دواین هەواڵ

شەش ڕۆژ (تەور)ەکە (تیژ) بکە یەک ڕۆژ دارەکە (ببڕە)وە

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

2 رۆژ پێش ئێستا

ئەو وتەیەی کە دەڵێت "ئەگەر حەوت ڕۆژم هەبوایە بۆ بڕینی دارێک، شەش ڕۆژ خەریکی  تیژکردنەوەی  تەورەکەم دەبووم "، زۆرجار دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەبراهام لینکۆڵن، بەڵگەیەکم دەستنەکەوت ئەو وتویەتی یان نا، بۆ من گرنگ ماناو مەغزای پشت قسەکەیە.

زۆرێک لە نووسەرانی بەناوبانگ  دووپاتیانکردۆتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە باشی بنووسێت، دەبێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بخوێنێتەوە. ئەمە پەیوەندییەکی ژیانییە لە نێوان خوێندنەوە و نووسیندا، بناغەی  پرۆسەی هزرین وداهێنەرانەی فکریشە.

ستیڤن کینگ، تەماشا بکە، لە کتیبە بەناوبانگەکەی سەبارەت بەنوسین (Memoir of the Craft On Writing) دا دەڵێت، “ئەگەر کاتت نەبێت بۆ خوێندنەوە، ئەوا کاتت هەر نییە، ئەمە بۆ ئامرازەکانی نوسینیشت ڕاستە.

بە زمانێکی سادە، خوێندنەوە چی دەبەخشێت؟ نووسەران بە بیرۆکەی جۆراوجۆر، زەمینە مێژووییەکان، کولتوورەکان، فەلسەفە وئەزموونەکانی مرۆڤ ئاشنا دەکات.  بێ ئەم بناغەیە، نوسین کرچ وکاڵ دەبێت. 

نووسەرێکی وەک (جەیمس باڵدوین) وهیدیکەیش پێ ئاشنام کە جەختیان لەوە کردۆتەوە، خوێندنەوە بەرەوڕووی شێواز و تەکنیکە جیاوازەکانت دەکاتەوە، پیشانمان دەدات کە  چۆن بەرهەمە گەورەکان بنیات نراون و دەنرین.

لەم ماوەیەدا کورتە فلمێکی ڕێبەری کۆماری  ئیسلامی ئێران (ئایەتوڵا  علی خامنەیی) بڵاوبۆوە کە لەبەر وەرگێڕانی قانون هێجگار ستایشی هەژار دەکات، بلیمەتێکی وەک هەژاری موکریانی کاتێک سینگاوسینگ خۆی لە وەرگێڕانی کتێبی (قانون در طب) یاسای پزیشکی دەدات، کە یەکێکە لە کتێبەکانی ابو علی سینا لە بواری پزیشکیدا، بەزمانی عەرەبی نوسراوەو ناوبراو دەیکاتە فارسی کارێک دەکات کە فارس خۆی پێی کرابا دەیکرد، پێیان نەکرا هەژار کردویەتی،  دەشگوترێت نزیکەی حەوت سەد ساڵ لە ناوەندە زانستییەکانی ئەوروپیدا وتراوەتەوە، تاقەتی عەبدلرەحمانی شەرەفکەندی ناسراو بەهەژار بەسەر هەردووزمانەکەدا بەرهەمی زەمەنێک خوێندنەوەی قوڵ و بەعەشقەوەیە،

خوێندنەوەی بەرفراوان ودانەبڕاو نوسەر بە وشەسازییەکی دەوڵەمەند و ئامرازی زمانەوانی جۆراوجۆرەوە ئامادە دەکات. ئەو نووسەرانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەخوێننەوە دەتوانن باشتر ئەو وشانە هەڵبژێرن کە مانای ورد دەگەیەنن. 
هەر نووسەرێک دەنگێکی تایبەتی هەیە، بەڵام ئەو دەنگە زۆرجار وەک چۆڕاوگەیەک تێکەڵی ئەوانی دیکە دەبێت و نامێنێت.

گابرێل گارسیا مارکیز کە خۆی دەڕژێت وهەرگیز جوانییەکانی داناپۆشرێن، سەلیقەکەی لە شێوازی شیعری لیریکی هاوچەرخدا دەگەڕێنێتەوە بۆ خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز و ئەدەبیاتی کلاسیک.

هاروکی موراکامی نوسەر، پێماندەڵێت کە خوێندنەوە ئەو ماددە سەرەتاییە بە نووسەران دەبەخشێت کە دەشێن شتی  لێ دروست بکەن.

تەماشابکە ئەوەی خەیاڵت بۆی دەچێت لە بازاڕ دەست دەکەوێت ودەتوانی بیبینی، ئەمەش چونکە پێش تۆ خەڵکێک خەیاڵەکانی کردۆتە کردار، لەبابەتی نوسینیشدا بەهەمان شێوەیە، لەوانەیە ئەو دێڕانەی تۆ بەشعری خۆتیان دەزانی ئاگادار نەبی و  پێشتر گوترابن، لەوانەیە ماندووبوونی کەسێکی دیکەت دووبارە کردبێتەوە، هەرئەمەشە وادەکات ئێمە لە زانکۆ نەتوانین لە سەر لێتریچەی سیاسی یان ئەدەبی سازش بکەین. 

بەرکەوتن بە ئەدەبیاتی هاوچەرخ لە سەرجەم بوارەکانی ئەدەب و زانستە مرۆییەکان وادەکات بێ ئاگاییانە نەچینە ناو پاوانی ئەوانی دیکەوە.

نووسین بەهرەیەکی زگماکی نییە بەڵکو پیشەیەکە کە لە ڕێگەی کاری قورسەوە وەک هەژاری موکریانی  دەستو پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکرێت. خوێندنەوە نووسەران فێری ئارامگرتن دەکات، کە خوێندتەوە دەزانی بەرهەمانێک  هەن ساڵانێک و هەندێکیان دەیان ساڵ مامانیان بۆکراوە تا لەدایک بوون.

زنجیرە بەرهەمێکم لەبەردەست دایە، هەندێکیان ساڵی 1997 دەستم پێیان کرد، دوایی سەردەمی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ئاوێتەی ڕووداو واقعە جۆپۆلیتیکییەکانی نوێم کردن ولەسەریان بەردەوام بووم، دواتر چاکتر تێگەیشتم، هەوێرەکەیان هێشتا بە ئەزموونی خوێندنەوە چاک نەشلێراوە وهێشتا بەچاپم نەگەیاندوون. 

بۆیە خوێندنەوەی دەقە چالاکەکان، وەک بەرهەمە فەلسەفییەکان یان شیعری چڕو توندوتۆڵ  لە ڕووی دەروونیش ڕاتدەهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاڵۆزییەکاندا مامەڵە بکەیت، ئەمەیە کارامەییت پێدەبەخشێت و هەرخۆیشی پێناسەی کارامەییە.

کاتێک لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی وەرگێران لە هەولێر  کارماندەکرد، بە کۆمەڵێک وەرگێڕی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاشنا بوم، لەڕووی هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی وئەمانەتی وەرگێرانەوە کەلای ئێمە چاپ دەبوون بابەتەکانیانمان دەخوێندنەوە، هەندێکیان هێندە لە کارەکەیاندا لێوەشاوە بوون حەزت دەکرد بیان خوێنییەوە، هەندێکیشیان بۆ شەڕفرۆشتن بە وشەو دیڕو پەڕەگرافەکان هاتبوون و شلوکوتیان کردبوون. 

لە ژیانی نووسەرە گەورەکان ورد دەبوینەوە، دەماندیت کە چەندە بە عەشقەوە خوێندویانەتەوە، لە تۆڵستۆیەوە تا ڤێرجینیا وۆڵف، زۆربەی زەبەلاحەکانی ئەدەبی جیهانی خوێنەری بەردەوام بو ون. وۆڵف لە ڕێگەی وتارەکانیەوە  لێکۆڵینەوەیەکی وردی لە شکسپیر و کلاسیکەکانی یۆنان کردووە، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شێوازی هۆشیاری وۆڵف و خەڵکی دیکەیش هەبووە.

لە زانکۆی کوردستان- هەولیر، زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و زاخۆ و زانکۆکانی دیکەیش توێژێک دەردەچێت، ئەستەمە  بەشی زۆری نوسینی ئێستەی نوسەرانی هەرێم لە فلتەرەکەیان دەرچێت. 

ئەمان فێردەبن کە نەک نوسینەکە، بەڵکو جارێ شێوازی نوسینەکە خۆی زانستێکە، یاساو ڕێسای خۆی هەیە، جارێ نوسەری حزبی نەشارەزا سەرەڕای ئەوەی دەرفەت و دارایی لەبەردەستە نازانێ و نایەوێت بزانێ چۆن (دژە ئارگومێنت)ی خۆیان بەکاربهێنن. 

خوێندنەوەی مێژووی

 ئەو نووسەرانەی کە لە مێژوودا قووڵ دەبنەوە  جا لە ڕێگەی کتێب یان وتارەوە بێت، یاخود چیرۆکی خەیاڵی مێژووییەوە بێت، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پەیوەندییەکانی هۆکار و کاریگەری، وردەکارییە سیاسییەکان و ڕەفتاری کارەکتەرەکان بە تێپەڕبوونی کات بەدەستدەهێنن. 

 ئەمەیش ئەم  بناغە شیکارییەیە کە نووسینی داهێنەرانە  ونووسینی ئەکادیمی دەوڵەمەند دەکات.

بۆ نموونە تێگەیشتن و شارەزایی لە چۆنیەتی چوارچێوە پێدان بە پرسی کورد لە گێڕانەوەی مێژوویی جیاوازدا، نووسەرێک والێدەکات  بۆ داڕشتنی ئارگیومێنتە بەجێ ومەوزوونەکانی لە مشتومڕە هاوچەرخەکاندا زۆر سەرنج ڕاکێش دەرکەوێت.

کاتێک هەندێک دەق دەخوێنییەوە، تەحەدای بیروباوەڕی کەسی تۆی خوێنەردەکەن یان ڕەنگدانەوەی  ململانێی ناوەوەن، ئەمەیە  پاڵ بە نووسەرەوە دەنێت کە بیر لە بەها وپێوەرەکانی خۆی وئەوانیدیکەیش بکاتەوە.

لەبیرمە کە منداڵ بوین، بەرهەماکانی چەپ و شۆعییەکانمان دەخوێندنەوە، سودم لە نوسینەکانی ابراهیم جەلال و دەیانی دیکە وەردەگرت، دەستمان بەم ڕەوتەوە گرت، تا تێڕوانینمان بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی وماتریالیزمی مادی ومێژویی بەردەوام بوو، ساڵانێکیش دەچوو هەرنوسینێک نەچوبایەوە سەر دیدە ئابورییەکەی مارس بە خڵتەی بورجوازیمان دەزانی، ئەمە ماوەیەکی برد، کاتێک خوێندنەوەی جیاوازمان بوو، ئەمیان بوو بە ئەزموونێک هەرگیز نەبوو بە پێوەرێک و نەبوو بەهەموو شتێک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP