چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی لە ئەبستراکتێکی فیکری یان پێگەیەکی یاسایی بەولاوەترە، بەشێکی ناوەکییە لە بوونی تاکەکان. ئەم ناسنامەیە کە بە قووڵی لە دەروونی بەکۆمەڵماندا چەسپاوە، بەهۆی چەندین سەدە لە مێژو و کولتوور و بەها هاوبەشەکانەوە خۆی داڕشتووە. هەستە کەسییەکانی وەک خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوە تێدەپەڕێت، لەبری ئەوە وەک پەیوەندییەکی نەلەرزیو دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتیترین ئاستدا خۆمان پێناسەدەکاتەوە.
لە میسری کۆن، چەمکی مەعات، یان مەعەت - کە نوێنەرایەتی حەقیقەت و هاوسەنگی دەکرد، پیرۆزی وناوەندی شوناسیان بووە، کاریگەری لەسەر سیستەمی یاسایی و ئەخلاقییان هەبووە. ئەم بیرۆکەیە هەموو لایەنەکانی ژیانی میسری گرتبۆوە، لە حوکمڕانییەوە تا پراکتیزە ئاینییەکان، ئەمەش نیشانیدا کە ناسنامەی نەتەوەیی چەندە دەتوانێت لە داڕشتنی شارستانیەتێکدا ڕۆڵی هەبێت.
ناسنامەی نەتەوەیی ئەو یادەوەری و ئەفسانە و نەریتە بەکۆمەڵانە دەگرێتەوە کە بەردی بناغەی کۆمەڵگایەک پێکدەهێنن. بێ عەقڵی هێندە گوناحی واشمان هەیە هیچ ڕەسەنایەتی و ئەفسانەیەک بە شایەنی میللەتەکەی نازانێت، نەورۆزو ساڵی کوردی و تەنانەت جەژنی یادی ڕاپەڕینی 1991 هەمووی بەلاوە دەنێت، بێ ئەوەی ئاگاداربێت خۆی بەتاڵ دەکاتەوە لە هەموو ناوەرۆکێک، ئەوانەی لە بەر گەندەڵی بەرپرسان و پارتەسیاسییەکان ڕق لە هەموو بەهایەکی نیشتیمان دادەگرن دەبەنگن.
نەفرەتکردن لە خاک و ئاڵاو گەل و دۆزەکەی هەرلای هەندێک گەمژە لێرە نەبووە، چونکە لە ژینگەو ژیاری دیکەش هەبووە لەئەدەبیشدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەدەبێک کە بۆ گفتوگۆیەکی ئەخلاقی لە دسپلینەکانی دیکە زیاتر من نوسەری ئەم دێڕانە جێگەی بابەخە.
لەڕۆمانی "ژێرزەوی"یەکەی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی کە لە سیاسەت و سیاسیە کانی سەدەی نۆزدەهەمی ڕووسیا بێهیوا بووە تا دەگات بە شاکارە دیستۆپییەکەی (Dystopia) ئۆروێڵ کە ڕەخنەیەکی بەهێزە لە تۆتالیتاریزم نائومێدی دەبینین.
پاڵەوانی فیلمەکە، وینستن سمیس، تا دێت بێهیوا دەبێت لە ڕژێمی ستەمکاری ئۆقیانووس. یاخیبوونی ئەو، چ ناوخۆیی و چ دەرەکی، لە دژی کۆنترۆڵی ڕەهای سیاسەت ، گەڕانێکی بەرچاوی بەرخۆدانی ڕۆحی مرۆڤ لە بەرامبەر پاوانخوازیدایە، نەک تەسلیم بوون.
نامۆکەی ئەلبێرت کامۆ ڕۆمانێکە حمە کریم عارف وەریگێڕاوەتە کوردی، کامۆ نامۆبوونی پاڵەوانەکەی، مێورسۆڵ، لە پێودانگە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی جەزائیری کۆلۆنیالی فەرەنسی دەخاتە مەیدانەکەوە، دابڕانی بێ هەستانە و ئیدانەکردنی دواجاری مێورسۆ، تیشک دەخاتە سەر بێمانایی نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و ململانێی نێوان ڕەسەنایەتی تاک و ناسنامەی سەپێنراو. کارەکانی کامۆ تەحەدای خوێنەر دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی بێهیوایی بوونگەرایی و دژایەتی ئەخلاقی لەبەرچاو بگرێت.
بەردەوامبوونی ناسنامەی نەتەوەیی لە قۆناغە پڕ لە گێژاوەکاندا، بەڵگەی خۆڕاگرییەکەیەتی. ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین ناسنامەی یۆنانی نەسڕییەوە؛ بەڵکو گۆڕانکاری بەسەردا هێنا و بەدرێژایی سەدەکان بەردەوام بوو، لە کۆتاییدا بەشداری کرد لە دامەزراندنی یۆنانی مۆدێرندا. ئەم پەیوەندییە بەردەوامە جەخت لەوە دەکاتەوە کە چۆن ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەگونجێنێت و پەرەدەسێنێت و لە هەمان کاتدا جەوهەری سەرەکی خۆی دەپارێزێت.
بە هەمان شێوە لە هیندستان، سەرەڕای چەندین سەدە لە کۆلۆنیالیزم و سەپاندنی کولتووری کۆلۆنیالیستی، هەستێکی بەهێزی ناسنامەیی پاراست کە ڕەگ و ڕیشەی لە شارستانییەتە کۆنەکانیدا بوو.
سەرەڕای سەپاندنە کولتورییەکانی داگیرکەرانی کوردستان خەڵکی کوردستانیش شوناسی خۆی پاراست، لەسەردەمی مەروانییەکاندا( ٩٩٠-١٠٨٤)ئەوداگیرکەرانەی هاتن کورد لە فەرهەنگی خۆیاندا بتوێننەوە، خۆیان توانەوەو زمانی خۆیان بزر کرد.
لە بابەتێک دا ( باخچەی عەدەن و باخچەکانی نیشتیمان) باسم لەوە کردبوو کە زۆرجار ناسنامەی نەتەوەیی لە سنوورە فیزیکییەکانی وڵاتێکەوە تێدەپەڕێت خەڵکەکەمان لە تاراوگەش بە نیشتمانەکەیانەوە دەبەستێتەوە. ڕەوەندی ئەرمەنی کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لە ڕێگەی زمان و کولتوور و مێژووی هاوبەشەوە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ئەرمینیاکەیدا دەپارێزێت. ئەم شوناسە کە دەچێتە ئەودیوی سنورە نەتەوەییەکان نموونەی ئەوەیە کە چۆن شوناسی نەتەوەیی لە سنوورە جوگرافییەکاندا قەتیس نییە بەڵکو لە دڵ و مێشکی گەلەکەیدا هەڵدەگیرێت.
لە دۆخی ئێرلەندا، ناسنامەی ئێرلەندی بە سۆزەوە لە نێو کۆمەڵگا ئێرلەندییەکانی جیهاندا پارێزراوە، لە ئەمریکاوە تا ئوسترالیا. ئەم هەستکردنە بە ناسنامە لە ڕێگەی فێستیڤاڵە کولتوورییەکان و مۆسیقا و ئەدەبەوە هەموومان دەیبینین، ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی کە جەوهەری ئێرلەندی بوون بە نەوەکاندا دەگوازرێتەوە، بێ گوێدانە شوێن.
ڕۆڵی ناسنامەی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا
لە سەردەمی هاوچەرخدا، ناسنامەی نەتەوەیی ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە ئامانجەکاندا هەیە.
لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، ناسنامەی بەریتانی "ئارام بمێنەرەوە و بەردەوامبە" دروشمێک بوو هێزو ڕۆحی بەرەنگاری پێدەبەخشین، میللەتی هاندا بۆ ئەوەی بەرگەی بلیتز بگرێت ( لە ۷ی ئەیلوولی ۱۹۴۰ تا ۱۱ی ئایاری ۱۹۴۱) بۆمبارانێکی چڕ بوو کە لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە دژی بەریتانیا لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەنجامدرا. بۆ ماوەی هەشت مانگ فڕۆکەی لوفتوافەی جەنگی (بۆمب)یان بە سەر لەندەن و شارە ستراتیژییەکانی تری بەریتانیادا ڕشت ). ئەم ناسنامە هاوبەشە ببووە سەرچاوەیەکی هێز و دابینکاری یەکگرتوییان کە گرینگ بوو بۆ خۆڕاگرییان.
با لە تەوەری خۆڕاگریدا بمێنینەوە، تەماشای توانای بەرگەگرتنی ناخۆشیەکان بکەین. لە سەرانسەری کولتوورەکاندا و بە درێژایی مێژوو، تاکەکان و کۆمەڵگاکان دەبینین کە خۆڕاگرییەکی سەرنجڕاکێشیان لە بەرامبەر ناخۆشیەکاندا نیشانداوە.
خۆڕاگری لەسەر ئەرزی پڕاکتیک تێڕوانینی ڕوون بۆ هێزیێک بەرهەم دێنێت کە بەردەوامی ڕۆحیت پێ دەدات ولە ئەدەب و مێژوو و کولتووریشدا ڕەنگ دەداتەوە.
ئەدەبی خۆڕاگری
ساڵی 2011 لە زانکۆی کوردستان هەولێر دەستمان کردبوو بە قۆناغێکی ئەکادێمی، مامۆستایەکی بەریتانی Les Misérables" کارەکتەرەکانی ڕۆمانی داستانی هوگۆ، بە تایبەتی ژان ڤالجیان، کە خۆڕاگری لە بەرامبەر سەختییەکی قووڵدا بەرجەستە دەکەن نیشانی ئێمەیدا. گەشتی ڤالجیان لە زیندانەوە بۆ خێرخوازی ڕەنگدانەوەی هێزی گۆڕینی خۆڕاگرییە، کاتێک لە پێناوی پەیداکردنی ڕێگەی ڕزگاربوون بەسەر ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و ململانێ کەسییەکاندا زاڵ دەبێت.
هەر ئەو "دەزانم بۆچی باڵندەی قەفەسکراو گۆرانی دەڵێت" ی مایا ئەنجێلۆی پێدام کە تێدا ئەنجێلۆ بیرەوەرییەکانی ئەزموونەکانی منداڵی خۆی لە ڕەگەزپەرستی و زەبر و زەنگ و ئازاردان دەگێڕێتەوە. ئەنجێلۆ لە ڕێگەی نوسینی شیعرییەوە خۆڕاگری وەک هێزێک نیشان دەدات کە توانای ئەوەی پێدەدات لە سەرووی ناخۆشییەکانەوە خۆی بدۆزێتەوە.
خۆڕاگری ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست تەماشابکە، چۆن دواتر دەتوانن هەڵبسنەوە، دێبەری ژیانیان ئاوەدان و پاراوکردەوە، دەیان فلمی جیهانی لەسەر ئەم خۆڕاگریەیان بەرهەمهێنراون، ئەوان بەرگەی ترسناکیی گەورەو زیان و ئازارێکیان گرتووە کە لێرەدا ناتوانین پێناسەی بکەین.
بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا نموونەیەکی بەهێزی خۆڕاگری بەکۆمەڵە لە بەرامبەر ستەمی سیستماتیکیدا نیشان دەدات، چالاکوانانی وەک مارتن لوتێر کینگ جونیۆر و ڕۆزا پارکس لە ڕێگەی بەرخۆدانی ناتوندوتیژ و ئیرادەی نەگۆڕەوە، تەحەدای ڕەگەزپەرستی سیستەماتیکیان کرد و لە پێناوی یەکسانی و دادپەروەری تێکۆشان.
گەڕانێک بۆ کارە هونەریەکانی فریدا کاهلۆ بکە دەبینی چۆن تابلۆکانی کاهلۆ ئازار و خۆڕاگری هەڵدەگرن. سەرەڕای بەرگەگرتنی زەبر و زەنگی ڕۆحی وجەستەیی ئەوەی مانەوەیان پێ ڕەوادەبینێت خۆڕاگرییە.
هونەری کاهلۆ هێزی ناوەوەی مرۆڤمان نیشاندەدات. هێزێک لە هەمووماندا هەیە ئەگەر بتوانین بیدۆزینەوەو پەروەردەو سەرکردایەتی بکەین.
پڕۆڤیسۆر جیرارد چالیان (لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٤) شارەزای فەرەنسییە لە بواری جیۆپۆلەتیکدا و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر شەڕی پارتیزانی و ستراتیژی سەربازی بەرهەمی بڵاودەکاتەوە. شیکارییەکانی چالیان بۆ یاخیبوونەکان لە ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مایەیی سەرنجە وانەکانی ئەو بۆمن لە هەرسێک قۆناخی خوێندنی باڵادا هەوێنی گێرانەوەکانی خۆڕاگرین، ئەو سەلیقەی ئەوەی هەبوو باسی کەڵچەری خۆڕاگریمان بۆ بکات، کە مۆسیقای ئەفریقیی بەشێکە لێی، لە کۆیلەکراوەکانەوە تا دەگاتە بلوزەکانی دێڵتای میسیسیپی و ڕیگەی جامایکای بۆ ئێمە باس دەکرد،، دەردەکەوێت مۆسیقا توانیویەتی هێزی خۆڕاگری لە ڕەوەندی ئەفریقیدا دەرببڕێت. ئەم نەریتە مۆسیقیانە وەک ئامرازێک بۆ مانەوە و بەرەنگاربوونەوە و دووپاتکردنەوە لە بەرامبەر ستەم و سەختیدا ڕۆڵی مەزنیان گێڕاوە.
لەوانەیە بتوانین لە زانکۆی کوردستان بمێنینەوە وپێکەوە بچینەوە ئەوێ ڕۆژێ کە چیرۆکێکی هاوچەرخی خۆڕاگریمان تەماشاکرد، لە هۆڵەکە ڕووناکی خامۆش کرا، قوتابییەکان پێکەوە شاهیدی دۆکێۆمێنتارییەکی چالاکیی بوێرانەی مەلالە بۆ پەروەردەی کچان لە پاکستان بووین، سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تاڵیبان، ناوبراو نموونەی خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ناخۆشییەکان. لەلایەن توندڕەوەکانەوە تەقەی لێکرا، سەرەنجام ئیرادەو خۆڕاگری مەلالا بۆ ڕووبەڕووبونەو، بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئیلهام بەخش بوو.
چیرۆکەکانی خۆڕاگری کە لە ئەدەب و مێژوو و کولتووردا دەبینرێن، ڕۆحی نەکەوتووی مرۆڤایەتیمان بیردەخەنەوە. لە کردەوەی بوێرانەی تاکەکەسی بگرە تا بگاتە ئەو بزووتنەوە بەکۆمەڵانەی بۆ دادپەروەری تێدەکۆشن بۆیە خۆڕاگری هێزێکە بۆ زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر هێزمان دەداتێ.
ئەدەب و هونەری خۆڕاگری لە
لە یۆنانەوە بۆ ڕۆژهەڵات
لە یۆنانی کۆن ئیلیاد و ئۆدیسێی نەک هەر کارەساتەکانی پاڵەوانە یۆنانیەکان دەگێڕنەوە بەڵکو بەها و خواستەکانی کۆمەڵگەی یۆنانی لە بەیتەکانیاندا جێگیر دەکەن. ئەم دەقە ئایدیاڵیانەی یۆنانی کە بریتین لە ئارێتە (لە سەرەتاکانی فەلسەفەی یۆنانیدا، ئارەزوو بەمانای چاکە وجێبەجێکردن دێت. مەبەست یان ئەرکی مرۆڤایەتی لە میانی فەیلەسوفە سەرەتاییەکانی یۆناندا مشتومڕی لەسەر کرا، لەوە گرنگتر دیاریکردنی ئەرکەکانی مرۆڤایەتی)ەو کلیۆس (وشەیەکی یۆنانییە بۆ مانای "ناوبانگ"، یان "شکۆمەندی". بەکارهاتووە) جەخت لەسەر ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ دەکەنەوە کە بەدرێژایی سەدەکان بەرگەی گرتووە. ئەم داستانە کە لەلایەن ئۆگستۆسەوە( دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بوو) ڕێنمایی کرا، فەزیلەتەکانی دنەی دینداری و ئەرک و خۆڕاگری دەدا، کە گەورەیی ڕۆما و کارەکانی بۆ دروشاندنەوەی شارستانییەتێکی جیهانی لەخۆ دەگرت.
ڤێرجیل ئینیاس وەک پاڵەوانێکی ترۆجان نیشان دەدات؛ جەنگاوەرێک کە خەڵکەکەی دەپارێزێ ، لە دەوڵەتێکی ترۆجانی نوێدا سیستەم بۆ خۆی وهاوڕێکانی دادەمەزرێنێت. ئەینیاس بەدیهێنەری چاکە ڕۆمانییەکانە، ئەو خزمەتکاری چارەنووس و خوداوەندە، ئەو سەرکردەیەکی نموونەییە بۆ گەلەکەی تێدەکۆشێت، بۆیان باوک و کوڕێکی دڵسۆزە، گونجاو دڵسۆزی بۆ خێزان، وڵات و ئەرکەکەی لە پێش هەمووشتێکدایە.
ئەوە وێناکردنی ڤێرجیل بۆ ئەنیاسە وەک نموونەیەک بۆ فەزیلەتی ڕۆمانی بەدرێژایی سەدەکان دەست بەدەست هاتووەو بۆتە مناڵدانی چەمکی ڕۆمانی بۆ نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری.
سەردەمی ڕێنێسانس سەرهەڵدانەوەی شانازی نەتەوەیی بەخۆیەوە بینی کە لە گەشەسەندنی هونەردا ڕەنگی دابۆوە. مێژووەکانی ویلیام شکسپیر، بایەخ بە بابەتەکانی پاشایەتی، ناسنامەی نەتەوەیی و کێشەوبێشەی سەرکردایەتی لە هونەرە بینراوەکاندا دەدات.
بەرهەمەکانی ئەلبرێخت دورێر ڕۆحی ڕێنێسانسی باکوور لەباوەش دەگرێت ، تێکەڵکردنێکی بەرزە سەبارەت بە میراتی بۆماوەیی لەگەڵ ئایدیاڵە مرۆڤدۆستەکانی ئەو سەردەمەدا.
چوار سوارەکەی ئەپۆکالیپس (The Four Horsemen of the Apocalypse) کەسایەتییەکن لە پەیمانی نوێی پەرتووکی وەحییدا بەرجەستەدەبن،
هاوشێوەی ئەو پارچە ئەدەبیاتە لە کتێبەکانی پەیمانی کۆنی ئیزکیل و زەکەریادا هەن.
ڕابوونی نەتەوەیی سەردەمی ڕۆمانسی لە ئامێزگرتنی توندی ناسنامەی نەتەوەیی و فۆلکلۆر بوو، زۆرجار وەک کاردانەوەیەک دژی هێزە قۆرخکارەکان لە پیشەسازی و ناوەندگەرایی سیاسیدا خۆی دەنواند.
فاوستەکەی یۆهان ڤۆڵفگانگ ڤۆن گۆتێ( فاوست شانۆنامەیەکی تراژیدییە لە دوو بەشدا, لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە بە گەورەترین کاری ئەدەبیاتی ئەڵمانی دادەنرێت) ئەمیش کە لە بارودۆخە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ دەپێچێتەوە، خەباتی کەسی لەگەڵ پرسی کولتووری و نەتەوەیی فراوانتردا تێکەڵ دەکات.
کارەکانی گۆتێ بووە شەنگستی ناسیۆنالیزمی ئەدەبی ئەڵمانی.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژهەڵات بە مێژوو و کولتوور و هەمەجۆریییەکەی بە سامانێکی زۆری بەرهەمی ئەدەبی و هونەری دەوڵەمەندە، ڕەنگدانەوەی بەسەر ناسنامەی قووڵی نەتەوەیی و ناوچەییەوە هەیە.
ئەم دەربڕینانەی نیشتمانپەروەری کە بە چەندین سەدەی فەتح و کۆلۆنیالیزم و تێکۆشاندا تێدەپەڕن، دەلاقەیەکی ڕوونمان بۆ دەکەنەوە تا لێوەی تەماشای پەرێزەکە بکەین.
یەکێک لە سەرەتاییترین و بەرچاوترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی ناوچەکە (داستانی گیلگامێش)ە ئەم داستانە لە میزۆپۆتامیای کۆنەوە لە زێدی ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک هەر لە دەوری تەوەری قارەمانێتی و دۆستایەتی و مردن دەسوڕێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەها کولتوورییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیە وەک یەکێک لە شارستانییەتە سەرەتاییەکانی جیهان. داستانەکە بە دابینکردنی دەسکەوت و حیکمەتی هاوبەش لە میزۆپۆتامیا دەنازێت.
شاعیرانی وەک ئەلموتەنەبی کە بەرهەمەکانیان لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا ڕێزیان لێدەگیرێت، هەستێکی قووڵی ناسنامە و شانازیی عەرەبییان لە بەیتەکانیاندا جێگیر کردووە. زۆرجار شیعری ئەلموتەنەبی بە فەزیلەتەکانی بوێری و شەرەف و دڵسۆزی بۆ هۆز و نەتەوەکەی کە جەوهەری نەریتە سوارچاکییەکانی عەرەبی لەخۆدەگرت دەنازێت.
لە سەدەی بیستەمدا جیهانی عەرەبی ڕێنێسانسێکی ئەدەبی بەخۆیەوە بینی، زۆرێک لە نووسەران بەرهەمەکانیان بۆ دەربڕینی خواستی نەتەوەیی و بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم تەرخانکرد.
لە عێراق، شاعیرانی وەک بەدر شاکر ئەلسەیاز و نازیک ئەلمەلایکە، ڕۆڵی مەزنیان هەبوو، سەییاب (٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٦ لە عێراق تا ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٤ کوێت) یەکێکە لە باشترین و بەناوبانگترین شاعیرەکانی عێراقی لە سەدەی بیستەم کەلەگەڵ نازک مەلائیکە و عەبدولوەھاب بەیاتی لە دامەزرێنەرانی شیعری ئازاد لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا بوون وشیعری عەرەبی مۆدێرن و فۆرمەکانی تەقلیدیان لەگەڵ تەوەری نوێی نیشتمانپەروەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئاوێتەی یەکترکرد.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتردا، بەرهەمەکانی نجیب مەحفوز، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی(١٩٨٨)، جیاوازن. سێبەری قاهیرە وێنەیەکی گۆڕانکارییەکانی میسر لە سێ نەوەدا باس دەکات،کە پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ژیانی کەسی و مێژووی نەتەوەیی دەگرێتەوە ئەمەشە پەیوەندی قووڵی مەحفوز لەگەڵ ناسنامەی میسریدا.
ناسنامەی نەتەوەیی لە هەست و سۆزە دووانەییەکانی خۆشەویستی و ڕق تێدەپەڕێت، پەیوەندییەکی قووڵتر و ناوەکیتر بەرجەستە دەکات کە پێناسەی ئەخلاقی ئێمەیە. ڕاستە زمان و کەلتورەکەمان بەرئەنجامی پڕۆسەیەکی کۆمەڵاتی مێژووییە، دیسانیش نەبۆکەس نیشتیمانم خۆش دەوێت و نەلە بەرکەسیش ڕقم لییەتی، ئەمەش داننانە بەوەدا کە پەیوەندیمان لەگەڵ نیشتمانەکەمان لە دەرەوەی تەنها هەستێکە- ئەمەش بەشێکی لەبیرنەکراوە لەوەی کە ئێمە کێین.
دەستەواژەی "من بۆ کەس ڕقم لە وڵاتەکەم نییە و بۆ کەسیش خۆشم ناوێت" ڕوانگەیەکی پێگەیشتوو و زەمینەسازی بۆ ناسنامەی نەتەوەیی دەکات. واتای دانپێدانانێکە کە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ وڵاتەکەیدا لەلایەن هێزە دەرەکییەکان یان هەستە ڕاگوزەرەکانەوە فۆرمنەکراوە، بەڵکو لەبری ئەوە بەشێکی بنەڕەتییە لە بوونمان. ئەم ڕوانگەیە دەتوانرێت لە ڕەنگدانەوەی ستۆیکەکانی مارکۆس ئۆرێلیۆسدا بدۆزرێتەوە، کە مێدیتەیشنەکانی(بەرهەمی ناوبراوە) جەخت لەسەر ئەرکە نەتەوەییەکانمان و هەڵگرتنی ئازارەکانی دەکاتەوەو باز دەدات بەسەر عاتیفەداو چوارچێوەیەکی فەلسەفی بۆ تێگەیشتن لە ناسنامەی نەتەوەیی وەک شتێکی جێگیر نەک بڕیاری سەرپێی دابین دەکات.
سەبارەت بەم تەوەرانە، لە ئەدەبدا بەرهەمەکانی جەیمس جۆیس پشکنینێکی ورد پێشکەش دەکەن. کتێبی هونەرمەند لە تافی لاویدا کە دکتۆر ئازاد حەمە شەریف لە ئینگلیزیەوە کردویەتە کوردی و عەتا قەرەداخی نوسەری نەتەوەیی کورد، پێشەکی بۆ نوسیوە، پالەوانەکە نەک لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕقێکی سادە، بەڵکو لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی خۆدۆزینەوە و جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی ، لەگەڵ ناسنامەی ئێرلەندییەکەیدا دەجەنگێت. وێناکردنی جۆیس ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی قووڵە لەگەڵ ئێرلەندا کە ناوەکی و فرەلایەنەیە و لە بۆچوون و بارودۆخی دەرەکی تێدەپەڕێت.
دوانەی بەرخۆدان و خیانەت
تێڕامانمان دەوێت کەوا کۆمەڵگاکان چۆن نموونەی مێژوویی بەرخۆدان و خیانەت بەکاردەهێنن بۆ داڕشتنی بەها کولتوورییەکان و پەروەردەکردنی نەوەکان. جەختکردنەوە لەسەر هێماکانی قارەمانێتی و خیانەت وەک ئامرازێکی بەهێز لە چاندنی ئایدیالی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و یەکپارچەیی لە نەوەکانی داهاتوودا ڕۆڵی هەیە. بە ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە نموونەی بەرخۆدان و ئیدانەکردنی ئەوانەی خیانەتیان کردووە، دەتوانێت گرنگی ئەم فەزیلەتانە لە چوارچێوەی ناسنامەی دەستەجەمعی خۆیدا بەهێزتر بکات.
ئەم ڕێبازە لە گێڕانەوەی ڕۆشنبیری و مەنهەجی پەروەردەیی جۆراوجۆردا لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت، کە کەسایەتییەکانی بەرخۆدان (وەک پاڵەوانە نەتەوەییەکان، ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان) سەربەرزانە وەستاون، لە کاتێکدا خیانەتکاران سەرکزانە دانراون و وەک چیرۆکی وریاکەرەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ڕێگریکردن لە ناپاکی. ئەم دوو جەختکردنەوەیە نەک هەر یادەوەری مێژوویی دەپارێزن بەڵکو وانەی ئەخلاقی ڕوونیش دەدەن کە مەبەست لێی ڕێنمایکردنی ڕەفتار و بەها کۆمەڵایەتییەکانە. بۆ سەرساڵی 2022 دۆستێک منی بردە هۆڵێکی سینەمایی لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج ئەوفلمەی لە شاشەیەکی گەورەو بە دەنگێکی کاریگەرەوە دیتمان شانازی بە ئازایەتییان لە جەنگی دووەمی جیهانی دەکرد، ئەمە دیوێک بوو، دیوەکەی دیکە نەفرەتی دەکرد لە هاوکاری لەگەڵ داگیرکەرانی نازی و ئاسانکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی نەرویج. ناوی جەنەڕاڵی خیانەتکاریان هێندەی ناوی شۆڕشگێرەکە بە ڕوونی دەهێڵایەوە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بێڕێزییە قووڵەیە کە نەرویجییەکان هەستی پێدەکەن بۆ خیانەتەکەی.
لە ئەمریکا بەنێدکت ئارنۆڵد هەبوو، سەردەمانێک ژەنەڕاڵێکی بەناوبانگی سوپای کیشوەری بوو، ناوی ئارنۆڵد بووە هاوواتای خیانەت، دوای ئەوەی لە جەنگی شۆڕشی ئەمریکادا لایەنگری بەریتانیایی داگیرکەری کرد. خیانەتەکەی بە یەکێک لە بەدناوترین کردەوەکانی خیانەت دادەنرێت لە مێژووی ئەمریکادا.
کەسایەتییەکانی وەک جۆرج واشنتۆن و تۆماس جێفرسۆن و سەربازەئازاکانیان شانبەشانی هاوڵاتیان بەرەنگاری دەسەڵاتی بەریتانیا بوونەوەو گەیشتنە لوتکەی سەرکەوتن و دامەزراندنی نەتەوەیەکی سەربەخۆ.
فیلیپ پێتێن لە فەرەنسا ببینە، مارشال پێتێن کە سەردەمانێک پاڵەوانی جەنگی جیهانی یەکەم بوو، وەک سەرۆکی ڤیچی فەرەنسا، ڕژێمێکی کارتۆنی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیای نازیدا بەڕێوەبرد و تاهەتایێ بوو بە هێمای خیانەت. هاوکارییەکەی لەلایەن گەلی فەرەنسا بە سووکایەتییەکی قووڵەوە سەیر دەکرێت.
بە پێچەوانەشەوە کەسایەتییەکانی وەک چارڵز دیگۆل و ماکیس (تیپەکانی پارتیزانە گوندنشینەکان) وێناکردنی ڕۆحی بەرخۆدانی فەرەنسی بوون کە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سەرکەوتن.
خیانەتەکەی ڤلاسۆڤ کە جەنەڕاڵێکی سۆڤییەت بوو، لە جەنگی دووەوی جیهانیدا هاوکاری هەواڵگیری نازییەکانی دەکرد، لە مێژووی ڕووسیادا بە سووکایەتییەوە یادی دەکرێتەوە.
لە هەمانکاتدا ڕووسەکان وانەی شەڕی ستالینگراد و دواجار پاڵنانی بەرلین وەک هێمای خۆڕاگری و قوربانیدانی یەکێتی سۆڤیەت بە نەوە لە دوای نەوە دەگەێنن.
شانازی و سووکایەتیکردن لە گێڕانەوەی نیشتمانیدا بەرزترین نموونەکانی بەرخۆدانی نەتەوەیی بەهێزی و یەکگرتوویی گەلێک لە بەرامبەر ستەمکردندا نیشان دەدەن، ئەم گێڕانەوەی خۆڕاگری و خیانەتانە تیشک دەخەنە سەر ئەو بەها و باوەڕانەی کە دەبێ دادگایی بکرێن وڕیسوا بکرێن، یان بەرز بکرێنەوەو ڕێزیان لێ بگیرێت.
چیرۆکەکانی خۆڕاگری وەک بەرجەستەکردنی شانازی و ناسنامەی نەتەوەیی دەمێننەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی خیانەت لە وڵاتەکەیان دەکەن مەحکوم دەکرێن، ناوەکانیان بۆ هەمیشە لە مێژوودا وەک هێمای بەدناوی دەچەسپێنرێت. بە لێکۆڵینەوە لەم نموونە مێژوویی و هاوچەرخانە، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دەسەڵاتدارەکان بەدەست دەهێنین و هەست و میراتە بەردەوامەکانی پەیوەست بە بەرخۆدانی نەتەوەیی و خیانەت تێدەگەین.
ئەنجام:
ناسنامەی نەتەوەیی بنیاتێکی ڕەگداکوتاوی قووڵ و دینامیکییە، کە بەهۆی مێژوو و کولتوور و بەها هاوبەشەکانەوە شێوەو مانای پێدراوە. لە سەرانسەری شارستانیەتەکاندا، شانازی بە بەرخۆدان و ئیدانەکردنی خیانەت ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە دروستکردنی هەستێکی بەکۆمەڵ بە ئامانجی نەتەوەیدا هەیە. لە بنەما کۆنەکانی مەعات لە میسرەوە تا دەگاتە خەباتی مۆدێرن بۆ شکۆمەندی، بەرخۆدان و خیانەت، وەک ئامرازێکی بەهێز لە پەروەردەکردن و ئیلهامبەخشین بە نەوەکانی داهاتوودا ڕۆڵیان گێڕاوە. چیرۆکەکانی پێکەوەیی وخۆڕاگری نەک هەر یادەوەری مێژوویی دەپارێزن بەڵکو ئەو ڕۆحە هەمیشەییەش بەهێزتر دەکەن کە چارەنوسی نەتەوەیەک دیاری دەکات و ڕێنوێنی ئاڕاستە ئەخلاقییەکەی دەکات