لە کاتێکدا ئەم شەڕە چاوەڕوانکرابوو، بەڵام چەندین ڕەهەندی چاوەڕوان نەکراوی تیادایە،
لە کاتێکدا ئەم شەڕە لە باڵاترین ئاستی تەکنەلۆجی و ژیریی دەستکرد و بەشداری بەشی هەرە زۆری کۆمپانیا گەورەکانی ئەو بوارە وەک مایکرۆسۆفت و گوگل و ئەمەزۆن و سیسکۆ و زۆری تر بەڵام هێشتا ڕەهەندی مرۆیی تیادا ئامادەییەکی بەرچاوی هەیە، لە ڕاستیدا دەکرێت قسە لە سەر جۆرێک لە پرۆسەی موتوربەکردن بکەین لە نێوان توانای مرۆیی تەقلیدی و توانای تەکنەلۆجی. لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکان هەتا ئیسماعیل هەنییە، ئێسرائیل ئەوەی دەرخست کە توانای بۆ ئەنجامدانی کاری کوشتن لە دەرەوەی خەیاڵە.
ڕەهەند مرۆوییەکە چەند جۆرە، لەوانە، ڕەهەندی کەلتوریی، ئێران بەو پەڕی غرورەوە مامەڵە لە گەڵ ئیسرائیلدا دەکات، لە ڕاستیدا ئێران چەند هەست بە ئیهانە دەکات بە دەست لێدانەکانەوە، هێندە زیاتر هەست بە ئیهانە دەکات کە ئیسرائیل بە تەنها لێیدەدات. ئێران چاوەڕوان بوو، هەروەها حەزی دەکرد کە ئەمریکا لێیبدات، چونکە خۆی بەبەرابەری ئەمریکا دەبینێت.
ئەمە دەروازەی ئەو سەردەمە دەکاتەوە کە ئەمریکا باڵادەستی خۆی لە ڕێگای ئەوانیترەوە پیادە دەکات نەل خۆی، ئیمپراتۆریەت لە ڕێگای پرۆکسیەوە، وەک گاوس ناوی دەنێت.
ئەم غرورە بەرامبەر ئەوانیتریش پیادە دەکرێت، ئێرانیەکان مامەڵەیان لە گەڵ کورد و عەرەب و ئەوانیتر ئەوپەڕیی باڵاییە. ئەم گەلانە وەها دەبینن کە دەبێت حوکمیان بکەن. وەک فایەق شێخ عەلی دەڵێت عەرەبی عێراقی بە پیس دەبینن.
دیارە ئەمە گرێیەکی دەرونی قوڵە بەرامبەر عەرەب کە چەندین سەدە حوکمیان کردوون. ئێرانی نوێ دەبێت ئەم گرێ دەرونیانەی چارەسەر بکات، بەڵام ئاماژەکان پێچەوانەن. ناسیونالیزمی ئێرانی زۆر پوچەڵتر و مەغرور ترە.
ئەم دیدە مایەی غافڵگیریی بوو، چونکە لە سەر ئەم بنەمایە وەهای بیر دەکردەوە کاتێک ئەمریکا و ئێران لە دانوستاندا گڕگنێکی وەک ئیسرائیل ناتوانێت شەڕ دەست پێبکات.
ڕەهەندی سیاسی: کە دێتە سەر شەڕ چەندێک توانای سەربازی گرنگە هێندە جۆری ڕژێمی سیاسی. بۆچی ئیسرائیل دەتوانێت لە دڵی سیستەمی ئێرانیدا هاوکاری هەبێت، چونکە ڕژێمەکە نەیاری ناوەکی زۆرە. ئەم دیاردەیە دەچێتە هەناو پەیوەندی خەڵک و حکومەت. ئەوەی نوخبەی سیاسی ئێرانی لە مۆدێلی شاوە فێربوون، ئەوەیە کە تەنها بە توندتیژی دەتوانی بمێنیتەوە. بەڵام توندوتیژی ناتوانێت شەرعیەت و ڕەزامەندی و هاوبەشی دروست بکات. بۆیە ئیسرائیل کێشەی نیە کە لە ناو ئێراندا تەڕاتێن بکات. ئەمە دەبێت بنەمای نەمانی متمانە کە گەورەترین لێدانە لە جۆری سیستەمەکە، لە دۆخێکی وەهادا هەموو کەس هەڵگری پوتێنشالی خیانەتە.
ڕەهەندی جیوپۆلەتیکی. لە هەناو پرۆسەی ئەتۆمی ئێراندا دووفاقیەک هەیە، لە کاتێکدا ئێران دەڵێت چەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە، وەک وزە و بوارەکانی تر بەکاردەهێنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا ئامانجی سەرەکی ڕژێمەکە مەرگە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل. ئایا چۆن دەتوانرێت ئەم دووانە پێکەوە بگونجێنرێت؟ کاتێک تۆ ئامانجت کۆتاییهێنانی ڕژێمێکە کە خاوەن چەکی ئەتۆمیە، بەڵام خۆت وەها دەبیتە خاوەن چەکی ئەتۆمی بەڵام بەکاری ناهێنی. ئەستەمە ئەم خیتابە جێگای باوەڕ بێت.