کە لە سامۆئیل بیکیتیان پرسی گۆدۆ کییە، وەڵامی پی نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەگر و شارەزایانی بوارەکە جۆرەها شیکردنەوە و خویندنەوەی جیاوازیان بۆ شانۆگەرییە هەرە بەناوبانگەکەی بیکیت (لەچاوەڕوانیی گۆدۆدا) کرد. لەوانەش: وترا گۆدۆ ئەو ئومیدەیە کە نایەت، ئەو ئومیدەیە کە ناچارین سەرباری هەموو ویرانییەکان چاوەڕیی بین، هەروەها وترا گۆدۆ مەرگە، یان سەرلەبەری شانۆگەرییەکە باس لە چاوەڕوانیی دەکات. یەکیک لە دەگمەنترین خویندنەوەکان ئەوەیە کە دەڵێ: گۆدۆ بەرچاوڕوونییە لەبەرامبەر شڵەژان و ناڕوونی مەسەلەکان و ئاڵۆزیی و سەختییانە بۆ تیگەیشتن.
چرکەساتی هاتنەوەی ترامپ ڕێک لە شانۆگەرییەکی قوتابخانەی ناماقووڵ دەچێت. زاڵترین خوێندنەوەی شانۆگەرییەکەی بیکیت بۆ ئەم دۆخەی جیهان و هاتنەوەی ترامپ، دوا خوێندنەوەیە. لە دواییدا ترامپ هات. بەر لە هاتنیشی هەندیک لەشتەکانی گۆڕی. ئاگربەستی سەپاند بەسەر نەتەنیاهۆ و حەماسدا. بە ئەجیندایەکی ئامادەوە گەیشتە کۆشکی سپی، بۆیە بەبێ وەستان دەستی کرد بە ئیمزاکردنی بڕیار و فەرمانەکانی کە هەندێکیان شتێکی ئەوتۆیان بۆ جیهانی ناماقووڵەکەی بیکیت و گەورە ئەدیبانی قوتابخانەی ناماقووڵ نەماوە.
لە یەکیک لەهەرە سەرەتاییەکانیدا، باس لەوە دەکات شەڕی غەزە هی ئەمریکا نیە، و لەوانەشە ئەو ئاگربەستە تێک بچێتەوە. کەچی هەر لەو لیدوانەدا باس لە ئاوەدانکردنەوەیەکی جیاوازی ناوچەی کەرتی غەزە دەکات. دەکرێ لەمەودوا ئەمە وەکو ستایڵێکی تایبەت بە ترامپ بکەینە پیوەر بۆ هەوڵدان لە تێگەیشتنی لیدوان و بڕیار و سیاسەتەکانیدا. کە هەردوو بەشی یەک لیدوانی تەواو پیچەوانەی یەکترن. بەمەش ترامپ هەمووان دەخاتە دۆخی لیکدانەوەی لیدوانەکانی بەڵام لەوانەیە تەنها خۆی بزانیت، مەبەستەکە چیە و بۆچی بەوجۆرە دەریدەبڕێت. لەم کەیسەدا وەکو نموونە دەکریت هەوڵ بدەین خویندنەوەیەک بخەینە ڕوو، وەک هەوڵدانیک بۆ میکانیزمی بیرکردنەوە و دەربڕینەکانی ئەم پیاوەی وەکو ئیمپراتۆریکی سەرکەوتوو ڕەفتار دەکات.
دوێنێشەو ڕۆژنامەی ئەلدیاری لوبنانی لێدوانێکی زۆر سەیری ترامپی بڵاو کردۆتەوە، کە تێیدا باس لە هاوڕێیەتی خۆی و ئەردۆغان دەکات، بەڵام هاوکاتیش باس لەوە دەکات کە هاوبەشەکانمان -کە دیاری نەکردوون- شایستەی حوکمڕانیی سوریان، نەک ئەو ڕێکخراوانەی شەڕمان دەکردن، ئینجا دەڵێ داوا لە ئەردۆغانی هاوڕێم دەکەم جۆلانیی ڕادەستی هەواڵگریی ئەمریکا بکات.
ئینجا بۆ تێگەیشتن لەم لێدوانە پڕ لەناکۆکییەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەک بۆ نموونەی لێدوانی یەکەمی بکەم:
نەتەوە یەکگرتوەکان باس لە پیویستیی ١٤ ساڵ دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە، لەبەرامبەردا ئاوەدانکردنەوەی ئەم ویرانەیە پیویستی بە چۆڵکردنی ناوچەکەیە، کە پلانی ڕەوتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل باسی لە گواستنەوەی یەکجارەکیی دانیشتوانی غەزە بۆ ناوچەی سینای میسر دەکرد. ئەو سیناریۆیەی میسرییەکان قبووڵیان نەکرد. بۆیە هاوکات لەگەڵ لێدوانەکەی ترامپدا و دوور لە لێدوانەکەشی، میدیای ئەمریکی لە هەندێک سەرچاوەی بەرپرسی ناو ئیدارەکەی ترامپەوە باس لە گواستنەوەی دوو ملیۆن غەزاویی بۆ وڵاتی ئەندۆنیسیا دەکەن. لەپاڵ ئەم لیدوانانەدا هەندیک دەنگوباس پەیدا بوون کە جارید کۆشنەری زاوای ترامپ پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەکە جێبەجێ دەکات. وەک دەبینین، لیکدانەوە و دۆزینەوەی کۆدەکانی پشت لیدوان و بڕیارەکانی ترامپ زۆر ئاڵۆز و سەختە، پێویستیشی بە پەیداکردنی زۆرترین زانیاریی و شارەزاییە لە پیچوپەناکانی ئەو کەیسەی کار لەسەر تێگەیشتنی دەکەین.
ئەم دۆخەی ناکاوەی جیهان هیچی جیاواز نیە لە جیهانی شانۆی ناماقووڵ: ترامپ بەبی دوودڵیی و بە یەک ئیمزا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان دەکشێتەوە. ناوی کەناڵی مەکسیک دەگۆڕێت، داوای کەنەدا و گرینلاند دەکات. لە داهێنانێکی تەواو جیاوازی شانۆی ناماقووڵدا، کاراکتەری وەکو ئیلۆن ماسک پەیدا دەبن، کە داوا دەکات بەریتانیای مەزن ببیت بە بەشێک لە ئەمریکا، ڕاستەوخۆ دادەبەزێتە سەر ستەیجی ململانێی هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا و پشتگیری ڕاستڕەوەکان دەکات.
نموونەکانی عەبەسییەتی ئەم شانۆگەرییە ناماقووڵە یەکجار زۆرن کە بە وتارێک و دوان سیان تەواو نابن، بەڵام لە لێکچوونێکی زۆر سەیریدا لەگەڵ کەشی شانۆگەریی لەچاوەڕوانیی گۆدۆدا، کاراکتەری پۆتزۆ لە واقیعە نێودەوڵەتییەکەی ئێستادا بەزقی بەرجەستە دەبێت.
لە شانۆنامەکەی بیکیتدا کاراکتەرێک هەیە ناوی پۆتزۆیە کە لە بەشی یەکەمی شانۆنامەکەدا زۆر بەهیز و لووتبەرز دەردەکەوێت پەتێکی خستۆتە ملی کاراکتەری خزمەتکار، یان کۆیلەکەی کە ناوی (لەکی)یە، کەچی لە بەشی دوەمدا کە لەو سەرەوە دەگەڕێتەوە، شپرزە و پەککەوتە و تێکشکاوە کە بینایی کز بوە بە جۆریک کە لەڕۆیشتندا دەکەوێت بەسەر لەکیدا و تەنانەت ڤلادیمیر و ئیستراگۆنیش ناتوانن ڕاستیان بکەنەوە، بەڵکو ئەوانیش دەکەون بەسەریاندا. ئایا ئێستا دۆخی ئێران ڕێک و بێ پێچوپەنا لە کاراکتەری پۆتزۆ ناچێت؟ ئەی لەکی لە میلیشیا تێکشکێنراوەکانی ئێران ناچێت، کە تەواو وەکو دوا دەرکەوتنی لەکی لە شانۆنامەکەی بیکیتدا پەکی کەوتوە و توانای بیستنی نەماوە؟
بۆ کۆتایی ئەم وتارە ناچارم باسی ئەو ڕاپۆرتە بکەم کە ساڵی ١٩٦٤ خاوەنی کتێبی شانۆی هاوچەرخی فەرەنسی، دکتۆر لوتفی فام بڵاوی کردۆتەوە و باس لەوە دەکات کە بیکیت ئەم شانۆنامەیەی لەژێر کاریگەریی ئەزموونێکی شەخسیی خۆیدا نووسیوە. ئەو دەگێڕێتەوە کە جارێکیان یەکێک لەبێلانەکانی پاریس پەلاماری دەدات و چەقۆیەک دەکات بە سنگیدا، هەربۆیە کاراکتەرەکانی ناو شانۆنامەکەی، بەتایبەتیش ئیستراگۆن، یەکێک لەو بێلانانە. ئەم حیکایەتی دکتۆر فام دیمەنەکەی هێندەی تر عەبەسیی دەکات.. دەکرێت بەدیوێکی تردا پێمان بڵێ: هەموو ئەو لێکدانەوە و هەرایەتان هیچ نیە جگە لە ئەزموونێکی تاڵ سامۆئیل بیکیت خۆی. لەم ڕوانگەیەشەوە دەکرێ، هەرچی خوێندنەوە و تەفسیر و هەرامان هەیە، دیوێکی شاراوەی لای ترامپ خۆی لەپشتەوە بێت.
جیاوازیی ئەم دۆخە نێودەوڵەتییە لە فەزای ناو شانۆنامەکەی بیکیت ناماقوڵترە، بەڵام مەرج نیە عەبەسیی بێت وەکو ئەو. چونکە ڕۆژەکانی شانۆنامەکەی ترامپ وەکو ڕۆژەکانی شانۆنامەکەی بیکیت لێک ناچن. ئەوەی بە هەڵهاتنی بەشار ئەسەد گۆڕاوە، لەوە گەورەترە کە بەشی هەرە زۆری عەقڵە لۆکاڵ و داماوەکانی ئێمە تێیبگەن، بەڵام ئەو گۆڕانە گەورە و جیاوازانەی بەڕێوەن زۆر گەورەتر و جیاوازترن. زۆر بەکورتیی، ئەمەی دەیبینین تەنها کردنەوەی یەکەمین پەردەی شانۆنامە نێودەوڵەتییەکەیە، واتا تەنها دەروازەکەیە.