دواین هەواڵ

هەولێری ناڕۆشنبیر و سلێمانی!

‌فارس نەورۆڵی

پێش 4 هەفتە

پێدانی پێناسی ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر بە شارێک بە ناوچەیەک بە کەسایەتیەک کارێکی قورسە و هەم نائەقڵانیە، چونکە ڕۆشنبیر بوون پێناسەی جیا جیای هەیە بەتایبەتی ئەگەر حزبێکی سیاسی یان کارەکتەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم قسەیە بکات ئەوە کارەساتە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستان دوژمنان بەجددی کاریان لەسەر کردوە بۆ پارچە پارچەبوون، تێکشکانی ڕۆحی و فەرهەنگی  بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی لەرزۆک و تاکێکی لەرزۆک دروستببێت، بۆیە کاتێک میدیاییەکی دەرەوەی کوردستان بە بەرنامەدێت هەر بەخۆمان خۆمان دەشکێنێ، دێت لە کەسێک دەپرسێ هەولێر بۆ خۆپیشان ناکات؟ ئاقڵانە ئەو تاکە لەرزۆکە دەخاتە دۆخێک کە بڵێ هەولێر ناڕۆشنبیرە یان ترسنۆکە بۆچی ئەم مرۆڤە ئەم قسەدەکات؟

چونکە لەرزۆکەو لەبەرامبەر میدیا یەکی دەرەکیدا هەست بەکەمی و لاوازی کەسییەتی خۆی دەکات بۆیەشارێکی کوردی لەبەردەم میدیایەکی عەرەبی دا دەشکێنێ، لە هەمانکاتدا تاکێکی دیکەی کوردی لەرزۆک دەجوڵێنێ دەڵێ بۆ سلێمانی هەر خەریکی خۆپیشاندانن، لە ڕووی دەرونییەوە ئەو تاکە لەرزۆکە بەڵێ دەکا بۆ ئەوەی بڵێ سلێمانی ئاژاوەچین، کە لەڕاستیدا هەردوو قسەکە کوفری میللی و گەمژەیی سیاسییە، نە هەولێری ناڕۆشنبیر و ترسنۆکن و نە سلێمانی ئاژاوە چییە، ئەگەر یەکێک لە پێناسەکانی ڕۆشنبیر هەڵوێست بێت، ئەوا هەولێرییەکان ڕۆشنبیرترین مرۆڤی کوردن.

نمونە دوای کارەساتی 1988ی هەڵەبجە و ڕاگواستنی بەشێک لە خەڵکی هەڵەبجە بۆ دەوروبەری هەولێر، ڕژێمی بەعس بینینی هەڵەبجەییەکانی قەدەغە کردبوو، بەڵام هەولێرییەکان ئەو تەوقەیان شکاندو چوون بەدەم هەڵەبجەییەکانەوە و بە هەموو جۆرێ هاوکارییان کردن، ئەم هەڵوێستە ڕۆشنبیربوون و کوردبوون نەبێت چییە؟ ئەی لەو سەردەمەی بەعس بووبووە مۆتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان، بەعس لەوپەڕی هێزدا بوو ئا لەوکاتەدا گەنجانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان گورزیان لە بەعسییەکان دەسرەواند، نەیاندەهێشت بەئارامی داگیرکاری بەڕێوەبەرن دەکرێ ئێستا لەبەر هەلومەرجێکی نادروستی سیاسی وئابوری بڵێی سلێمانی وهەڵەبجەو گەرمیان ئاژاوەچین؟ لە ڕاستیدا نە هەولێر و دهۆک ناڕۆشنبیرو ترسنۆک نین ئەوان بەشێکی گرنگی جەستەی نیشتیمانن.

نە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ئاژاوە چین، ئەوەی ئەم چەمکانەی بەرهەمهێناوە نالۆژیکی ململانێی حزبیە هەرچەندە ئەو کەس و لایەنانەی ئەم چەمکانە بەو شێوە تەوزیف دەکەن، ئەوەندەی جێگای بەزەین، ئەوەندە جێگای ڕەخنە نین، جێگای بەزەین بەو مانایەی مەودای ئەقڵ و بیرکردنەوەیان هەر ئەوەندەیە ئەگینا کورد هەولێرو سلێمانی لێی دەر کەی چی دەمێنێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP