شێخ حیكمەت هیجری، سەرۆكی مەعنەوی دوورزییەكان لە سووریا، دەڵێت چەكەكانمان تەسلیمی حكوومەتی كاتی سووریا ناكەین، چونكە جارێ زۆر زووە چەك دابنێین.
هیجری دەڵێت: ”تاوەكوو دەستوور نەنووسرێتەوە و دامەزراوەكان دروست نەكرێنەوە، بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین چەك دابنێین. ئێمە دەبێت دڵنیا بین كە مافەكانمان پارێزراوە و جارێ زۆر زووە باس لە چەك دانان بكەین. ئێمە لەگەڵ هەموو كەسێك ئامادەین كار بكەین بۆ بونیادنانی دەوڵەت، بەو مەرجەی رێز لە ئازادی هەموو تاكەكان بگیرێت.“
دورزییەكانی سووریا، نیو ملیۆن كەس دەبن، ئەوان زیاتر لە بەرزاییەكانی جۆلان و شاری سوەیدادا دەژین. ئاینێكی تایبەت بەخۆیان هەیە و شاراوەیە، لەلایەن بەشێكی زۆری وڵاتانی ئیسلامی تەكفیر كراون، تاكە وڵات كە بەنهێنی پشتگیریان دەكات ئیسرائیلە.
دوورزییەكان حەمزەی كوڕی عەلی بە پێغەمبەری خۆیان دەزانن، چوار مەرجیشیان هەیە بۆ ژیانی خۆیان. یەكەم، بڕوایان بە حاكمییەتی خودا هەیە، دووەم فەرمانی خودا جێبەجێ دەكەن، سێیەم سنووری خۆیان دەزانن، چوارەمیش بڕوایان بە ئامۆژگاریكردن هەیە.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئاخۆ نوێژ دەكەن؟ ئایە رۆژوو دەگرن و بڕوایان لە پێغەمبەری ئیسلام و مەسیحی هەیە؟ بەڵام ئەوەی روونە، ئەوان لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە و بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە. بەزۆری لە سووریا و لوبنان و ئیسرائیل دەژین و خۆیان بۆ دونیای دەرەوە ئاشكرا ناكەن.
لە بەرزاییەكانی جۆلانیش بوونیان هەیە و ئیسرائیل دەیەوێت، رازاییان بكات كە بێنە سەر ئیسرائیل و ئەوانیش لەوڕووەوە توند نین.
دوورزییەكان هیچ بڕوایان بە ئەحمەد شەرع نییە، بۆیە خۆیان پڕ چەك كردووە، بەئاشكراش دەڵێن، ئەگەر تەحریر شام پەلاماریان بدات، ئامادەی شەڕن.
گرنگە بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان، دان بە دورزییەكاندا بنێت، هەروەها رێز لە ئیرادە و بوونیان بگرێت، بۆ ئەوەی رێگە خۆش بكەن تا فیدڕاڵی بۆ كورد مسۆگەر بكەن لە حكوومەتی داهاتووی سووریادا، بڕوایان بەوە هەبێت كە دورزییەكانیش بەلایەنی كەمەوە حوكمی زاتی وەرگرن.