دواین هەواڵ

کوردستان لەنێوان سیاسەتی جوو ئیسلامی !

‌چاپوك سەید عومەر

6 کاتژمێر پێش ئێستا

کوردستان لەنێوان سیاسەتی جوو ئیسلامی !
ئەوەی دەیەوێ سیاسەتی ئیسرائیلی ڕاستەقینە بزانێ، دەبێ سەیری سیاسەتی ئەمریکا بکات چۆنە . ڕاستە هیچ ئاینێکی فەڕمی وەک من زانیومە لە ئەمریکا نیە، بەڵام هەموومان ئەو ڕاستیە دەزانین، دەستڕۆیشتووترین ئاین کە کاریگەری سەرەکی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبێ، ئاینی جوو زاڵترینە . ئەوەی دژایەتی سیاسەتی جووش بکات نایەتە سەر حوکم، ئەوەی بێتە سەرحوکمیش، ناتوانی بەرامبەر بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل بوەستێ .
هەر کوردێکیش بیەوێ بیر لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکاتەوە، ئەوە دەبێ زۆر باش لە سیاسەتی ئەمریکا بگات، کە ئایا بەرژەوەندی خۆی لە لایەک و هەستی دووملیار موسلمان و ملیۆنەها تورکی ناو ناتۆ و سەدان ملیۆن عەرەب و ئێرانی فارس، کە دژی دەوڵەتی کوردستانن، دەگۆڕێتەوە بە کورد، من تا ئێستا قەناعەتم نەهاتیە کە ئەمریکا دەوڵەت بۆ کورد درووستبکات . لە کاتێکدا ئەو هەمووە دژە بکاتە دووژمنی خۆی .
لەو ڕۆژگارەی کە ئێستا ئێمەی تیادا دەژین، ڕژێمی هەر چوار داگیرکەر ڕژێمەکەیان ئیسلامیە، هەر چواریان نەک باوەڕیان بە نیشتمانێک نیە بە ناوی کوردستان، ئەگەر لوتفێکیش لەڕووی بەزەییەوە بە کورد بفەرموون، ئەوە باوەڕبوون نیە بە نیشتمانێک بەناوی کوردستان، بە زەیی پێداهاتنەوەش نیە، بەلکو شەقی بەرخۆدانی خودی کوردە، کە بەخوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان بەدەستهاتووە وە
کەشوهەوای سیاسی نێودەوڵەتیش ملکەچیان دەکات .
وشەیەکی شیرنیش ئەگەر خۆیان بیڵێن، دڵنیابن هەست بە ژەهر خواردنەوە دەکەن لە گوتنەکە، بەگشتی دیدی دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی و تورک و عەجەم، دژی نیشتمانێکن بە ناوی کوردستان و بەراوردی دەکەن بە ئیسڕائیلی دووەم، ئێ کەواتە کوردیش وا بیردەکاتەوە کە ئیسڕائیلیش خاوەن خاکە وەک کورد بۆیە حاشای لێدەکەن، لە کاتێکدا ئەوان بە زۆر کورد دەخەنە خانەی ئیسڕائیل .
ڕەوشی ڕەوتی ئیسلامی لە کوردستان، گوناحە بڵێین پاشکۆشن، چونکە بەراورد ناکرێ بە دەنگی بێهێزترین میری ئیمارەتە کوردیەکانی کە بەدەستی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی ئێرانی عەجەم و خەلافەتی عوسمانی ڕووخان، نەک هەر ئەوەندەش، بەلکو هەموو ڕەوتە ئیسلامیەکان و بزووتنەوەکەیان داکۆکیکردنەکانیان شەرمنانەیە و بەراوردناکرێ، بە سەدایەکی شێخەکانی سەدەی پێشوو کە داکۆکیان لە دۆزی کورد کرد، بەتایبەت، شۆڕشی شێخ مەحمود و شێخ سەعید و سەید ڕەزای دەرسیم، کە دوانیان بە دەستی دەوڵەتی دڕندەی تورک خۆیان کوڕەکانیان شەهید بوون .
دڵنیام لەوەی زۆرینەی هەرەزۆری کورد لەو خەڵکەی کە بەو خەونە دڵخۆشن، دڵخۆشیەکەیان بە سەرکەوتنەکانی ئیسڕائیل، یاخود کە خەون دەبینێ بەوەی ئەمریکا کوردستان دەکات بە دەوڵەت، هۆکارەکەی لە ڕقێ چوار داگیرکەرەکەی کوردستانە، کە چاک چاک دەزانێ هەرچواریان باوەڕیان نەک بە نیشتمانێک نیە بە ناوی کوردستان، بەلکو ئامادەنین؛ ئۆتۆنۆمیەکی شڕی ..ڕی وەک سەدام و بەعسیش بە کورد ڕەوا ببینن . زۆر نیشتمانیش هەن لە دونیا وەک کورد، دەوڵەتیان نیە بەڵام ددان بە بوونی نیشتمانەکەیان نراوە وەک؛
سکۆتلەند، وێڵز، چیچێنیا، فەلەستین، تەتارستان، و سەدانی دی .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP