دواین هەواڵ

ڕێککەوتنەکەی عەبدی و شەرع جێبەجێبکرێت براوە کورد دەبێت

‌شوان حەمە

2 رۆژ پێش ئێستا

ڕێکەوتنی نووسراو و واژۆکراوی نێوان جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی سەرکردەی هێزەکا ی سوریای دیموکرات و سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا ئەحمەد شەرع، ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کورد لە سوریا براوەیەکی گەورە دەبێت!

رێکەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە، لێرە بە کوردی دەیانووسمەوە:

١. گەرەنتی مافی سورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دەزگا و دەمەزراوەکانی دەوڵەت، لەسەر بنەمانی توانا، بە بێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی ئاینی و ئیتنیکی.

٢. کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە. دەوڵەتی سوری گەرەنتی مافیان دەکات لە هاوڵاتیبوون و تەواوی مافە دەستورییەکان.

٣. ئاگربەست لەسەر ئاستی هەموو سوریا.

٤. یەکخستنی تەواوی دەزگا مەدەنی و سەربازییەکان لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا، لە چوارچیوەی دەوڵەتی سوری بە دەروازە سنوورییەکان فڕۆکەخانە و بیرە نەوتی و گازییەکانەوە.

٥. گەرەنتی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی سوریا بۆ زێدی خۆیان و مسۆگەرکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سوریاوە.

٦. پشتیوانی دەوڵەتی سوریا لە قەڵاچۆکردنی پاشماوەکانی رژێمی ئەسەد و ئەو هەڕەشانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی و یەکگرتوویی وڵات دادەنێت.

٧. ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی دابەشکردن و گوتاری ڕق و درووستکردنی ئاشوب لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سوریدا.

٨. لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێکەوتنە تا پێش کۆتایی ئەم ساڵ.

ئەگەر ڕێکەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کورد لە سوریا سێ دەستکەوتی دەبێت.

یەکەم:  لە خاڵی سێی ڕێکەتنەکەدا هاتووە: ئاگربەست لەسەر ئاستی هەموو سوریا. بە واتایەکی تر هێرشەکانی تورکیا و گرووپە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانی سەر بە میت، بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە و مەسەدە ڕادەوەستێت.

دووەم: لە خاڵی پێنجدا هاتووە "گەرەنتی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی سوریا بۆ زێدی خۆیان مسۆگەرکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سوریا". ئەم خاڵە دەیان هەزار ئاوارەی کورد دەگەڕێنێتەوە سەر زێدی خۆیان، لەوانەش خەڵکی شاری عەفرین ناوچەکانی تر.

سێیەم: گرنگترین و گەورەترین دەستکەوت بۆ کورد لە سوریا. خاڵی دووەمی ڕێکەوتنەکەیە " کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە. دەوڵەتی سوری گەرەنتی مافیان دەکات لە هاوڵاتیبوون و تەواوی مافە دەستورییەکان" 

ئەم خاڵە دەستکەوتێکی مێژوویی زۆر گەورە و گرنگە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی کورد لە ڕۆژەهاڵاتی ناوەڕاست دادەنێت.

ئەو خاڵانەی لە بەرژەوەندی کورد نین، یان تا ئێستا ڕوون نین!

یەکەم: لە خاڵی یەکەمدا هاتووە "گەرەنتی مافی سورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دەزگا و دەمەزراوگەکانی دەوڵەت، لەسەر بنەمانی توانا، بە بێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی ئاینی و ئیتنیکی"

دوا دێڕی خاڵی یەکەم ئاماژەیەکە بۆ مۆدێلێکی جیاواز لە سیستمی سیاسی و نوێنەرایەتی عێراق و باشووری کوردستان. واتا کورد لە سوریا وەک پێکهاتە لە دەزگا حکومی و دەوڵەتییەکاندا، پێگە و پۆستی فەرمی بۆ دیاری نەکراوە، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەیە.

دووەم: لە خاڵی چواردا هاتووە "یەکخستنی تەواوی دەزگا مەدەنی و سەربازییەکان لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا، لە چوارچیوەی دەوڵەتی سوری، بە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و بیرە نەوتی و گازییەکان".

لەم خاڵەدا ڕوون نییە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک یەکەیەکی سەربازی تێکەڵ بە سوپای سوریا دەبن، یان وەک تاک بەسەر سوپادا دابەش دەکرێن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP