مانگرتوانی سلێمانی خاوەن هەر بیر و بۆچونێکی سیاسی بن، لەبەر باردۆخی ژیانی خۆیان و خەڵک وەکو خەباتی مەدەنی پەنایان بۆ ئەو کارە بردبێت،بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگات، یان تەنانەت لە لایەن لایەنێکی سیاسی هان درابن بۆ ئەو کارە ، ئەوان ژمارەیان کەم بێت یان زۆر، بەشێکن لە جەستەی ئەو کۆمەڵگایە و ئازاری هەر بەشێکی جەستە ئازاربەخشە بۆ هەموو جەستەکە.
پێم وایە لەم بارودۆخەدا نە بە قسەی زبر نابێت شعوری ئەو کەسانە بریندار بکرێت بۆ ئەوەی لە ڕقان ناچار نەبن بەردەوامی بدەن بە مانگرتن، نە بە پێدا هەڵگوتن نابێت هان بدرێن بۆ بەردەوامیدان بە مانگرتن لەخواردن,لەبەر ئەوەی لەم زستانەدا و لەم سەرمایەدا بەو شێوەیە سەلامەتی و تەندروستیان دەکەوێتە بەر مەترسی و گرنگە کارێک بکرێت بەڕێزەوە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن.
ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین، تەنانەت هەرێمێکی تەواو یەکگرتووش نین، لە نێوان ئامانج و دروشمە شۆڕشگێڕییەکانی ڕابردوو و واقعی ئێستاش جیاوازی زۆر هەیە، ئەو واقعە جێگای نیگەرانی زۆرێک لەو لەکەسانەشە کە لە ڕابردوو بۆ داهاتووی گەلی خۆیان قوربانیان داوە و بە هۆی ئایەندە بینینیان نیگەرانن و مەترسیان لە ئاڵۆز بوونی زیاتر و ناسەقامگیری هەیە.
لە ئێستادا بە لەبەر چاو گرتنی زۆر فاکتەری ناوەخۆی و هەرێمی و جیهانی،گەلی کوردستان زۆر پێویستی بە سەقامگیری هەیە، بە تێڕوانین لە ژینگەی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە باوەڕی خۆم ئەنجامدانی خۆپێشاندان یان بەردروامی بە مانگرتن لە خواردن لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان وکۆی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری لە هەريمی کوردستان نیە. لەو کاتەی کە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن خەریکی پێکهێنانی حکومەتن،ئاڵۆز کردنی بارودۆخەکە بە باش نابیندرێت.
لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسەریانە هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر بکەن و خۆیان بۆ خەباتی پەڕلەمانی ئامادە بکەن.
هەم پارتەکانی دەسەڵات و ئەوانەی دەرەوەی دەسەڵاتن لەسەریانە زیاتر درک بە هەستیاری ئەم بارودۆخە بکەن و ڕێگە نەدەن دۆخەکە بشێوێندرێت و ڕووداوی نەخوازراو ڕو بدات کە پەشیمانی بەدوادا بێت.
هۆشیاری گەلی کوردستان بۆ پاراستنی سەقامگیری دەتوانێت ڕۆڵیکی زۆر بگێڕێت بۆ دەرباز بوون بە سەلامەتی لەو قۆناغەدا و بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی نوێ، بۆ ئەوەی ریفۆرمێکی ڕاستەقینە و دراسەتکراو لە هەموو کایەکانی حوکمڕانی ئەنجام بدرێت.