ئەگەر ئێران گەیشتە ئاستی تەنگاویی و پێویستی، ئەوا شیعەکانی ناوچەکە ئەگەر بە لاوازییش بێت پاڵپشتی لە ئێران دەکەن.
هەڵبەتە، پێشتر تێگەیشتنێک هەبوو لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە دەستەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەتوانێت سەقامگیری سیاسی بێنێتەکایەوە، وەک میکانزمێک بۆ هاوسەنگی هێز؛ بەڵام وەک سکۆت ساگان تێبینی دەکات: “تەشەنەکردنی چەکی ئەتۆمی لە راستیدا زیاتر دەبێتە هۆی شەڕی خۆپارێزی نەک ڕێگرییەکی سەقامگیر stable deterrence . لەم سۆنگەیەوە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی هەوڵی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لە لایەن وڵاتانی تریش بە تایبەت، سعودیە و تورکیاش دێنێتە رۆژەف، چونکە ئەو دوو وڵاتە لەبەرامبەر ئێران و ئیسرائیل کە دوو هێزی هەرێمین، هەست بە لاوازی دەکەن وەک دوو هێزی هەرێمی لە هەمان کۆمەڵەی ئاساییشی هەرێمییدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP