ساڵانێکە لە عێراق، لە پەراوێزی شەڕی دژ بە تیرۆر، خەڵک لە سەرتاسەری وڵات باجی ناکۆکی، ململانێیەکان و دەستێوەردانی دەرەکی دەدەن. ئێستا لەکاتێکدا پێشهاتی نوێ لەبەردەم عێراقدان، نەخشە ڕێگایەک و بیرکردنەوەیەکی تەندروست بۆ سەرجەم عێراقییەکان پێویستە کە هەمووان پێیەوە پابەندبن و لەسەری بڕۆن.
ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی حەوتەمی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا، نێچیرڤان بارزانی ئەو نەخشە ڕێگایەی خستە بەردەم گشت عێراقییەکان و بە کورتی پێی گوتن:
یەکەم: عێراق پێّویستی بە ئاراستەیەکە لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوبەشی بنیات نرابێت نەک ململانێ. سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق بەرژەوەندییەکی هاوبەشە و گەشەپێدانی ڕاسەقینە بەدی نایەت ئەگەر یەکترتەواوکردنی نێوان بەغدا و هەولێر نەبێت.
دووەم: عێراق جگە لە سەرچاوەی سروشتی، سەرچاوەی بەهێزی مرۆییشی هەیە. فرە ڕەنگیی کۆمەڵگەی عێراق هێز و دەوڵەمەندییە. ئەمە فاکتەرێکی بەهێزە کە ببێتە پاڵنەرێک بۆ بەهێزکردنی ئابووریی عێراق.
سێیەم: گەشەسەندنی عێراق پێویستیی بە زەمینەیەکی لەباری ئەمنی هەیە بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنەران بدات وەبەرهێنان بکەن لە عێراقدا.
چوارەم: سەرکەوتنمان پەیوەستە بە توانامان لە بەڕێوەبردنی فرەیی، بەهێزکردنی گیانی هاوبەشی و دادانی بنەماکانی باشی حکومڕانی هەیە.
ئەو وتارەی نێچیرڤان بارزانی بە زمانێکی دیپلۆماسی لە ئاستی باڵادا بە گوێی هەمووانی چرپاند کەوا چیدی نابێت زمانی زۆرینە و کەمینە هەبێت، سەرکەوتنی عێراق هاوکێشەیەکە دەبێت هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان تێیدا کۆببنەوە، سەقامگیریی سیاسی و ئابووری پێویستی بە زەمینەیەکی فرەیی هەیە. بۆیە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەسنی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی دەدات و دەڵێت: دەنگم دەخەمە پاڵ قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو قسانەی ئێمە ویستمان بیکەین، ئەو کردی.