بە گشتی لاوازبوون و نا سەقامگيری هەر یەک لە چوار دەوڵەتە داگيرکەرەی کوردستان لە بەرژەوەندی کوردە. یان کاتێک ئەو دەوڵەتانە لە بەرەی دژە ئەمريکا و سيستەمی جيهانی دەبن، دەرەفەت بۆ کورد درووست دەبێت بگات بە کۆمەڵێک لە دەستکەوت. چونکە ئەمريکا بۆ لاوازبوونی ئەو دەوڵەتانە کورد بەکاردەهێنێت، دواجار سوودێکی گەورەی دەبێت بۆ کورد. بۆ نموونە دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور بە هۆی شەڕ وململانێی سەدام بوو لەگەڵ ئەمريکا. ڕۆژئاوای کوردستان و سوريای ئەسەد نموونەیەکی ترن. لە ئێستاشدا هيوایەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بە هۆی پەيوەندی ڕژێمی ئێران و ئەمريکا. تورکيا چونکە دەوڵەتێکی ئەندام لە ناتۆ و هاوپەيمانی ئەمريکایە، باکوری کوردستان کەمترين هيوای هەیە، سەرەڕای ئەوەی گەورەترين پارچەی کوردستانە وەک دانيشتووان و ڕووبەر.
ئەو گريمانە و فاکتانەی ئاماژەی پێکرا، گشتييە و زۆربەی کات بەو شێوەیەیە، بەڵام لەهەندێک بارودۆخی تايبەت و وردەکاريدا، تا ڕادەیەک ئەو گريمانەیە پێچەوانە دەبێتەوە. بۆ نموونە لاوازبوونی پێگەی ئێران لەم شەڕەی ئيسرائيل، بە گشتی دەکرێت سوودی بۆ ڕۆژهەڵات و باشوور هەبێت. لە ڕوویەکەوە سوودی بۆ ڕۆژئاوای کوردستانيش هەبوو، چونکە چەند ساڵێک بوو ميليشياکانی ئێران لەوانەی تورکيا زیاتر هێرشيان دەکردە سەر ڕۆژئاوا و کێشەیان بۆ درووست دەکرد. ڕۆژئاوا سێ دووژمنی سەرەکی هەبوو، یەکەميان تورکيایە، پاشان ئێران و دەوڵەتی سووريا (سووريا سەرەکيترين و کاريگەرترينە داواتر ئاماژەی پێدەکەم). ئێستا دانەیەکيان کە ئێرانە دەرکرا.
لە ڕوویەکی ترەوە، دەرکردنی ئێران لە سووريا بەو ئاسانييە و بەو ماوە کورتە، لێکەوتەی خەراپ و ترسناکی هەبوو و هەیە لەسەر ڕۆژئاڤا؛ چونکە ١. ڕاستەوخۆ هەردوو هەڕەشە سەرەکييەکەی تری زۆر بەهیزتر کرد (تورکيا و دەوڵەتی سووريا)، هەردووکيانی کردە هاوپەيمان و یەک بەرە. ٢. لابردنی ئەسەد و دەرکردنی ئێران و تا ڕادەیەک کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی ڕووسيا لە سووريا، واتە کۆتایهێنان بە ڕۆڵی بەرەی دژە ئەمريکا. لەبەرانبەردا کۆمەڵێک دەوڵەتی تر بوونە بکەری سەرەکی لە سووريا: ئيسرائيل کە هۆکاری سەرەکی و ئەندازياری پڕۆژەی لابردنی ئەسەد و ئێرانە و نزيکترين هاوپەيمانی ئەمريکایە؛ تورکيا ئەندامی ناتۆ و هاوپەيمانی کۆنی ئەمريکا. گۆڕانی هاوکێشەکە بەم شێوەیە، وا دەکات دەوڵەتی نوێی سوريا هەر کێ حوکمی بکات، دەرەفەتی زیاترە لە لایەن ئەمريکاوە قبوڵبکرێت بە براورد بە سوريای ژێر دەسەڵاتی ڕووسيا و ئێران و ئەسەد.
٣. فاکتەری سەرەکی و فيعلی، نەک یاسایی و فەرمی، بۆ پشتگيری ئەمريکا لە ڕۆژئاڤا، بريتی بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی ڕووسيا و ئێران لە سووريا، ئێستا ئەم فاکتەرە نەما. ئەگەر ئەمريکا و ئيسرائيل دژی حکومەتی نوێی سووريا و پڕۆژەکەی ئەردۆگانيش بن، لەوانەیە نەگاتە ئاستی ئەو دژایەتییەیی ئەوان بۆ بەرەی ئێران. واتە، ئەگەر هەیە ئاستی پشتگيری ئەمريکا بۆ ڕۆژئاڤا کەمتر بێت، بە تايبەت بۆ ئايندە.
٤. ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی نا سەقامگيری و شەڕی ناوخۆ و ململانێی بەرەکان لە سووريا دامەزرا و بەهێز بوو. دەرکردنی ئێران ڕێگەخۆش دەکات بۆ کەمبوونەوەی ئەو نا سەقامگيری و ململانێ و شەڕانە. واتە فاکتەرە سەرەکييەکانی درووستبوون و بەهیزبوونی ڕۆژئاڤا نەمان یان لاوازبوون.
لە سەرەتای ڕووداوەکانی کەوتنی ئەسەد، بە ڕوونی دەرک بەوە کرا کە هەڕەشەکان لەسەر ڕۆژئاوا زیاتر بوون و خودی هەسەدەش شڵەژانێکی گەورەی پێوە دياربوو.
٥. دەرکردنی ئێران دەرەفەتێکە بۆ دووبارە درووستکردنەوەی دەوڵەتی سووريا. دەوڵەتی سووريا لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوشێوەی تورکيا لە باکور و ئێران لە رۆژهەڵات و عيراق لە باشوور، واتە بە فەرمیکردن و بە یاساییکردنی داگيرکردنی کوردستان و چەوسانەوەی کورد. تا ئەمڕۆش داگيرکارييەکانی تورکيا لە ڕۆژاڤا، لایەنی کەم بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی و ئەمريکا و ئەوروپا... داگيرکارييە و نا یاساییە، بۆیە فشار و ڕەخنەی بەردەوام لەسەر تورکيا هەیە. بەڵام دەوڵەتی سووريا دەتوانێت لە داگيرکارييەکانی تورکياش خەراپتر بکات دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان کەچی شەرعيەتی نێودەوڵەتی و یاسایی دەبێت. دەبێتە بابەتێکی ناوخۆ. بە ململانێيەکی ناوخۆ وەسف دەکرێت، یاخود بە چەسپاندنی سەروەری دەوڵەت.
لێرەوەیە، بە پێچەوانەی زۆربەی کوردەوە، پێموایە نەمانی هەژموون و سوپا و ميليشياکانی تورکيا لە سووريا وەک ئەوەی لەگەڵ ئێران ڕوويدا، هەڕەشەیەکی نوێ و جديتر لەسەر ڕۆژئاڤا درووست دەکات. ئەو کات ئەمريکاش پاساوی نامێنێتەوە بۆ مانەوە، تەنيا دەوڵەتی سووريا بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان دەمێنێتەوە، یاسا و شەرعيەت لەگەڵ سوريایە. ئەو کات تورکيا ئەگەر خۆيشی بەشداری پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان نەکات، دەتوانێت هەموو جۆرە چەک و زانيارييەک بداتە حکومەت و سوپای سووريا لەو شەڕەدا، بە ناونيشانی پەيوەندی و ڕێککەوتنی سياسی و سەربازی و ستراتيژی نێوان دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەری، ئەمە یاساییە و شەرعييە لە یاسا و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان.
سەبارەت بە عيراق و باشووری کوردستان، بەشێک لە کورد پێیوایە دەرکردنی ئێران لە عيراق بە هەمان شێوەی دەرکردنی لە سووريا سوودی بۆ هەرێم و کورد دەبێت. لە ڕاستيدا ئەمەش وردەکاری و گريمانەی تر لە خۆدەگرێت. چونکە: ١. تا ئەمرۆش ئەمريکا پشتگيریيەکی جدی مانەوەی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە دەوڵەتی عيراق لەژێر هەژموونی ئێرانە. بۆ مانەوەی کارتێکی فشار، یان هاوسەنگييەک لە عيراق، مانەوەی هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی ئەمريکایە. دەرکردنی تەواوەتی ئێران لە عيراق دەکرێت ڕێگە خۆش بکات بۆ سەرهەڵدانی حکومەتێکی عيراقی پڕۆ ئەمريکا و ئيسرائيل. یان لایەنی کەم، هاوشێوەی حکومەتەکەی سووريا، دژە ئێران بێت و لەگەڵ ئەمريکا و ئيسرائيل هيچ کێشەیەکی نەبێت. ئەو کات پشتگيری ئەمريکا بۆ عيراق زیاتر دەبێت لەسەر حيسابی هەرێمی کوردستان.
٢. لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و گورزە بەهێزەکان لە بەرەی ئێران، جموجۆلێکی سياسی و نهێنی و ميديایی... هەیە لە لایەن گروپێک لەو عيراقيانەی کە تەواو دژە ئێرانن و دەيانەوێت عيراقێکی نوێ دوور لە هەژموونی ئێران بنيات بنێنەوە. ئەمانە لە سووننە و شيعە پێکدێن، زیاتر لە دەرەوەی عيراق دەژين، پشتگيری ناوخۆيان هەیە. بەشێکی زۆريان باوەڕيان بە ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکانی عيراق و ئيسرائيل هەیە. لەبەرەی ئەمريکا و ئيسرائيل و سعوودييە و ئيماڕاتن. "المجلس الوطني للمعارضة العراقية" بەشێکە لەو گروپ و جموجۆڵە. دەنگۆ هەیە کە وەفد و نوێنەريان لەگەڵ تڕەمپ کۆبووەتەوە سەبارەت بە پڕۆژەکەیان. ئەو ئەنجومەنە ساڵانێکە درووستبووە، بەڵام لەگەڵ کەوتنی بەرەی ئێران و هاتنەوەی تڕەمپ چالاکی و جموجۆڵيان زیاد و جدی بووە. ئەمانە هەرچەند لەسەر ئاستی درووشم و گوتار زۆر دۆستی کوردن، بەڵام لە پراکتيکدا لەوانەیە لە سەدامەوە نزيک بن. گۆڕينی سيستەمی سياسی عيراق لە پەرلەمانييەوە بۆ سەرۆکایەتی، نووسينەوەی دەستورێکی نوێ لە ئامانجە سەرەکييەکانيانە. ئەگەر ئەم جۆرە لە گۆڕانکاری ڕووبدات لە عيراق، ڕاستە ئێران دەکرێتە دەرەوە، بەڵام زەمينە دەڕەخسێنێت کە عيراق بکاتەوە بە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و بەهێز، لەهەمووی ترسناکتر، پشتگيرييەکی گەورەی ئەمريکا و ئيسرائيل و کەنداوی دەبێت. بۆ کورد هاوکێشەکە دەبێتە عيراقی سەردەمی سەدام بە پشتگيری ئەمريکا!
٣. هەژموونی ئێران لە عيراق لەگەڵ ئەوەی کێشە و فشاری زۆر بۆ کورد درووست دەکات، بەڵام ناڕاستەوخۆ، فاکتەری سەرەکیيە بۆ پشتگيری ئەمريکا لە مانەوەی هەریم. بۆ نموونە فاکتەری سەرەکی بۆ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان هێرشی سەدام بوو بۆ سەر کوێت، بێ گومان سەدام مەبەستی لەو هێرشە ئەوە نەبوو هەرێمێک بۆ باشوور درووست ببێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ، کارلێکی فاکتەر و هاوکێشە سياسييەکان ئەوەی لێ کەوتەوە.
سوودی کورد لەوەدایە ئێران و تورکيا لاواز بن و سەرقاڵی قەيڕان و ململانێی تر بن. بۆ نموونە سوودێکی گەورەی بۆ کورد دەبوو ئەگەر ئێران بيتوانيایە بۆ ماوەیەکی درێژ لە سووريا شەڕی بکردایە. ئەو کات هەردوو بەرەی ئێران و تورکيا لاواز و ماندوو دەبوون، شەڕەکە تا ڕادەیەک لە کورد دووردەکەوتەوە، دەرەفەتی دەدا کورد چەک و خاک و پێگەی زیاتر بەدەست بهێنێت لە ڕێگەی ئەمريکاوە. جگە لەوەی سووريا وێرانتر و نا سەقامگيرتر و لاوازتر و دابەشکراوتر دەبوو. لە عيراقيش بە هەمان شێوە، ئەم هەژموونە گەورەیەیی ئێران لە زیانی کوردە، بەڵام لەناوبردنی بەو شێوەیەیی لە سووريا ڕوويدا، کۆمەڵێک هەڕەشە و مەترسی تر دەخاتە بەردەم کورد. باشترين سيناريۆ بۆ کورد ئەوەیە ئيسرائيل و ئەمريکا لە حەشد و ئێران بدەن لە عيراق و دۆخەکە بەرەو شەڕێکی درێژ و کاولکاری بڕوات، ئەو کات ئێران و حەشد لاواز دەبێت، عيراق زیانی گەورەی بەردەکەوێت. لە دۆخیکی وادا عيراق و حەشد و ئێران تەرکيزيان کەمتر دەبێت لەسەر کوردستان و پێگەی هەرێميش گرنگتر دەبێت و هاوکاری پێشکەش دەکرێت.
تەنانەت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانيش ئەم گريمانەیە دەکرێت لایەنی ڕاستی تیا بێت. ڕووخانی ڕژێم بە شێوەیەکی کتوپڕ و خێرا، پاشان درووستبوونی حکومەتێکی نوێی پڕۆ ئەمريکا و ئيسرائيل، لە سوودی ئێران دەبێت وەک دەوڵەت، فارسەکان سوودمەند دەبن نەک کورد. ئەو کات ئێران بە پشتگيری و شەرعيەتی ديموکراسی و ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەوێتە دژایەتی ڕۆژهەڵات. چونکە ئێرانی خامنەیی و ئێرانی فوول ديموکرات، بۆ پرسی کورد و بەلوچ، هەمان تێڕوانينی هەیە، بەڵام ئێرانی ديموکرات بە پشتگيری نێودەوڵەتييەوە ئەو شەڕەی کورد دەکات. ئەوەی بۆ ڕۆژهەڵات سوودی دەبێت، ئێران گورزی سەربازی لێبدرێت، بەرەو نا سەقامگيری و شەڕی ناوخۆ بچێت، لە دۆخی جەنگدا بێت بۆ ماوەیەک درێژ، هاوشێوەی سووريا، ئەو کات دەکرێت قەوارەیەکی کوردی دابمەزرێت بە پشتگيری ئەمريکا.
ئەوەی باسکرا بە دڵنياییەوە لە توانا و ويستی کورد نييە درووستی بکات یان ڕێگری لێ بکات. بۆ نموونە ئەگەر پڕۆژەکەی ئيسرائيل نەبوایە، ئێران لە سووريا دەرنەدەکرا، نە تورکيا و جۆلانی و خەڵکی سووريا، نە وڵاتانی عەرەبی نەيانتوانی بەشار بڕوخێنن، تەنانەت نە ئەمريکاش. بۆیە پێش حەوتی ئۆکتۆبەر تا ڕادەیەکی زۆر ڕژێمەکەی ئەسەد لە لایەن تورکيا و وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت تا ڕادەیەک لە لایەن ئەمريکا و ئەوروپاشەوە قبوڵکرا. ئەوەی ڕوويدا تەنيا لە توانا سەربازی و هەواڵگرييەکانی ئيسرائيلدا بوو. مەبەستی من لێرە ئەوەیە پێويستە بە شێوەیەکی گشتگيرتر و پڕ وردەکاری تەماشای هاوکێشەکان بکرێت، دەرکردنی ئێران لە سووريا و عيراق مەرج نييە تەنيا سوودی بۆ کورد هەبێت، دەکرێت زیان و هەڕەشەی گەورەشی هەبێت. دەرکردنی تورکيا لە هاوکێشەی سووريا، سوودی بۆ کورد دەبێت، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە مەترسی و هەڕەشەی تر درووست دەبێت. کورد گرنگە بزانێت لە هەر پارچەیەک هەڕەشە و دووژمنی یەکەم، دەوڵەتە داگيرکەرەکەی ئەو پارچەیەیە. گەورەترين مەترسی بۆ سەر باشوور عيڕاقە، پاشان ئێران و تورکيا و سووريا. بۆ پارچەکانی تريش بە هەمان شێوە. هەر وەک چۆن ئەو دەوڵەتانە ستەمکار یان دژە ئەمريکا بن زیانی گەورە بە کورد دەگەيەنن، بەڵام لەو دۆخەدا کورد دەبێتە کارتێکی فشار بۆ ئەمريکا و سوودی بۆ کوردستانيش دەبێت. بە هەمان شێوە دەکرێت بە ديموکراتيبوونی ئەو دەوڵەتانە زیانەکەی زیاتر بێت، چونکە ئەو کات کورد وەک کارتێکی ئەمريکا ناتوانێت دەستکەوتی هەبێت.
ئەو چوار دەوڵەتە، هەر فۆڕمێکيان هەبێت، دژی کوردن، بەڵام کاتێک ديموکرات و پڕۆ ئەمريکا دەبن، شەرعيەتيان دەبێت بۆ ئەو دژایەتييە. هاوکات کاتێک سەقامگير و خاوەن سەروەری و بەهێزن زیانی زیاتريان بۆ کوردستان هەیە، کاتێک لاواز و نا سەقامگيرن، کورد زیانی کەمتر بەردەکەوێت و ئەگەری بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاترە.
پرسيار ئەوەیە ئایا دەکرێت بۆ ئەوەی قەوارەیەکی کوردی هەبێت، مەرجی سەرەکی ئەوە بێت شەڕ و نا سەقامگيری و ململانێ هەبێت لەناو ئەو دەوڵەتانە؟ بێ گومان ڕۆژێک هەر سەقامگير دەبن و قبوڵکراو دەبن لای ئەمريکا، وەک تورکيا. لێرەوە دەچينەوە سەر کارەساتە گەورەکەی کورد کە دەوڵەتی نييە، تاوەکو دەوڵەت نەبێت، جگە لەو گريمانانە کورد ناتوانێت خۆی حکوم بکات و خۆی بپارێزێت. بۆیە هەموو چارەسەرێک، جگە لە دەوڵەت، چارەسەری کاتی و لاواز و نەپارێزراون. لەم دۆخەدا کورد نە دەتوانێت دەوڵەت درووست بکات نە سەرکردە و حيزبەکانی دەيکەنە داواکاری و درووشمی سەرەکی، بێ گومان دەبێت تەنيا پشت بەو جۆرە هاوکێشە و هەلە کاتی و نا جێگيرانە ببەسترێت.