دواین هەواڵ

باڵانسی هێز لە ناوچەکە تێکچوو: هەولێر و قامشلۆ دانیشتنیان کرد

‌مەیسەم مورادی

پێش 3 هەفتە

دانیشتنەکەی دوێنێی مەسیف سەلاحەدین، گرنگی تایبەت بەخۆیەوە هەیە کە دەبێت لە زۆر ڕوانگەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. دروستبوونی بۆشایی هێز لە سووریا، کوردی بردە قۆناغێکی نوێوە؛ بوونی خاک و هێز، وایکرد لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، کورد باس لە دروستکردنی قەوارەیەکی نوێی دیکە بۆ خۆی بکات. دۆخی نوێی کوردستان، بەرهەمی زۆر فاکتەری جیاوازە، کە دەکرێت لە ڕوانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لەم نووسینەدا سەرنج دەخەمە سەر چەند خاڵی ورد، کە بە بۆچوونی من، لێکەوتەکەی ئەوە بوو کە سەرکردایەتی دوو بەشی کوردستان، لە هەولێر تاوتوێی ئەوە بکەن کە چۆن هەنگاو بنێن بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی نوێی لە ڕۆژئاوای کوردستان. بۆیە کۆبوونەوەکەی مەسیف سەلاحەدین لە بۆشاییدا دروست نەبوو، بەڵکوو بەرهەمی زۆر گۆرانکاریی بنەڕەتی ناوچەیی و جیهانی بوو.

ڕووداوەکانی ٧ی ئکۆتیبەری ٢٠٢٣، هەموو ناوچەکەی تووشی گۆرانکاریی بنەڕەتی کرد و کوردستانیش پشکی سەرەکی بەرکەوت لەم گۆرانکارییانەدا. کەوتن و لاوازبوونی یەکە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران، بووە هۆی ئەوەیکە محوەری مقاومەت تووشی پاشەکشەی گشتی بێت و دەستی لە زۆر وڵات کورتبکرێتەوە. لاوازکردنی ئێران لە لایەن ئامریکا و ئیسرائیلەوە، بووە هۆکاری ئەوەیەکە ئێران لە سیاسەتی دەرە و قووڵایی ستراتیجی خۆیدا تووشی چەڵەمە بێت و قۆناغ بە قۆناغ، لە غەززە بۆ لوبنان، لە لوبنان بۆ سووریا و لە سووریاوە بۆ عێراق پاشەکشە بکات و بێگومان دەبێت لە عێراقەوە بۆ ناوخۆی ئێران، هەنگاوێکی دیکە بچێتە دواوە. ئەم هەموو گۆرانکارییانە لە ماوەی ١٥ مانگی ڕابردوودا ڕوویدا و هەمووی کاریگەری پلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستی نوێی ئێسرائیلە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پلانەی ئیسرائیلدا، تورکیا بە پلانێکی نوێ هاتە ناو هاوکێشەکان و بە پاڵپشتیکردنی گرووپەکانی ناو سووریا، ویستی پێگەیەکی نوێ بۆخۆی لە ناوچەکە دروست بکات، بەڵام راستییەکە ئەوە بوو کە ئیسرائیل و ئامریکا ڕێگەیان بە تورکیا نەدا لە سووریا زۆر بچێتە پێشەوە و هەموو ئامانجەکانی خۆی بپێکێت. پێشگرتن بە تورکیا و پاشەکشەپێکردنی ئێران، هاوکات نەمانی بەشار ئەسەد، دۆخی کوردستانی تووشی گۆڕانکاریی کرد.

ئیسرائیل بە پلانی نوێ بۆ داڕشتنەوەی شێوەی حوکمڕانی نەریتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە پاڵپشتی ئامریکا، بە هەموو هێزی خۆیەوە دەچێتە پێشەوە و بێگومان کوردستانیش بەشێک دەبێت لە هەرجۆرە گۆرانکارییەک کە لە ناوچەکە دەکرێت. جیا لە پێویستی کورد بۆ یەکگرتن و نزیکبوونەوە، ئەو خاڵانەی کە هۆکاری سەرەکی بوون کە دانیشتنەکەی دوێنێ رووبدات، پێکدێت لە پرۆژە زەبەلاحە دەوڵەتییەکان و هەروەها تێکچوونی باڵانسی هێز لە ناوچەکە؛ دوێنی دۆخێکی نوێ لە کوردستان هاتە پێشەوە، لەبەر ئەوەیکە:

یەکەم، باڵانسی هێزی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق، تێکچووە: ئێران تووشی پاشەکشەی بێ وێنە بووە، تورکیا ڕووبەڕووی دیواری ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، میسر، ئامریکا، فەڕەنسا و ئاڵمانیا بووە و ڕێگەی پێنادەن بەوجۆرەی کە خۆی دەیەوێت بچێتە پێشەوە.

دەوڵەت لە سووریا داڕماوە و بۆشایی هێز دروست بووە. عێراقیش پشکی لاوازبوونی تورکیا و ئێران و سووریای بەرکەوتووە.

دووەم، پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستی نوێ، ئەوە دەخوازێت کە ڕێگە بە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان وەک کورد بدرێت کە زیاتر بچنە پێشەوە، بۆیە دانیشتنەکەی دوێنێ بە هاوکاری و ئاگاداری ئامریکا ئەنجامدراوە.

سێیەم، هەبوونی پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا دەوری زیاتر بە باشووری کوردستان دەدات کە هەنگاوی کردەوەیی بنێت و تێکەڵاوی هەموو پرسەکانی پەیوەست بەو بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە بێت.

چوارەم، ڕاستییەکە ئەوەیە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەزانن کە نەمان یان لاوازبوونی هەر یەکێک لەو بەشانەی کوردستان، راستەوخۆ کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو بەشەکە، هەروەها بەهێزبوونی هەربەشێکیان، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئەو بەشەکە، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەردوو بەشی کوردستان، لە ئێستادا بەپێویستی دەزانن لەگەڵ یەکتر زیاتر نزیک ببنەوە و چاوپۆشی لە زۆر بابەت بکەن.

هەموو ئەم بابەتانە لەگەڵ ئەوەدا کە لە ئێستادا پێویستییەکی مێژووییە بۆ کورد، کە تا ئاستێک باڵانسێک دروست بکات لەپێش تورکیا و ئێران، بۆ ئەوەیکە فشارەکان بەتەنیا لەسەر یەک بەشی کوردستان نەبێت.

لە کۆتاییدا، دەتوانم بڵێم کە لە دوێنێوە دۆخی کوردستان گۆرانکاریی بەسەردا هات، ئێمە تێکەڵاوی گۆرانکارییەکانی ناوچەکە بووین و چ بمانوێت و چ نەمانوێت، کوردستان بووە بە بەشێک لە جوگرافیای بەریەککەوتنەکانی ناوچەکە، بۆیە خۆئامادەکردنی کورد بۆ دەرفەتی گونجا، تاکە ڕێگەیە کە دەبێت لەپێش بگیردرێت و لەم ئارستەیەدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێت هەنگاوی کردەوەیی هەڵبنێن بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر و پێکهێنانی ناوەندێک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەر ئەوەیکە ڕەوتی رووداوەکان ئەوەندە خێراییەکی زۆرە، کە رەنگە لە کاتێکدا کە قەت چاوەڕوانیمان نییە، جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەکتیڤ بکرێتەوە و پەیوەست بێت بە پشتێندەی کوردییەوە. ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەت، هیچ گەڕانەوەیەکی نییە و بە هەموو هێزی خۆیەوە دەچێتە پێشەوە. بۆیە پێویستی مێژووییە کە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، لەبەر ئەوەیکە تا ئاستێکی زۆر باڵانسی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە قازانجی کورد شکاوەتەوە. تێکچوونی ئەم باڵانسە، هۆکارە بۆ ئەوەیکە دوو سەرکردەی کورد، کە خاوەن هێز، خاک، ئابووری و پێوەندی نێودەوڵەتین، پێکەوە باس لە بونیادنانی حکومەتێکی نوێی کوردی بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP