بەڕاستی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیای نوێ بۆتە شوێنی لەشکرێکی گەورەی ئاجوج و ماجوج بۆ تێکشکاندنی ڕەوشت و بەهاو و ویژدان ، ئێستا ئەنتەرنێت بۆتە جۆرێک لە ئیدمانێکی شاراوەی هێرۆینی ئەلکتڕۆنی کە شکۆ و ئەمانی زمانی تێکشکاندووە و ، ئێمە ئەم ئامرازە پیرۆز و بەسوودەمان کرۆتە چڵپاوێکی ترسناک و جەنگی مێگەل بە لایڤ و نووسینی قێزەوەنی ئەلکترۆنی و قسەی سووک و خۆکردنە پاڵەوان لەمیانی سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک و پاسەوانی ویژدان کە گەریلەیەک ویژدانیان نیە ، ئەوڕۆ بەکارهێنەرانی ئەنتەرنێت لە کوردستان ناچێتە ناو تۆڕەکۆمەڵاتیەکان لەپێناو ڕۆشنبیری یان گەشتوگوزار یان مەعریفە ، دەچێت بۆ کاتبەسەربردن و فشقیات و قسەوقسەڵۆک و کەڵەگایی و وێنەی ئابروبەڕ و هیچوپووچیی ، کەس نایەوێت بەدواداچوون بۆ شتێکی باش یان بەسوود یان بە نرخ بکات ، ئەم پێوەرانە لەخەیاڵی زۆربەی کەسدا نیە و ، پووچگەرایی بۆتە داواکاری و ئاراستەی گشتیی ، لەگۆڕەپانی ئەلکتڕۆنیدا کەسانی بێ بەها و بێ ناوەڕۆک دێن و دەچن ، کەسانێک ئامانجیان شیواندنی مێشک و فریودانی خەڵک و هەڵگیرسانی فیتنە و ئاژاوە لەنێو حزبەکان و پێکهاتەکانی گەل و جوێندان و سووکایەتیکردن ، لەکاتێکدا ئێستا جیهان خەریکی دوا پەرەسەندنە سەرسوڕهێنەرەکانی ئوروستوکراتیەتی زیرەکی دەستکرد «AI»ە کە وەک ئایینێکی نوێ وایە و مرۆڤ دایهێناوە ، ئێمە تازەبەتازە خەریکی شەڕەجوێنی قێزەوەن و پێشێلکردنی خسوسیات وەک ئەوەی لە « بيوت الدعارة » دابن وایە ، بەڕاستی هەڵمەتی گرتنی تیکتۆکچی دەمپیس جێگەی دەستخۆشیە ، کە وەک ئاژەڵێکی دڕندە لەو جەنگلستانەدا چۆن پڕدەدەنە یەکتری و پەلاماری خەڵک دەدەن و ، هەقیشە سزای پەیامنێری ئەو سایتە ئەلکتڕۆنیانەش بدرێت کە لەمیانی پەیامنێرەکانیانەوە هێرشی ستەمکارانە و جوێن و قسەی نەشیاوی هەندێک لە کەسانی ناڕازی و تووڕە بۆ سەر کەسایەتی گشتی دەدەن کە هیچ بەها و ئەخلاقێکی تێدا ناهێڵنەوە و لە تۆڕەکۆمەڵاتیەکان بەخشیدەکەن ، ئەمە دڕندەیی سۆشیالمیدیا و نەخۆشی دەوونی هەندێک چالاکوان کە پێی دەناڵێنن دەخاتەڕوو و ، ئەو جیهانە گریمانەییان کردۆتە گۆڕەپانێکی دوژمنکارانە کە پێشێلی ئابڕوو و تەدەخولکردنی تایبەتمەندی کەسان دەکات و ڕێگا بەخۆیان دەدەن حوکم لەسەر ئەو ئەو بدەن ، هەر لەخۆڕا فەرهەنگی ئۆکسفۆرد » دەستەواژەی « بۆگەنبوونی مێشک »ی بۆ کەسانی سەتحی و پیسخۆر بۆ تۆڕی ئەنتەرنێت بۆ ساڵی 2024 بەکارنەهێناوە کە کەسەکە بەرەو تێکچوونی دەروونی و زهنی دەبات و پووچگەرایی پتە و بەروەپێش دەبات ، ئەنتەرنێت سوودێکی مەزنی بۆ مرۆڤایەتی هەیە ، بەڵام لەکن ئێمە بۆتە شوێنی بەتاڵکردنی داخلەدڵی و دەروونڕەشی و جوێن و قسەی نەشیاو و تۆمەتبارکردن و بڵاوکردنەوەی هیچوپووچیی .