دواین هەواڵ

ماسكی ئەحمەد شەرع چەند زوو بكەوێت بۆ كورد باشە

‌كارزان گلی

08/02/2025

ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەت لە بری بەعس و نەتەوەپەرستی

لە بونیادنانەوەی سووریادا، كەرتی پەروەردە رۆڵێكی گەورە دەبینێت بۆ ئاییندەی ئەو وڵاتە و گەلەكەی، بەڵام حكوومەتی دوای ئەسەد، واتە حكوومەتی تەحریر شام، دەستەواژەی ئیسلامییەت لە شوێنی (نەتەوە) و ئایدۆلۆژیای بەعس دادەنێت، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی ئیسلام نین و كریستیانن.

بۆ یەكەمجارە لە سووریا، منداڵان لە تاقیكردنەوەكاندا وەڵامی پرسیاری نەتەوەپەرستی و ئایدۆلۆژیای حیزبی بەعس نەدەنەوە، كە پێشتر بەروونی رژێمی ئەسەد، كاریگەریی نەتەوەپەرستی عەرەب و حیزبی بەعسی بەسەر منداڵانی ئەو وڵاتە بەجێهێشتبوو.

بەڵام نازر ئەلقەدری، وەزیری پەروەردەی سووریا لە حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع، دەیەوێت ببێتە كۆپی ئەسەد، بەوەی بەبێ ئەوەی رەچاوی ئاینەكانی تری سووریا بكات، وەكوو كریستیان و عەلەوی و دوورزییەكان، ئایدۆلۆژیای ئیسلامیەت لە وانەكاندا زاڵ دەكات.

ئەناس جودی، ئەندام لە بزوتنەوەی بونیادنانەوەی سەنتەری شام، دڵخۆشە بەوەی لە تاقیكردنەوەكاندا نەتەوەپەرستیی و ئایدۆلۆژیای بەعس هەڵگیراوە، بەڵام نیگەرانە لەوەی لەبری ئایدۆلۆژیای بەعس، ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەت زیاد كراوە، ئەمە بە زەنگێكی مەترسی دادەنێت.

جودی قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، دەڵێت دوو كوڕم هەیە، یەكیان پۆلی حەوت و ئەوی تر پۆلی دووە، بەداخەوە پێم دەڵێن بەئاشكرا دەستەواژەكانی تەحریر شام لە قوتابخانەكاندا زاڵە و ئایدۆلۆژیای خۆیان دەسەپێنن.

ئەو دەڵێت: ”رێك وەكوو ئەسەد، كە پێشتر چی كردووە، ئەمانیش هەمان شت دەكەن و ئایدۆلۆژیای خۆیان دەسەپێنن، ئەمە كێشەیەكی گەورەیە و تەنانەت كارەساتیشە.“

نازر ئەلقەدری، بەر لەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێت، لە ئیدلیب كە لەژێر كۆنتڕۆڵی تەحریر شامدا بوو، ئەو لەوێ وەزیری پەروەردە بووە، ئێستاش لە كابینە كاتییەكەی شەرعدا، هەمان پۆستی وەرگرتووە، بۆیە بەهەمان عەقڵییەتی ئیدلیب مامەڵە دەكات.

ئەلقەدری، لە هەژماری تایبەتی وەزارەتی پەروەردە لە فەیسبووك، لە نۆ لاپەڕەدا باسی لە گۆڕانكارییەكانی سیستەمی پەروەردە كردوە پێشنیاری كردووە ئەم دەستەواژانە بەكاربهێنرێت، بۆ نموونە ئەلقەدری پێشنیاری كردووە، لە بری (بەرگریكردن لە نیشتیمان) دەبێت بڵێین (بەرگری لە خودا) دەكەین، هەروەها لە بری ئەوەی (نەعلەت لەو كەسە بكەین كە لەرێی نیشتیمانپەروەری لادەدات)، دەبێت لە شوێنی ئەو دەستەواژەیە (نەعلەت لە یەهودی و كریستیان) دابنرێت.

هەر لەو گۆڕانكارییانەدا، ئەلقەدری پێشنیاری كردووە لە بری (شەهید لە پێناو نیشتیمان) دەبێت منداڵان فێر بكرێت (لەپێناو خودادا شەهید بن).

دوای ئەوەی لەسەر ئەو پێشنیارانە دەنگدانەوەی گەورە لە سووریا دروست بوو و رەخنەی زۆر لە ئەلقەدری گیرا، بۆیە لێدوانیدا كە ئەو تەنیا كاری لەسەر دوو لایەن كردووە، یەكەمیان هەموو دەستەواژەكانی سەردەمی ئەسەدی لابردووە، هەروەها لەسەر هەموو كتێبەكاندا ئاڵای تازەی سووریای داناوە و پێشووتری لاداوە، واتە دەستەواژە پێشنیاركراوەكان دانەنراون.

بەڵام ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەت و تەحریر شام، بەئاشكرا بەسیستەمی پەروەردەوە دیارە، بەشێكی زۆری چالاكوان و كریستیانەكان نیگەرانیی خۆیان لەوڕووەوە دەربڕیوە.

ئەگەرچی وەزیری پەروەردە بەڵێنیداوە، كە لەرێگەی كەسانی شارەزا لە پەروەردە گۆڕانكاری لە سیستەمی پەروەردە دەكەن، بەڵام نیگەرانییەكان زیاتر بوون كەمتر نەبوونە.

جودی، پێیوایە سەركردەكانی ئێستای سووریا، جێی بڕوا نین كە ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەت و تەحریر شام بەسەر پەروەردەدا نەسەپێنن، چونكە پێشتریش بەڵێنیاندا كە كۆنفڕاسێكی گەورەی نێونەتەوەیی ئەنجام بدەن و هەموو نەتەوە و مەزهەبەكان و ئێتنیكەكانی سووریای تێدا بێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا بەڵێنەكەیان نەبردووەتەوە سەر.

چەند چالاكوانێك و مامۆستا لە سووریا، گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و رەخنەیان لە وەزارەتی پەروەردە گرت، بەوەی بۆی نییە تاكلایەنە بڕیار لەبارەی گۆڕینی سیستەمی پەروەردە بدات و ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەت بسەپێنێت.

سەرەتا ئەحمەد شەرع، گوتی تا مانگی سێی ٢٠٢٥ بەشێوەیەكی كاتی وەكوو سەرۆكی سووریا دەمێنمەوە، پاشان گوتی تا پێنج ساڵمان پێویستە كە سووریا بونیاد بنێینەوە، ئەوكات دەچینە ناو هەڵبژاردن.

شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، شەرع دەیەوێت لەو پێنج ساڵەدا، بەتەواوی ئایدۆلۆژیای تەحریر شام بەسەر تەواوی كۆمەڵگەی سووریادا بسەپێنێت، بەتایبەت لە رێگەی سیستەمی پەروەردەوە، بۆیە دەبێت هەر لە سەرەتاوە رێگەی لێ بگیرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP