دواین هەواڵ

سەردەمی ترەمپ

‌توانا ئەحمەد

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ستەمی لێهاتووی، جیهانێکی نقووم لە توڕەیی

گەڕانەوەی ترەمپ وەکو سەرۆکێکی بەهێز تەنیا چانسێکی راگوزەر نییە، بەڵکو سەردەمێکی تازەیە کە بەسەردەمی ترەمپ ناو ئەبرێت.  

فەیلەسوفی ناسراوی ئەمریکاو مامۆستا لە زانکۆی هارڤەرد مایکل ساندل بڕوای وایە چوار بۆ پێنج  دەیەیە دەنگدەرانی ئەمریکا  لەلایەک داهات و دەرامەتیان لەکورتی ئەدات، لەلایەکی تریش  لەلایەن دەستەبژێری سیاسیەوە بەکەم سەیر ئەکرێن، واتا سەرەڕای لەدەستدانی بەشێک لەسەرچاوەی بژێویان، ئەو بڕوایەش قوڵ ئەبێتەوە  کە دەنگیان بەهاو قورسایەکی ئەوتۆی نییە. سەرەنجام ترەمپ توانی ئەم توڕەییە سەرمایەگوزاری بکات و لەپاڵیشیدا بەرەی دژە ترمپ نەک هەر بەسەختی بشکێنێ بگرە  توشی سەرگەردانیش بکات.

مایکل ساندل لە 1996 کە ساتەوەختی خۆشبینی بوو  کتێبە باناوبانگەکەی سەبارەت بە دۆخی ئەمریکا بڵاوکردەوە  بەناوی( بێزاری لە دیموکراسی، ئەمریکا لە پاشاگەردانیدا) ئەوساتەوەختەی خەڵک خۆشبین بوو، ئەو دیمەنەکەی بە پێچەوانە و تاریک ئەبینی، بەشێکی ئەو پەتایەی بەستەوە  بەو بڕوایەی  دەنگدران هەستی زاڵبوون بەسەر ئەو هێزەی حوکمیان ئەکات ئەدۆڕێنن و دەنگیان وەک ئەوەی پێویستە کاریگەری لەدیاریکردنی نەخشەی سیاسیدا نابێ، هۆکارێکی تر  بریتی بوو لەهەڵوەشانەوەی تەونی  ئەخلاقی کۆمەڵگا لە خێزانەوە بگرە  تا دەوروبەر و نەتەوە و دوڵەت. 

مایکل ساندڵ ئەو دوو هۆکارە بە سەرچاوەی توڕەیی خەڵک لە دیموکراسی وەسف ئەکات، بۆیە پێی وایە  ئێستا لەجیهانێکدا بێداربوینەتەوە  کەگلەیی و ناڕەزایی لە سنوری خۆیان رەتیان داوەو بوونەتە  جۆرێک لەتوڕەیی و بێزاری کە  جیهانی دایپۆشیوە. 

ئەو فەیلەسوفە بونیادی ئەو قەیرانە ئەبەستێتەوە بە قەیرانی  لیبرالیزمی نوێ وەک کۆپیەکی جیهانگیری کە هەمیشە نایەکسانی و جیاوازیەکان قوڵ ئەکاتەوە و سەرەنجام جیاوازی لەنێوان براوەو دۆڕاو بەئەندازەیەک گەورە ئەکاتەوە کەشوێندەستی لەسەر میزاجی هاوڵاتیان بەرچاو بێت و کایەی سیاسیش ژەهراوی بکات چونکە ئەوانەی براوەن لەسەرەوە و بە بچووکتر سەیری ئەوانی تر ئەکەن، بەکورتی بردنەوەیان وەکو بەرەنجامی حیکمەت و دانایی خۆیان و دۆڕانی ئەوانی تریش وەکو بێ توانایی و ناکارامەیی ئەوان ئەفرۆشنەوە، بۆیە مایکل ساندل پێیوایە ئێستا سەردەمێکە جیاوازی براوەو دۆڕاو بەشێک نییە لە یاری دیموکراسی، بەڵکو ماناو دەلالەتی تری هەیە و هەڵگری وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتیە کە پرە لە ناکۆکی و تێپەڕاندنی لانی هەرە کەمی رێز و ئەخلاقی کارکردنی سیاسی و سەرەنجام بەرجەستەبوونی لە گوتارێکی پەپۆلیستیدا. 

هەر لەو چوارچێوەیەدا پێی وایە بەشێک لەدیموکراتەکان لە ئەمریکاو چەپی ناوەڕاست لەئەوروپا بەتایبەت رەوتی پشتیوان لەو کۆپیەی  جیهانگیری هۆکار بوون بۆ  هەڵکشانی  توڕەیی خەڵک ،بەتایبەت  لەکاتێکدا کە قەیرانی دارایی شانی هاوڵاتیان و هێزی کاری بێئەنداز قورس کرد، لەو کاتەدا ئەوان فەرامۆشکران، بەڵام  بانک و کۆمپانیا  گەورەکان رزگار ئەکران،. بۆیە دیموکراتەکان چانسی  زاڵبوون  بەسەر ئەو نارەزایەتیانەیان لەدەسدا و سەرەنجام ئەو میزاجە جەماوەریە فراوان و توڕەیە لە ترەمپ وەکو دیاردەیەکی تازە بەرجەستە بوو، هەرچەندە مایکل ساندڵ بڕوای وایە ئەو چارەسەریانەی ترەمپیش پێشکەشیان  ئەکات ناتوانن ئەو نایەکسانییە لەبەین ببات. بەڵام دەنگدەران  مەبەستیانە سزای ئەو  نوخبەیە بدەن کەبەکەم تێیان ئەڕوانن.  

بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەو فەیلەسوفە جەوهەری قەیرانەکە باوەشکردنی دیموکراتەکان بوو  لەساڵانی نەوەتەکان. بەو ئایدۆلۆژیایەی  بە رۆڵاند ریگان لە ئەمریکاو  و تاتشەر لە بەریتانیا  دەستی پێکرد (سەرکەوتنی بازار وەکو فەلسەفەی حوکم) بەتایبەت ئەو رستە سەرەتانیەی ئەوان وەکو فەلسەفەی حوکمڕانی خستیانە بازاڕی سیاسیەوە (حکومەت  هەمیشە خۆی گرفتەو بازاڕیش هەمیشە چارەسەرە) بە جۆرێک چەپی ناوەڕاست دوای سەرکەوتنی کلنتۆن و بلێر لە بەریتانیاو  لە ئەوروپاش نەیانتوانی بەیەکجاری بەسەر سەردەمی ریگاندا زال بن.

بۆیە بڕوای وایە  سێبەری ئەو قەیرانە بەردەوام درێژئەبێتەوە، دەنگدەران لەپاڵ هەستی بەهەدەر چوونی رەنجی ئیشیان، بڕوای ئەوەشیان تیا سەوز بووە دەنگ و بەشداری سیاسیان بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە، چونکە بڕوای وایە ئەم جیهانە تازەیە بە ئەمریکاشەوە لەسەر جۆرێک لە ستەم بونیاد نراوە کە ستەمی کارامەیی یان لێهاتووییە، کە رێگە بە براوەکان ئەدات هەمیشە براوەو دۆڕاوەکانیش هەمیشە دۆڕاو.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP