١. ئەوەی لە ميدياکان بڵاوکراوەتەوە، ڕێککەوتنەکە هەشت خاڵ لەخۆ دەگریت. زۆربەی خاڵی گشتين، بۆ جێبەجێکردنیان کات و گفتوگۆ و چەندين هەنگاوی تری دەوێت. لەوانەیە چەندين ڕێککەوتنی تری لێ بکەوێتەوە، لەوانەیە هەر زوو هەڵبوەشێتەوە.
٢. جۆلانی لە دوای کووشتار و کارە تيرۆريستييەکانی لە ناوچەی عەلەوييەکان، جۆرێک لە فشاری نێودەوڵەتی لەسەر درووست بوو. دەبوو هەنگاوێکی مەدەنی و دبلۆماسی ئەنجامبدات، ئيمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەم رۆژەدا، پەيوەندييەکی بەوەوە هەیە.
٣. خاڵی سێيەمی ڕێککەوتنەکە ئاماژەیە بە وەستاندنی شەڕ لە سەرانسەری سووريا. ئەگەر جێبەجێ بکرێت، گرنگ و بەسوودە بۆ رۆژئاوای کوردستان. ئێستا ئەرکی جۆلانييە داوا لە تورکيا و ميليشياکانی بکات شەڕ و هێرشەکانيان ڕابگرن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
٤. خاڵی دووەمی ڕێککەوتنەکە ئيعترافکردنە بە کورد و مافەکانی. ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بەوەی سووريای نوێ جياواز دەبێت لە سوريای ئەسەد سەبارەت بە پرسی کورد. هاوکات، دەکرێت ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت کە مەزلوم کۆبانێ تەنيا نوێنەری کوردەکانی سووريایە (رۆژئاوای کوردستان)، نەک نوێنەری ناوچەیەکی فراوانی وەک رۆژهەڵات و باکووری سووريا.
٥. لە خاڵی هەشتەم ئاماژە بەوە کراوە ئەم ڕێککەوتنە پێش ٢٠٢٦ جێبەجێ بکرێت. ئەم ماوە کورتە، لەگەڵ ئەو خاڵە گشتی و فراوانانە، یەک ناگرێتەوە.
٦. ماوەیەکی زۆرە بە زايۆنیکردنی هەسەدە و تۆمەتبارکردنی بە نۆکەری ئەمريکا و تەکفيرکردنيان... لە ناو لایەنگرانی جۆلانی گەيشتبووە لوتکە، زۆربەیان داوای شەڕيان دەکرد دژ بە رۆژئاوا. دانيشتن و ڕێککەوتن و تەوقەی نێوان مەزلوم و جۆلانی ئەمرۆ، جۆرێک لە توڕەیی و بێ هيوایی لای لایەنگرانی دروست کردووە. ئایا کافرێکی زايۆنی نۆکەری ئەمريکا چۆن دەبێت ڕابەری موجاهيدەکان و خەليفە ساختەچييەکەی سەردەم تەوقەی لەگەڵدا بکات و لەگەڵی ڕێکبکەوێت! بەڵام بە گشتی لە رۆژئاوای کوردستان و لە سووريا پێشوازييەکی گەرم هەیە لەم ڕێککەوتنە.
٧. هەندێک پێیوایە ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت ڕێگرييەک بۆ پيلانەکانی تورکيا دژ بە رۆژئاوای کوردستان درووست بکات. بێ گومان مەزلوم کۆبانێ یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمەیە. بەڵام پێويستە بزانين، بە ئەگەری زۆرەوە ئەو هەشت خاڵە چەندين رۆژە و لەوانەیە چەند هەفتەیەک بێت لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و گفتوگۆی لەسەرکراوە، گلۆپی سەوز بۆ جۆلانی هەڵکراوە. بە ئەگەری زۆرەوە گلۆپی سەوزی ئەمريکا بۆ مەزلوم کۆبانێ هەبووە بۆ ئيمزاکردنی ئەو ڕیککەوتنە. واتە دەکرێت بڵێين تورکيا و ئەمريکا ڕازین. ئایا لە کۆتاييدا کێ گەمەکە دەباتەوە؟ جارێ ڕوون نييە. هيوادارم وەک زۆربەی کات کوردەکە فێڵی لێ نەکرێت.
٨. ئەگەری جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە زیاترە وەک لە ئەگەری جێبەجێکردنی. لە ئايندەیەکی دوورتر، ئەگەری پێکدادانی سەربازيش زۆرە، بە تايبەت ئەگەر ئەمريکا بکشێتەوە.
٩. بۆچوونی من وابوو باشترە کە هەسەدە تا پێی بکرێت ماوەی دانوستان و گفتوگۆکردن درێژ بکاتەوە و هيچ جۆرە ڕێککەوتنێک نەکات. بەڵام لەوانەیە ڕووداوێک یان هەواڵێک هەبێت من ئاگاداری نەبم و هەسەدە ئاگاداری بێت. لەوانەیە ڕێککەوتن و لەیەک تێگەيشتنێکی ئەمريکی تورکی هەبێت. بە گشتی، ڕێککەوتنەکە خاڵێکی وای تيا نييە کە بە ڕوونی هەسەدە ببەستێتەوە و ناچاری بکات، ئەگەر ئەوەش هەبێت، ئەوا تەفسيری جياواز هەڵدەگرێت، چونکە خاڵەکان زۆربەی گشتی و فراوانن.
١٠. پێش ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەريش، لە چەندين نووسين و بۆنە ئاماژەم بەوە کردووە کە هەسەدە پێويستە لەگەڵ جۆلانی و دەستەی تەحريری شام جۆرێک لە ڕێککەوتن و پەيوەندی و لە یەکتێگەيشتنی نهێنی یان ئاشکرا درووست بکات. چونکە جۆلانی پێشتر ململانێی و ڕای جياوازی هەبووە لەگەڵ تورکيا و ميليشياکانی سەر بە تورکيا، ئێستاش ئاماژەکانی ئەوە ماوە. ڕاستە تيرۆريستێکی کۆنە داعشی کۆنە قاعيدەیە، بەڵام واقعی سياسەت وا دەخوازێت هەندێک کات لەگەڵ خەراپترين و ناشرينتريش مامەڵە و ڕێککەوتن بکرێت.