کاتێک باسى رۆژى سوپاى عێراقێکى فاشیزمى دەکرێت ، دەبێ پرسیار بکەین کە چ کەسانێک لە نێو ئەو دەوڵەتە شکستخواردوو و دیکتاتۆرە شانازیی پێوە دەکەن ؟ ئێستا سوپایەکى هەیە لە چوار چێوەى دەیان گروپى میلیشیایی و تایفى کە ڕوو لە هەر شوێنک و پەڵامارى هەر شوێنک بدەن ئەوا وێران و تاڵانى دەکەن .
سوپایەکى ستەمکار : کە هەر لە سەردەمى شا فەیسەڵەوە خەڵکى کوردستان و شۆڕشگیر و ئازادیخوازەکەى بەچەک وئاگر و ئاسن سەرکوت کرد ، سوپاییەکى کە هەر لە قۆناغى کۆماریدا و لەسەردەمى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول بە دڕندانەتترین شێواز پەڵامارى گەلى کوردى دا و دەستیکرد بە وێرانکردن و سووتاندى گوند ولادێ وکانیاو دارستان و دەشتەکانى کوردستان.
سوپایەکى دیکتاتۆر ، کە بەربەڕیانەترین تاوانى بەرامبەر قەڵادزێ و هەڵەبجە و دەیان شاروگوندەکانى کوردستان بە ڕێگەى فڕۆکە و بۆمبى ناپاڵم بە سەر خەڵکى ئەو دەڤەرانە دڕندە ئاسا دەباراند ، سوپایەک کە لە ساڵانى هەشتاکان بە چەکى کیمیایی و ئینجا ئەنفاڵ و کۆمەڵکوژىیی و ئینجا چەکى هێشوویی و قەدەغەکراو بە سەر خەڵکى بێ تاوانى کوردستاندا باراند و هەزاران کەس شەهید و بریندار بوون و لەگەڵ بێ سەروشوێن بوونى زیاتر لە 200 هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچوون و کە ئێستا رۆژ بە رۆژ لە بیابانەکانى عەرەبستان گۆڕە بەکۆمەڵ و ئێسک و پروسەکانیان دەبینرێتەوە .
سوپاییەکى دڕندە ، کە دەستى هەبوو لە کۆمەڵکوژى کوردانى فەیلى و سوپاییەک کە هۆکارى دوو ملیۆن کەس بوون لە شەڕێکى 8 ساڵە بوون بە قوربانى و ئینجا بەوەشەوە نەوەستا پەڵامارى کوێتى دا و سەر شۆڕبوو و بە تێشکاویی گەڕایەوە و ڕیسوابوون و چەند ساڵێکى نەخایاند کە هاوپەیمانى نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتى ئەمەریکا بە چەند قۆناغێک تاج و تەختى ڕژێمە ستەمکارەکەى بەعسى فاشیزمى تێک و هەڵوەشاندنەوە .
پاش ڕووخانى ڕژێمى بەعس و دامەزراندنى عێراقى نوێى لە ساڵى 2003 نەک هەر نەتوانرا سوپایەکى نیشتیمان دوور لە بیرى فاشیزمى گەرى و دیکتاتۆرى بۆ پاراستنى سەروەرى و گەلانى عێراق دروست بکرێت ، بەڵکو وەک بینرا سووپایی عێراق لە ساڵى 2014 نیوەى خاکى عێراقى رادەستى رێکخراوى تیرۆریستى داعش کرد ، دواتر بە فتوایەک سوپاییەکى میلیشیایی بەناوى حەشد لە عێراق دروستکرا کە ئەرک و کارى سەرەکى لەماوەى 11 ساڵى رابردوو بەئێستاوە ، کۆمەڵکوژى و پەڵاماردان و تاڵانکارى بووە بەتایبەت بەرامبەر بە خاک و گەلى کوردستان و دیارترین نموونەش هێرش و پەڵاماردان و داگیرکردنى کەرکووک و نیوەى خاکى کوردستان و ئینجا لەو مێژووەو تا بە ئەمڕۆ هیچ کارێکى تێکدەرانە و دڕندانە نەماوە بەرامبەر بە گەلى کورد و مافەرەواکانى ئەنجامى نەدەن هەر لە پێشێڵکردنى دەستوور و تا سیاسەتى زۆرینەى دیکتاتۆرى و خۆسەپاندن ، دەستوەردان لە کارەکانى حکوومەتى بەغدا وەک حکوومەتێکى سێبەر کە شوێنى هەموو دەزگە یاساییەکانیان گڕتۆتەوە ، بۆیە ئێستا عێراقى فاشیزمى خاوەن سوپایەکى نیشتیمانى نییە بەڵکو لە سوپاییەکى میلیشیایی تایفى و مەزهەبییە کە فەرمان وملکەچى لە دەرەوەى وڵاتان وەردەگرێت و نەک هەر بێلایەن نییە ، بەڵکو مەترسییەکى گەورەترە لە ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و تێکدانى سەقامگیرى نەک عێراق بەڵکو بۆ سەر هەموو ناوچەکە هەیە .