ئەگەرچی لە کۆنەوە مرۆڤ تەنها سزای ئەو کەسانە دەدات کە ڕاستیەکان دەڵێن، هاوکات لەم سەردەمی پوچگەراییەش زۆرینەی کات ، خەڵک ئەو کەسانەیان خۆشدەوێت و گوێیان بۆ ئەگرن کە دەتوانن بە وەهم بێهۆشیان بکەن".
هەربۆیە گەر دەتەوێت لەگەڵ خەڵکدا بمێنیتەوە، شەریکی وەهمەکانیان بکە، چونکە ڕاستیەکان ئەو کەسانە دەیڵێن کە دەیانەوێت بڕۆن.
درۆی سیاسی بووەتە ڕا و بۆچوون و مشتومڕ و ئەجێندای شەخسیی و ستراتیژی و دەیانەوێ بە درۆ بە ئامانجی سیاسی و ئابووری و پایەی کۆمەڵایەتی خۆیان بگەن و ئەوەشیان بەلاوە گرنگ نیە کە لەچ ئاستێکی فیکری و مەعریفیدان ، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن بتوانن لەو گەمەیەدا سەرکەون، چۆن لە ڕێگەی هەواڵی درۆ و ساختەکاری و درۆی ئۆرگانیزەکراوەوە بگەنە پایەی دەسەڵات و یاری بە ئیحساسی خەڵک و پیرۆزیەکانی کۆمەڵگا بکەن .
تاکو خەڵک بەناچاری بگەڕێتەوە سەر ئەوسنورە دەستکردانەی کە ئەمان بۆ مەرامی خۆیان کاری لەسەر دەکەن و وەک بزنس و کاری بازرگانی ودەسکەوتی بێ بەها بیبەخشنەوە خەڵک و ڕای گشتی پێ قۆرخکەن
مۆدێلی حوکمڕانی لە کوردستان بە قۆناغێکی دورودرێژی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گوێنەگرتن و نەبیستن ڕۆیشتووە و درۆکردن بۆتە پیشەسازی ، ئێستا جگە لە هێزی چەک و هێزی درۆو دراو هیچیان لە دەستدا نەماوە
هەرلەبەر ئەمەیە کە (درۆی ئۆرگانیزەکراو) لەهەموو شوێنێکی ئەم کۆمەڵگەیەدا جێگەی پەنجەی دیارە، سیناریۆکانی ئەم درۆی ئۆرگانیزەکراوە ئەوەندە بێشومارن، نیفاقی کۆمەڵایەتی ومرۆڤی دەبڵ ئەخلاق و درۆزن ودووڕووی کردووە بەپاڵەوانی ئەم بارودۆخە.
سیاسی درۆزن خۆی باوەڕی بە درۆکەی خۆی نییە و دەڵێ ؛ درۆزن شتێک دەڵێت کە دژی ئەو شتانەیە خۆی دەیزانێ و باوەڕی پێیەتی! ووتەیەکی “گۆبڵز” وەزیری راگەیاندنی ئادلۆف هیتلەری نازی هەیە کە دەڵێت؛ راگەیاندنێکی بێ ویژدانم بدەرێ گەلێکی نا هوشیارت دەدەمێ. دیارە گۆبڵز لە شوێنێکی تردا گوتویەتی؛ درۆ بکە و درۆ بکە تا باوەڕت پێ دەکەن! بەڵام دەکرێت بتوانیت بۆ ماوەیەک خەڵکێک بخەڵەتێنیت، بەڵام ناتوانیت بۆ هەتا هەتایە هەموو خەڵک بخەڵەتێنیت. کەواتە تەمەنی درۆ کورتە و پیری بە خۆیەوە نابینێت.