بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم : ئیعترافکردن بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا... تێکەڵکردن نەک حەلکردن... کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو هێزانەیان دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون هەیە بەڵام بەلاوازی. بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ.. لە عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی ۱۰ مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی عێراق. بەڵام لە سوریا ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی و ئابوورییەوە. هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا. بەڵام لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی شای لا مەبەست بوو. بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە ۱۱ی ئازاری ۱۹۷۰ ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا ۱۰ی ئازاری ۲۰۲٥ واتا پەنجاوپێنج ساڵی پڕ لە ڕووداو جیاوازی تەمەنیانە.