دواین هەواڵ

دەرفەتەکانی بەردەمی کورد لە عێڕاق

‌ نەزهەت ‌حالی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی خاوەن سەروەری ئارەزووی هەر کوردێکە، بە تایبەت بۆ گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان کە لە پێناو ئازادیدا قوربانی زۆری داوە. دەوڵەت ئەو ئامانجەباڵایەیە کە پێمان وایە ئەگەر پێی بگەین، هەڕەشە بۆسەر نەتەوەکەمان ناهێڵێت و چیتر نابینە ژێر دەستەی نەتەوەیەکیتر و ژیانی خەلکی باشتر دەبێت و دادپەروەری دەچەسپێت .لە ڕووی تیۆرییەوە هەبوونی دەوڵەتی کوردستان بەومانایەیە کە دامەزراوە نیشتمانییەکان دەبنە ئامرازی پاراستنی ئاسایش و ئازادی و جێبەجێ کردنی خواستەکانی خەڵک.

بەڵام لە ڕووی پڕاکتیکیەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت تەنها حەزو ئاواتخواستن بەس نییە ، بەڵکو لەڕووی ناوەخۆیی و دەرەکیەوە هەوڵی زۆر و زەمینەسازی لەباری پێویستە، کەگرنگترینیان هەبوونی پاڵپشتی دەرەکییە،بەڵام بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان و دژایەتی کردنی سەرسەختی دەوڵەتانی ناوچەکە لەپرسی سەربەخۆیی کوردستان ، هێشتا ئەو پاڵپشتییە فەراهەم نەبووە. کەواتە یەکێک لەئەرکەسەرەکییەکانی ئێمە لەم قۆناغەدا بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێو دەوڵەتییە بۆ پرسەکەمان ، کەبێگومان ڕۆلی دیاسپۆرای کوردی لەو بارەیەدا کاریگەرە و دەتوانن کارێکی بێ وێنە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدەن.

هەرچەند دەبێ ئاماژە بەوڕاستیەش بدەین کە بۆ بەختەوەری وخۆشگوزەرانی گەلان، هەبوونی دەوڵەت تاقە مەرج نییە. چونکە زۆر نەتەوەش هەن لەئاستی جیهان خاوەنی دەوڵەتن کەچی ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتیانیان بە هۆکاری سیاسی، ئەمنی و ئابووری … ، پشت لەوڵاتی خۆیان دەکەن بەرەو وڵاتی دیکە بەدوای ژیانێکی پارێزراو وباشتر دەگەڕێن، بۆیە لەهەر وڵاتێکدا لەپاڵ هەبوونی دەوڵەت ، بوونی سستمێکی حوکمڕانی باش، مەرجی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا و خۆشبەختی هاوڵاتیانە .
کەواتە ئێمەی کورد لەئێستادا دەبێ چی بکەین ، ئایا هەر بە

خەياڵ و هیوای دەوڵەت ،نابێت بە دوای دەرفەتی گونجاو بگەڕێین؟

ئایا دەتوانین لەعێڕاقدا وەکو دواین دەرفەتی پێکەوە ژیان ، ئەزموونی سیستمی کۆنفیدڕالی لەپێناو سەربەخۆیی زیاتری سیاسی و ئابوری و توانای بەرگری و ئەمنی بەهێزتر تاقی بکەینەوە ؟ یا ناچارین بەو شێوەیەی ئێستا لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە لە عێراقی فیدڕالیدا پێکەوە بژین ؟ بەبۆچوونی من لە حالەتی بەردەوام بوونی ئەم بارودۆخە ، باشتردەبێت ئەگەر لەگەڵ واقعەکە خۆمان باشتر بگونجێنین و سود لە ئەزمونی ئازەرییەکانی ئێران وەربگرین.

ئەگەر سەیری دەوڵەتی ئێرانی درواسێ بکەین هەرچەند کەسانێک پێیان وایە ئەم وڵاتە دەوڵەتی فارسەکانە، بەڵام لە ڕاستیدا دەوڵەتێکە لەئێستادا تورکە ئازارییەکان بە فعلی بەڕێوەی دەبەن .ڕێبەری دەوڵەت آیت اللە خامنەای کە باڵاترین دەسەڵاتی هەیە ،و سەرۆک کۆماری ئێستاش پزیشکیان ، هەر دووکیان ئازەرین و ئازەرییەکان تەنانەت ڕۆڵی زۆریان لە ئابوری ئێرانیشدا هەیە.

لەکۆتاییدا ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیڵێم ئەوەیە کە ئێمەی کورد پێویستە سود لەو دەرفەتە وەربگرین کە لەئارا دایە، گەر نەتوانین لەئێستادا خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین، ئایا ناتوانین ببینە بە خاوەنی ئەو دەوڵەتەی کە تێیدا دەژین؟ لەهەموو بارودۆخێکدا بۆ سەرکەوتن ، هەبوونی کۆدەنگی گەلی ئێمە و نوخبەی سیاسی لەسەر ئامانجی هاوبەش وسەرەکی و پێکەوە کار کردنی کوردانە و کوردستانیانە پێویستە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP