دەسەڵاتی بایدن و وڵاتانی ئورووپایی بۆ درێژەدانی شەری ئوکراین و بەرگری لە کۆتایی هێنانی شەر لە لایەن ترەمپەوە هەم شەرەکەیان چڕوپڕتر کردۆتەوە و هەم مۆڵەتی هاوێشتنی مووشەکی درێژمەودایان بە ئەرتەشی ئۆکراین داوە.
شەری ئۆکراین و شەری ئیسرایل شکۆ و هەیمەنەی دوو دەسەڵاتی میلتاری و سەربازی ناوچەکەی شکاند. گیرکردنی ئەرتەشی رووسیا لە زەلکاوی شەری ئۆکرایندا، هاتنی دوازدە هەزار ئەرتەشی کۆریای باکوور بە هانای روسیاوە و هەرەشەی ئەتۆمی لە ئورووپا و،،، دەرخەری ماندووبوونی ئەرتەشی رووسیا و ترسی ئورووپا لە بە تەنیا مانەوەیە لە پشتیوانی ئۆکراین.
پێدەچێ لە ئەگەری کشانەوەی ترەمپ لە پشتوانی ئۆکراین، وڵاتانی ئۆرووپایی شەرێکی دیکە لە ناوچەی قەفقازی خواریندا لە نێوان ئەرمەنیا و ئازەربایجاندا وەرێبخەن. شەری قەفقاز بۆ لە کورت ماوەدا بۆ رووسیا قازانجی تێدایە و بۆ ئێران و تورکیا شەر و ئاڵۆزی. لە لایەکی دیکەوە شەری ئیسرایل و کۆماری ئیسلامی و هەرەشەی جیدی لە گروپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق شەرێکی لە سنوورەکانی ئێراندا وەرێ دەخات.
دیارە دەوڵەتی ترەمپ زیاتر لە دەوڵەتی بایدن تامەزرۆی شەری پرۆکسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییە. ترەمپ پەیامی دانووسانی بە کۆماری ئیسلامی داوە و کۆماری ئیسلامیش بە هەرەشەی پیتاندنی زیاتریی ئۆرانیۆم و،،، بە شێوەی ناراستەوخۆ خوازیاری بەرگری لە هێرشی ئیسرایل و تەشەنەی شەرە بۆ عێراق. ئەمریکا بۆ هەموو بارودۆخێک بەرنامە و پلانی هەیە و شایەد ترەمپ بە پێچەوانەی هەموو شرۆڤەکان ببێتە پاڵەوانی ئاشتیخوازی و سەقامگیری و هاوکێشییەکان بە بارێکی دیکەدا بگۆرێت. ئەگەر لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکاشدا جۆرێک رێکەوتن پێک بێت ئەوا دیسان ئیسرایل لە سەر هێرشێکی بەرتەسک و وەشاندنی گورزێکی بەهێز بۆ سەر هێزە میلیشیاکانی عێراق پێداگرە و بە شێوەی فەرمی بە دەوڵەتی عێراقی راگەیاندووە.
سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست وەک یەکێک لە ناوچە هەرە ستراتیژیکەکانی گۆی زەوی لە حاڵی تەقینەوە دایە و لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئەو شەرە گەورەدا هیچ وڵات و گەلێک ناتوانێ بێ لایەن و بێ هەڵوێست بێت.کورد وەک چوارەم گەورە کەمینەی ناوچەکە چەندە ئامادەی ئەو بارودۆخەیە و ئایا وەک سەد ساڵی رابردوو دەبێتە سیا لەشکەری ئەم و ئەو یا لە نێو کڵپەی ئەو ئاگرەدا بە سڵامەت لە کڵ دێتە دەر؟؟؟