دواین هەواڵ

چۆن خەونی ئۆپۆزسێۆنێکی نیشتمانی لە گۆڕنرا، داخوازی و ناڕەزایەتییەکانیش لەباربرا

‌بڵند دلێر شاوەیس

پێش 4 هەفتە

لە ساڵانی ڕابردوودا لە کەف و کوڵێکی سیاسیدا حزبێک دروستبوو بەناوی ”گۆڕان”، کۆکەرەوەی زۆربەی دەنگە ناڕازیەکان و وەک ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و جێگرەوەی دەسەڵات و بەدیهێنەری داخوازیەکانی گەل خۆی ناساند، بزوتنەوەی گۆڕان لە دروشمی ئەیگۆڕین و (ارحل)ەوە بۆ ناو حکومەت و شاگردی پارتی و یەکێتی، لە (٢٥) کورسییەوە بۆ (١) کورسی، تا وای لێهات دەرگای گردەکە لەسەر ڕێکخەری گشتی دابخرێت و نەزانرێت کامە گۆڕانە ئەوەی گردەکە یان ئەوەی گەڕەکی کورد سات....هتد.

ئەزمونێکی شکستخواردووی پێشکەش کرد و خەونی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی لەگۆڕنا و زەحمەتە بە ئاسانی خەڵک بڕوا بە بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بکات لە سەردەمی ئێستای هەرێمی کوردستاندا...

بە هەمان شێوە مانگرتن و ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکانی ئەم دواییەش کە دەبوو پێشتر ئەنجام بدرایە نەک دوای ڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا و زامنکردنی موچەی ساڵی ٢٠٢٥، دواتر کۆتایی پێهێنانی بە کتوپڕی چەندین نیشانەی پرسیار هەڵدەگرێت...

کاتێک بە پەیامێک چادر هەڵدەدرێت و دەست بە مانگرتن دەکرێت و لەپڕ بە هەمان شێواز دەیپێچنەوە و دەڕۆنەوە ماڵەوە وەک بڵێی ” تۆپ تەقی و تیپ هەڵوەشایەوە“ ، بە هەمان شێوەی هەڵەی ئەزمونی شکستخواردوی ئۆپۆزسیۆن، پرسی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان وگردبونەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، وەک سیناریۆیەکی لاواز دەردەکەوێت بۆ لەبار بردنی داوا ڕەواکانی جەماوەر، پێدەچوو دەرهێنەرەکەشی کەم ئەزموون بێت یان مەبەستی ئەوەی هەبووبێت ئەکتەرەکان بکات بە پەن، ئەمەش وادەکات لە داهاتودا بۆ داواکردنی مافە ڕەواکان بەئاسانی جەماوەر فریو نەدرێت، هەرچەندە وەک فەیلەسوفی فەرەنسی (Gustave Le Bon) دەڵێت:

جەماوەر هەرگیز تامەزرۆی ڕاستیەکان ناکەن، دوور دەکەونەوە لەو ڕاستیانەی لەگەڵ ئارەزووەکانیان ناگونجێت، پەسەندترە بەلایانەوە پاڵپشتی لە چەوتی بکەن، هەرکەسێک فریویان بدات بە ئاسانی دەبێت بە گەورەیان، هەرکەسێکیش بیەوێت لە گەوجاندن ڕزگاریان بکات و بەرچاویان ڕوون بکاتەوە هەمیشە دەبێت بە قوربانی دەستیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP