هەرایەکی زۆر هەیە دەربارەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق. ئەم هەرایە بە تەمتومان ناودەبەین، بە سودبینین لەو شانونامە و دۆکیومێنتارییە بەناوبانگەی کە لە گەڵ ڕۆبەرت مەکنەمارادا لە ژێرناونیشانی تەمتومانی شەڕدا ئامادەکرابوو. تەمتومان یانی ناڕونی و لە ئەنجامدا ئەگەری زۆری بەهەڵەچون. یەکەم هەڵە لەم پرسەدا دەکرێت ئەوەیە کە وەها دەبینرێت کە پرسەکە لە نێوان عێراق و ئەمریکادایە، بەڵام لە ڕاستیدا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندایە لە عێراق. چونکە کاتێک لە ڕوانگەی عێراق و ئەمریکاوە لێی دەڕوانین، ئەوە بە کۆمەڵێک هەڵەدا دەچین، هەرە دیارترینیان، بینینی گرژی لە نێوان بەرە شیعەکانی نزیک بە ئێران، گوایە هەندێک فشار دەکەن بۆ کشانەوە، وەک نوجەبا، هەندێکی تریش حەز بە کشانەوە ناکەن، وەک ئیتارییەکان. بەڵام ئەمە هەڵەیە.
هەڵەی دووەم، ئەوەیە کە گوایە فشار لە سەر حکومەت هەیە بۆ کشانەوە، بەڵام حکومەت ناچارە یان هەوڵدەدات هەردوولا ڕازی بکات لە ڕێگای دواخستن وهەوڵی نەزۆکەوە، وەک دروستکردنی لیژنە. لیژنە لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا یانی دەستی لێ بشوو.
کەواتە هەموان دەزانن کشانەوە نابێت، بەڵام ئەوەی چیە کە ڕودەدات؟
کاتێک دەڵێین ئەوەی دەگوزەرێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادایە، ئەوا دەبێت لە ڕۆڵ و پێگەی عێراق قسە بکەین لە نێو ئەم پرۆسەیەدا. عێراق شوێنی بەریەککەوتن و ململانێیە، بۆیە کاتێک عێراق خۆی یاریکەری سەرەکی نیە، بەڵکو یاری پێکراوە، ئەوا دەبێت بزانین یاریکەرە سەرەکیەکان چۆن یاری بەم یاریپێکراوە دەکەن.
پێش ئەوە دەبێت ئەوەش ڕون بکەینەوە، کە حکومەتی عێراقی، وەک حکومەت، بێدەسەڵاتترین بەشی ناو ئەم یاریەیە، چونکە حکومەت، لە لایەن سیاسیەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، سیاسیەکانیش لە لایەن ئێرانەوە، لە پرۆسەیەکی پرۆکسیدا کە پێی دەڵێین ئەسێمبڵج assemblage. بۆیە حکومەت نەک خاوەنی بڕیارنیە، بەڵکو ئەوانەش لە پشتی حکومەتەوەن خاوەنی بڕیارنین.
ئەم چەمکە لە دۆلۆز و گواتارییەوە وەردەگرم. دیارە وەک زانیارییەکی زیادە بەڵام گرنگ، هیچ فەیلەسوفێک نیە هێندەی دۆلۆز فەیلەسوفی شەڕە جۆراوجۆرەکانی ئەم سەردەمە بێت.
ئەسێمبلیج بە فەلسەفیانە یانی پرۆسەی پێکەوە گرێدانی کۆمەڵێک یەکە و پەیوەندی جیاواز بۆ کاتێکی دیاریکراو، لە دۆخێکی شلی بەردەوام گۆڕاودا.
بەم پێیە ئەسێمبلیج لە میانەی پەیوەندی عێراق و ئێراندا یانی چی؟ ئێران لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی پرۆکسییەکانیدا سود لە ئەسێمبلیج دەبینێت، بەو مانایە هەمیشە چەندین یەکەی جیاوازن، بەردەوام هەوڵدەدات پەیوەندی جیاواز لە نێوانیاندا دروست بکات، هەم لە گەڵ یەکتر و لە ناو خۆیاندا هەروەها لە گەڵ ئەوانیتری دەرەوەیاندا. بۆ نمونە، کاتێک ئەو گروپانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقین، کە دۆخی لە دەرەوەبونیان، دەرئەنجامی ئەوەنیە کە عێراق ناتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت، چونکە عێراق توانای زاڵبونی بە سەر هیچ لایەکدا نیە، بەڵکو لە دەرەوەن وەک پێداویستی کارو ڕۆڵیان لە میانەی ئەسێمبلجیدا، ئەگیان ئەوانیش دێنە ناو حەشدی شەعبی یان بە ڕۆژ حەشدن و بە شەو موقاوەمە، بۆ نمونە.
وەک شارەزایەکی کاروباری ئێران لە عێراق پێی گوتم، تەنها دابەشکردنی ڕۆڵەکانە. دیارە چەمکی دابەشکردنی ڕۆڵ یان کار، کە ئادەم سمیث دایهێنا، کەمێک کورت دەهێنێت، چونکە دابەشکردنی کار یان ڕۆڵ جۆرێک لە جێگیریی و هەمیشەیی تیادایە، بەڵام ئەسێمبلیج ناجێگیر و مۆلەقە.
پاش ئەوەی میتۆدەکەمان ڕونکردەوە، با ئێستا هەوڵی وەڵامی پرسیارەکە بدەین. بە کورتی ئێران نایەوێت ئەمریکا، بڕوات، ئێران دەزانێت ئەمریکا لە ژێر فشاردا ناڕوات، وەک بەرپرسێکی باڵای پێشووی سەردەمی ترەمپ پێی گوتم، چونکە ئەگەر لە ژێر فشاردا بڕوات ئەوا ئابوری عێراق دادڕمێت و بە زیانی ئێرانە، کەواتە ئێران چی دەوێت؟
یەکەم، ئێران دەبێت لە ڕێگای وەکیلەکانیەوە جوڵە بکات، بە تایبەتی پاش هێرشی غەزە بۆ ئەوەی خیتاب و هەیبەت و سیقە لە دەست نەدات لە ناوچەکە، بە تایبەتی لای ئەوانەی کە پشتی پێدەبەستن. بەڵام ڕونە لە کاتی سەختیدا پرسە کرۆکییەکان جیاوازە لە پرسە ئامرازییەکان.
دووەم، ئێرانی ئەمڕۆ لە شۆرشدا لە دایکبوە و لە شەڕدا گەورە بوە. سودێکی زۆری بینی لە شەڕی عێراق-ئێران بۆ بونیادنانی دەزگاکانی و پاکتاوکردنی نەیارە ناوخۆییەکانی. بۆیە لە سودبینی لە جەنگ و قەیراندا ئەزمونی هەیە. لە ڕاستیدا نایەوێت هێندە زیاتر تیوری بم، بەڵام شەڕ و بونیادی دەوڵەت کرۆکی پرۆسەی دەوڵەتسازیی بو لە ئەوروپا وەک چارلز تیللی ئاماژەی پێدەدات. ئێران زۆر بیژیانەتر سودمەندبوو لە قەیرانی عێراق هەتا ئەمریکا.
سێیەم، ئێران ئەم جوڵانە دەکات وەک ئیهانەکردنی ئەمریکا، وەک دروستکردنی فشار و ناچارکردنی بە پەنابردن بۆ کاری سەربازی لە کاتێکدا ئەمریکای بایدن هەوڵی دەدا خۆی لەم بوارە بە دوور بگرێت. بۆ نمونە هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی سودانی بۆ کۆشکی سپی یان دواخستنی یەکێکە لە دەرئەنجامەکان کە ڕەنگە ئێران پێی باش بێت.
چوارهەم، ئێران لایەنە دۆستەکانی لە عێراق، کە زۆرێکیان بە هۆی دەوڵەمەندبون و بونی پێگەوە خۆیان لە جیهاد و ئیشااللە شەهیدشودی و ئەو شتانە بە دوور دەگرن، بەڵام هەم لە ئەمریکا دووری خستنەوە و هەم لە ئەگەری بێگوێیی ئێران بە ئاگایی کردنەوە، وەک لە هەندێک سەرکردەی ئیتاردا بینیمان.
پێنجەم، بە سودبینین لەم پرسە ئێران هەوڵدەدات لایەنی کوردی زیاتر و زیاتر بهێنێتە ژێڕ ڕکێفی خۆی. لێدانی بارەگا و ناوەندەکانی ئینتیلیجینس، ناردنی پەیام بوو لەو ڕوەوە، بە تایبەتی بۆ چەند کەسایەتییەک.
شەشەم، ئێران دوپاتیکردوە کە توانای دروستکردنی قەیرانی هەیە لە ناوچەکە، بۆیە نابێت ناوچەکە بەبێ ئەو هیچ هەنگاوێکی گەورە بنێت. ئەمە بە تایبەتی کە دۆخی سیستەمی جیهانی زەمینەی ئەوەی تیادا نیە کە ئێران بکرێت بە ئامانج.
حەوتەم، ئێران پێی باشە ئەمریکا لە ڕوی سەربازییەوە بڕوات، بەڵام نەک لە ڕوی دیپلۆماسی و مەدەنیەوە، هەتا بتوانێت لە دۆخی ئێراق وەک سەرچاوەیەک و ناوەندێک بۆ دونیا سودمەندبێت.
ئایا بەرەو کوێ دەچین؟
ئەمریکا ناڕوات، عێراق لە ئێستادا ناتوانێت داوایەکی وەها لە ئەمریکا بکات، چونکە لە دۆخی ناسەقامگیریدا دواوی وەها ناکرێت، بەڵکو دەبێت لە ساتەوەختی سەقامگیریدا بکرێت. ئێران ڕەنگە عێراق ناچار بکات کە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق جارێکی تر هەوڵی داڕشتنەوەی بدرێت. لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی دەدا ڕێککەوتنەکە زیاتر بچەسپێت و لە بوارەکانی تری وەک ئابوری و دارایی تۆکمە بکرێت بەڵام عێراق بە هۆی ئێرانەوە توانای بەردەوامی لە دەستدا. دەرئەنجام عێراق لە توانایدا نیە پەیوەندییەکی ئاسایی لە گەڵ ئەمریکادا هەبێت. بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە پرۆژەیەکی گەورەی ململانێی جیوپۆلەتیکی لە نێوان زلهێزێک و هێزێکی ئیقلیمیدا. یەکێک لە بێتامترین نوکتەکانی ئەم ململانێیە جەختکردنەوەیە لە سەر سەروەریی.