ئەوانەی هەمیشە دژایەتیی سەروەرییەکانی ئەم هەرێمە ئازاد و ئاوەدانە دەکەن و دەڵێن: ”دەبێت کۆتایی بەو دەسەڵاتە بێنین!“ ئەرێ پێم ناڵێن، دەتانەوێت كۆتایی بە کام دەسەڵات بێنن؟ ئەو دەسەڵاتەی زۆرینەی متمانە و دەنگی جەماوەری كوردستانی بەدەست هێناوە و ئێوە بە کەمینەی کەمەوە دەتانەوێ دژایەتیی بکەن؟
ئاخر ئەو دەسەڵاتەی ئێوە لە دژی کار دەکەن، بە سەدان شاكاری لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و پێشکەوتن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێشكەش كردووە؟
وەک دەیبینین لەسایەی ئەو ئاسایش و ئارامییەیدا بووەتە چەترێک بۆ خەڵكی هەر چوار پارچەکەی کوردستان، کە ئێوەی ناحەز پێی دەڵێن دەسەڵاتی خۆسەپێن!
هەروەک بەڕێز مەسرور بارزانی دەفەرموێت: ”جەماوەری کوردستان ئێوەی دیوە و ئێمەشی دیوە، دەنگی بە ئێمە داوە و بە ئێوەی نەداوە“ ئێستاش دەسەڵات هەر ئەو دەسەڵاتەیە، کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست هێناوەتەوە.
بەڵام دیارە هێشتا زۆرتان ماوە لە واتای دیموکراسی تێ بگەن، یان دەتانەوێت دیموکراسی پێشێل بکەن و ڕێز لە دەنگی جەماوەر نەگرن؟ چونکە ئەوە پارتییە دەنگی زۆرینەی بەدەست هێناوە و ئەو دەنگانەش دەبنە سەنگی مەحەک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بۆیە پێویست ناکات داوای زیاتر لە حەقی خۆتان بكەن، بەڵكوو بە قەبارەی کورسییەکانی خۆتان پۆست داوا بکەن. بەڵام ڕێگایەکی دیكەیش لەپێشتاندا هەیە، ئەویش ئۆپۆزسیۆنبوونە، هەرچەندە زۆر لە لایەنەکان لە پێشوودا خۆیان لەو رێگایە تاقی کردەوە و تێیدا سەرکەوتوو نەبوون.
كورت و پوخت ئەوەیە، گرنگە هەموو لایەنەکان سەنگ و قورسایی خۆیان بزانن و باوەڕیشیانم بە پرۆسەی دیموكراسی هەبێت، کە ئەویش بە ژمارەی کورسی و ڕێژەی دەنگدەران دیاری داوە و هەڵبژاردن سەنگی مەحەکە بۆ هەموو لایەنەکان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە.