دواین هەواڵ

ترەمپ، زیلیسنیسکی دەکاتە قوربانی؟

‌سۆزان حەمە تاتە

8 کاتژمێر پێش ئێستا

شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە سێ ساڵەی نزیک دەبێتەوە، هێشتا هیچ لایەکیان نەبوونەتە دۆڕاوی راستەقینەی شەڕەکە، لەگەڵ ئەوەی رووسیا بەشێکی زۆری خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە، بەڵام لە هەموو رووەکانیشەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەرچی ئۆکرانیایشە بەرگریی قورس دەکات و ماندوو بووە، بەڵام ئامادەی خۆبەدەستەوەدان و راگەیاندنی دۆڕان نییە، هێشتایش چیرۆکەکانی شەڕەکەیان بەردەوامە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڵێنی کۆتایهێنان بەو شەڕەی داوە، بەڵام لە دیدێکی بەرژەوەندیخوازانەوە بۆ هەردوولایان (رووسیا و ئۆکرانیا) بەتایبەت بۆ ئۆکرانیا دەڕوانێت، روون و راشکاو چاوی بڕیوەتە کانزا دەگمەن و بەهادارەکانی ئۆکرانیا و کردوویەتییە مەرجی پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتە.

بەپێی راپۆرتە زانیاری بەخشەکان، بەنزیکەیی لە ٥%ی سەرچاوە کانزاییەکانی جیهان لەناو  خاکی ئۆکرانیادایە، ئەو وڵاتەکە بە (نەوت و کانزاکانی  تیتانیۆم، یۆرانیۆم، ئاسن، مەنگەنیز و لیتیۆم و هەندێک کانزای دەگمەنی دیکە) دەوڵەمەندە، ئەو بایەخەی وزەیش وایکردووە دۆناڵد ترەمپ زیاتر چاوی تێبڕێت و بیکاتە مەرجی پشتیوانیکردنی، بەپێچەوانەیشەوە ئەگەری هەیە ئۆکرانیا بۆ داگیرکاریی زیاتری رووسیا جێبهێڵێت.

لێدوانەکانی ترەمپ زیاتر دژی ئۆکرانیا و سەرۆکەکەی تووندتر بوون ئەویش دوای ئەوەی زیلینسکی لێدوانی ئەوەی دا کە ترەمپ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زانیارییە هەڵەکانی رووسیاوە، هەروەها رازی نەبووە لەسەر داوای پێشنیازکراوی ئەمریکا سەبارەت بە پێدانی کانزا بەنرخەکانی، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشداری پێ نەکردنی نوێنەری ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمەریکا و رووسیا لە سعودیە هێندەی بارگرژیی لەنێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا زیادکرد.

ترەمپ بەتووندی قسەی لەسەر سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و وتی "ئەو دیکتاتۆرە"، هەموو ئەوانە وایانکردووە پێشبینی ئەوە بکرێت ئەمەریکا هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا رادەگرێت و ئەوەیش بارودۆخی ئۆکرانیا لە شەڕەکەی لەگەڵ رووسیا قورستر دەکات.

رووانگەی ترەمپ بۆ هەر پرسێکی رەهەندی قازانجی هەیە، نایشارێتەوە بەرانبەر هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، کانزا بەنرخەکانی لێی دەوێت بە رێژەیەکی زۆر، ئێستا ئۆکرانیا لەبەردەم مەترسیی گەورەی پشت لێکردنی ئەمەریکادایە، رەنگە ببێتە قوربانیی کانزاکانی، بژاردەی بەردەمیشی کەمە، ترەمپ بە کەم رازی نابێت، ئەو لە بزنسەوە هاتووەتە نێو کایەی سیاسەت، بڕوای بە هاوکاریی بێ دەستکەوت نییە، بۆیە مەترسیی ئەوە زۆرە ئەگەر ئۆکرانیا رازی نەبێت بە داواکارییەکانی، بکرێتە قوربانیی شەڕەکە و ئۆکرانیا تووشی دۆڕانێکی گەورە ببێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP