دواین هەواڵ

ڕەخنە چییە؟

‌د.سەردار عەزیز

12/04/2021

ئەو پرسیارەی سەرەوەم لە هاوڕێیانی فەیسبوکم پرسی، بە سوپاسێکی زۆرەوە زیاتر لە سەد هاوڕێ ئەزیەتی ئەوەیان کێشابوو کە وەڵام بدەنەوە. ئەم جۆرە لە ڕاپرسییە، شێوازێکە بۆ بە دەستهێنانی داتا یان زانیاری. بەڵام کۆمەڵێک کێشەی هەیە. یەکەم لە ناوەندێکی کراوەدا بەڕێوەدەچێت، بەو مانایە وەڵامەکان بۆ هەموان ئاشکرایە. ئەمەش بێگومان ئەگەری ئەوەی هەیە کە کاریگەری لە سەر جۆری وەڵامی کەسەکان دابنێت. دووەم، چونکە ڕوبەڕو نیە، ڕەنگە لە ڕێگای وەڵامێکی کورتەوە نەزانرێت بە ڕونی مەبەستی وەڵامەکە لەو کاتەدا چیە.

بەڵام سەرباری ئەوە دەکرێت وەک جۆرێک لە بەدەستهێنانی زانیاری مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. نوسین لە دونیای ئێمەدا هەتا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری چەمکە نازانستییەکاندایە، وەک بلیمەتی، ئیلهام، توانای تایبەت، وەحی. ئەگەر ئەم چەمکانە بۆ شیعر و هەندێک ژانڕەی تری ئەدەبی گونجاوبن، ئەوا بۆ زۆر بواری تر نەگونجاون.

ئەگەر وەڵامەکان پۆلێن بکەین ئەوا یەک جۆر لە وەڵام زاڵە بە سەر وەڵامەکاندا ئەوەیش ڕاستکردنەوەیە. ئەم دیدی ڕاستکردنەوە بە شێوازی جیاواز دەربڕاوە. بۆ نمونە لابردنی خەوش. پڕکردنەوەی کەم کورتی، ڕاستکردنەوەی هەڵە. ئەم ڕاستکردنەوەیە دیارە دەبێت لە پێناوی ئامانجێکدا بێت. ئەم مەبەستە دەبێت باشترکردن بێت. بەو پێیە ڕەخنە دەبێت لە لایەن کەسێکەوە بێت یان شارەزابێت یان دیدێكی جیاوازی هەبێت. بەم شێوەیە ڕەخنە تەواکردنی ناتەواوێکە. بینی ئەوەیە کە نەبینراوە یان ناخوازرێت ببینرێت.

دیارە ڕەخنە بە شێوازی تریش دەبینرێت. بۆ نمونە جۆرێکە لە قسەی زل. ڕەخنە یانی تەنها قسە، نەک کردار. کرداریش شەرتە. دیارە ئەم دیدە جینالۆجییەکی تایبەتی هەیە، کە لێرەدا بوارنیە بۆ هەڵدانەوەی.
هەروەها لای بەشداربوان ڕەخنە بە گشتی دابەش دەکرێت بە سەر دوو جۆردا، جۆرێک کە ڕەخنەیە و ئەو جۆرەکەی تریش دەربڕینی هەست و سۆز و باری دەرونییە، وەک ئیرەیی، هەست بە کەمییکردن، فشار. بۆیە هەندێک وەهای دەبینن کە دەبێت گیانی وەرزشی لە هەردولا هەبێت.

کۆی ئەم وەڵامانە زەمینەیەکی تایبەتی دەسازێنێت هەتا بتوانین چەند هەنگاوێک بنێنین بۆ وەڵامدانەوەی چیەتی ڕەخنە. دیارە چیەتی ڕەخنە بۆ خۆی پرسیارێکی ئاسایی نیە، وەک جودت باتلەر دەڵێت. بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەخنەیە لە ڕەخنە. ئەگەر هەوڵێک بۆ پۆلێنسازی وەڵامەکانی بکەین.

یەکەم، کاتێک زۆرێک ڕەخنە وەها دەبینن کە بریتیە لە ڕاستکردنەوە، ئەوا ڕەهەندێکی تایبەتمان بۆ دادەڕێژن. دیارە دەتوانین وەڵامەکان ڕێکبخەین و جۆرێک لە ڕێژەگەرایی لە پۆلێنکاری بەرهەم بهێنین، بەڵام ئەم دیدە لای من هێندە بایەخی نیە. دیارە ئەمە میتۆدۆلۆجییەکی زاڵی دونیای زانستە سیاسییەکانی ئەمریکایە. بە جۆرێک کە بڕوا وەهایە هەموو شتێک دەتوانرێت بپێویرێت. بەڵام بە لای منەوە پێوانسازی لێرەدا گرنگ نیە هێندەی چەمکسازی گرنگە.

دیدی ڕاستکردنەوە دەتوانین بە دیدی یان ڕەهەندی دەقیی ڕەخنە ناوببەین. مەبەستمان لە ڕەهەندی دەقیی چیە؟ مەبەستمان لە ڕەهەندی دەقەی ئەوەیە کە دەق هەیە ڕاستە و دەق هەیە هەڵەیە یان هەڵەی تیادایە. ئەو دەقانەی کە هەڵەیان تیادایە دەبێت لە لایەن ئەوانەوە ڕاستبکرێنەوە کە ئاگاداری ڕاستین. بە دیدی من، ئەم دیدە دەقییە دیدێکی ئاینیە یان ڕەگی لە پیادەکردنی ئایندا هەیە.

لە ئایندا دەقێکی تەواو راست هەیە، کە دەبێت بنەما و پێوەر بۆ دەقەکانی تر. هەبونی دەقێکی ڕاست وەها دەکات کە دەقی ڕاست بونی هەبێت و کاتێک دەقی ڕاست بونی هەیە ئەوا دەکرێت دەقی ناڕاستیش هەبێت، دەکرێت ڕاست بکرێنەوە. لە ڕاستیدا رەنگە ئەمە بڵاوترین جۆری ڕەخنە بێت. بەڵام لە زۆر ئاستدا ناچێتە خانەی ڕەخنەوە. ڕەخنە بریتی نیە لە ڕاستکردنەوەی هەڵە. یان گەڕان بۆ هەڵە لە دەقەکاندا. چونکە هەم چەمکی هەڵە و هەم چەمکی ڕاستی ڕێژەییە، چونکە ڕاستییەکان لای کەسەکان لە سەر بنەمای دید و ئاگایی و ئایدەلۆژییا و باوەڕیان بەرهەم دێت. دیارە من لەو قوتابخانەیە نیم کە بڵێم ڕاستی نیە، هەموو ئەوەی هەیە ڕاڤەکردنە.

ڕەهەندی دووەمی ڕەخنە لە وەڵامەکاندا ڕەهەندی کەسییە. کەسێک ڕەخنە لە کەسێکی تر دەگرێت. بە گشتی وەک یەکێک وەڵامەکان ئاماژەی پێدەدات ڕەخنە کەس پێی خۆش نیە. بەمجۆرە ڕەخنە کارێکی دڵخۆشکەرنیە و کەس پێی خۆش نیە ڕەخنەی لێبگیرێت. دەکرێت ئەم دیدە لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر بگۆڕێت. وەک لە پۆلێنکاری سەرەوەدا بینیمان ڕەخنەی دەقیی یان رەهەندی دەقی ڕەخنەش دیسانەوە پەیوەستە بە ژینگە و کەلتورەوە. ڕەهەندی کەسی ڕەخنە چەند جۆرێکی هەیە. ڕەخنەی سایکۆلۆجی هەیە. بەو مانایە پاڵنەرێکی سایکۆلۆجی وەهای لە کەسی ڕەخنەگرکردوە کە ڕەخنە بگرێت.

ڕەنگە ئەمە باوترین جۆری بەناو ڕەخنەبێت. خوێندنەوەی ئەم بەناو ڕەخنانە هەرزوو بۆ خوێنەر ئاشکرا دەبێت کە ئایا نەخۆشی کەسی ڕەخنەگرچیە. لە هەمانکاتدا ڕەخنەی دەسەڵاتیش بونی هەیە، کاتێک کەسێک لە گەڵ کەسێکدا لە گەڵ جۆرێک لە دەسەڵات ململانێی هەیە ئەوا ململانێکەیان وەها دەبینرێت کە ڕەخنە بێت، یان ئەگەر کەسێکە توانای هەبێت ئەوا سوپایەکی تایبەت لە ڕەخنەگری تایبەتی دەبێت. لێرەدا ڕەخنە خزمەتکردن یان کوشتنی کەسێکە لە پێناو بەرژەوەندی کەسێکی تر.

ئەم رەهەندە کەسییە ئێجگار ژەهراوییە بۆ کۆمەڵگا. ئەمە لە ڕاستیدا ڕەخنە نیە. چونکە هەردوولا خیتابی تایبەت بەرهەم دەهێنن کە دەبێت جێگای ڕەخنە بێت. خیتاب لێرەدا یانی جۆرێک لە دەق، وتار، گوتار، یان دەربڕین کە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی شاردنەوە و ئاشکراکردندا دەیەوێت خۆی نمایش بکات. ئەم جۆرە بەناو ڕەخنەیە هەتا ئاستی کوشتنی کەسایەتی یان بە مەزنکردنی کەسێک دەڕوات، کە هەردوکیان دوو ڕوی یەک دراون.

ئەو دوو ڕەهەندە زاڵەی بە ناو ڕەخنە وەهایان لە دونیای بەرهەم هێنانی دەقکردوە کە دونیایەکی پڕ لە توندوتیژی بێت. دیارە لێرەدا جیاوازی دەکەین لە نێوان دەربڕینی ناڕەزایی و بەرگرییکردن و دژایەتی زوڵم و خەبات و تێکۆشان لە گەڵ ڕەخنەدا.

لە ئاستی ڕەهەندی دەقیدا خوێنەر دەتوانێت چەندین ئاستی پەیوەندی ڕەخنەیی و ناڕەخنەیی دروست بکات. خوێندنەوە جۆرێک لە دروستکردنی پەیوەندیی لە گەڵ دەقدا. خوێندنەوە بۆ خۆی جۆر و مێژوی تایبەتی هەیە. سەرەتا لای سپینۆزا دەست پێدەکات. دەکرێت دەقێک وەک گۆڕەپانی جەنگ مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت وەک دۆلۆز داوای دەکات. فێربونی ڕوبەڕوبونەوەی، ململانێی و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی. هەروەها دەکرێت پەیوەندییەکی ئامرازی هەبێت. فۆکۆ باس لە سندوقی ئامرازەکانی دەکات.

مامەڵەکردن لە گەڵ دەقدا و ئازادبون لە وەرگرتن و بەکارهێنانی بۆ ئامانجی خۆت. فۆکۆ بە ئەمە دەڵێت تول-بۆکس. هەرچەندە ئەوانەی لە ئەوەوە نزیکن لە ڕوی بایوگرافییەوە تول-بۆکس بە جۆرێکی تر دەبینن. لە رەهەندی کەسییەوە، لە دونیای کوردیدا کەسەکان یان پێغەمبەرن یان شەیتان. پەیوەندی پێغەمبەری ئەو جۆرە پەیوەندیەیە کە کەسەکان وەها دەبینن دەبێت نەک هەر دەقەکانیان بەڵکو شێوازی ژیان و ژیاریان گرنگە و دەبێت لاسایی بکرێنەوە. ئەم دیدەیە کە کەس و دەق پێکەوە دەبەستێت. کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر دەقەکەی. پەیوەندی شەیتانی ڕونە لە سەر نەفرەت و دژایەتی و نەیارێتی بونیادنراوە، شەیتانی زیاتر شەیتاناندنە.

ئەگەر دەرفەت هەبێت دێینە سەر ئەو دەقانەی کە قسە لە سەر چییەتی ڕەخنە دەکەن. پەیوەندی ڕەخنە بە ڕۆشنگەرییەوە. چۆنێتی بەرگریی لە خودبون لە دونیایەکدا یان سەردەمێکدا، کە دەسەڵات دەیەوێت بە جۆرێک حوکمت بکات لە پێناو خۆیدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP