دواین هەواڵ

شەڕی دەروونی ، تابووری پێنج ، ناپاکیی !!

‌محەمەد خۆشناو

13 کاتژمێر پێش ئێستا

             من پێم سەیرە چۆن خیانەتکاران دەتوانن
            خیانەت بکەن…مرۆڤ چۆن خیانەت لە
           وڵاتەکەی دەکات ، ئەگەر خیانەتی لە مانای
          بوون کردبێت ، چۆن دەتوانێت خیانەت بکات ؟
                             بەدر شاکر سیاب 
بەرەی ناوخۆی هەر وڵاتێک بڕبڕەی پشتی گەلەکەیەتی بەتایبەتی لەکاتی جەنگ  یان کاتێک بەروەڕووی هەڕەشەی وجودی دەبێتەوە ، لەبەری ناوخۆدا « تابووری پێنجەم » وەک ئامرازێکی سیخوڕی و شەڕی دەروونی بۆ تێکدانی روحی مەعنەوی  گەل و لەرزاندنی متمانە بە سەرکردایەتی و دامەزراوەکان دەکەوێتەگەڕ…. لەجەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل-دا جەنگێکی دەروونی و ڕاگەیاندنی تووند لەنێوان هەردوولادا هەیە و تابووری پێنجەمیش لە کاردایە ، پێش و پاش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە ئامێری جەنگی دەروونی دەستیکرد بە تۆقاندنی بەرانبەرەکەی ، بەدرێژایی مێژوو جەنگی دەروونی هەبووە و لەسەردەمی نوێدا فراوانتر بووە ، جەنگی دەروونی زۆرێک زاراوە دەگرێتەوە : جەنگی سارد ، جەنگی بیروهزر ، جەنگی ئایدۆلۆژی ، جەنگی ئەعساب ، کە ئێستا هەردوولا بەکاریدەهێنن ، زاراوەی  شێری هەڵکشاو « الاسد الصاعد » ئیسرائیل ئەو ناوەی بۆ لێدانی قوڵایی ئێران بەکاریهێنا ، « بەڵێنی ڕاستگۆ - الوعد الصادق » ئێران بۆ لێدانی تەلئەبیب بە موشەکی بالیستی بەکاریهێنا ، کە ئەمەش گوزارشتە لە بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژیانە ، هەردوو زاراوە لە مەرجەعیاتی ئایینی هەر لایەکیان وەرگیراوە ، ئیسرائیل شێری هەڵکشاو لە تەورات  و ئێران - یش زاراوەکە پەیوەست بە مەهدی چاوەڕوانکراو « مهدی المنتظر » کە نازناوی ئیمام مەهدی-ە وەرگرتووە ، بەڵام لەهەمووی مەترسیدارتر بۆ هەر وڵاتێک بریتیە لە خیانەتکردن لە نیشتیمان ، نیشتیمان رەحمی یەکەمی مرۆڤە ، ژینگە و وجود و سۆزی ئەبەدیە و ، ئەوەی ناپاکی لەگەڵ بکات واتە مرۆڤایەتی خۆی سەربڕی ، هیچ خراپەیەک لە خیانەت گەورەتر نیە ، بەڵام چەقۆ لێدان لە پشتەوە بەئازارە و ، غەدکردن لەلایەن خۆشەویستان زۆر تاڵە ، ئەمانە هەمووی خانەکانی مێشک دەوروژێنێت بۆ بیرکردنەوە لە پاڵنەرەکەی و هۆکارەکانی و پاساوەکانی  بەتایبەتی خیانەتکردن کە بە نیشانەی پرسیاری گەورە کۆتایی دێت  !! ئەمانە لەو جەنگەی ئێستای ئێران و ئیسرائیل بەدیدەکەین ، بەتایبەتی ڕۆلی سیخورەکان لە ئێران لە کوشتنی فەرماندە سەربازی و زانا ئەتۆمیەکان ، بەڵام دەپرسین کە هۆکاری ئەو هەموو سیخورە کە ئامادەبن بۆ ناپاکی چیە ؟ ئایا بەهۆی هەژاریە ؟ ئایا هەرتەنها لایەنی مادییە ؟ پرسیارەکە ئاڵۆزە ، بەڵام ئەوەی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران - نمان خوێندبێتەوە یان گوێمان لێبووە  ئەوەیە کە ئێران خاکێکی بەپیتە بۆ سیخوڕ و تابوری پێنجەم ، چونکە لەناوخۆی ئەو وڵاتە موعارەزە نیە و ، هەر وڵاتێک بیرۆکەی مەترسیدار لە دەروونی هاوڵاتی جێگیر بکات کە خۆی لەوە دەبینێتەوە کە نیشتیمان بریتیە لە تەنها نیزامی دەسەڵاتدار ، ئاسایش ئاسایشی ئەوە و ، بەرژەوەندی بەزەڕورەت بەرژەوەندی ئەوە ، ئەوا ئەو وڵاتە کراوە دەبێت بۆ کاری سیخوڕی .
ڕژێمە تۆتالیتاریەکان منداڵەکانیان لەسەر ئەرکبوونی ملکەچی و گوێڕایەلی تەواو و تەسلیمبوون بۆ هەموو ئەوەی دەسەڵات دەیکات پەروەردەدەکەن و ، هەر لەچرکەساتی یەکەمدا دەیخاتە ناو یەک  تاکە خانە ، وایلێدەکات یەک دەنگی گوێلێبیت و یەک ڕەنگ ببینێت و یەک ڕا و ،  ئەو ڕژێمە واشدەبینێت کە جگە لەمانە خیانەتکردنە ، هەموو ئەمانە بەر کارەساتی غیابی فرەیی دەکەون و ، ئەمەش وادەکات کەسەکە خلیسک ببات بەرەو کوفرکردن بە نیشتیمان ، ئەو وڵاتانەی کە بە ئازاری دابڵۆساندن و زۆرەملێ و سەرککوتکردندا دەڕۆن ، مرۆڤەکە توانایی لەسەر هەڵبژاردنی دەسەڵادارەکەی لەدەست دەدا ، جا کاتێک ڕایەکەی سەرکووت بکرێت و ، هەڵبژاردنەکانی بسڕێنەوە و مافەکانی پێشێلبکرێت و ، کەڕامەتی ووردوخاش بکرێت ، ئەوکاتە ئەو مرۆڤە هەست بە تووڕەییەکی تۆڵەسەندنێکی کوێرانە و تەماننای ئەوە دەکات کە دیواری ماڵەکە بەسەر هەموو ئەوانەی لەناوین بکەوێت ، بۆیە خیانەتکاران بەیەک پاڵنەر خیانەت دەکەن ئەویش تۆڵەسەندنەوەی کوێرانەیە… مێژوو پێمان دەڵێت کە بەرەی ناوخۆ کلیلی سەرکەوتنە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP