دواین هەواڵ

بۆ سوید دەسوتێنن !

‌چاپوك سەید عومەر

18/04/2022

سوید چی کردووە، سەدام پێنج هەزار مزگەوتی بەهەزاران قورئانەوە سوتاند، بەناوی ئایەتی ئەنفال لە قوڕئانی پیرۆزدا، سەدان هەزار لە ژن و منداڵ و گەنج و پیری لە کەسوکار و خزم و برادەری ئێمەی کوشتوبڕکرد و بەچەکی کیماوی لێیداین، یەکێتی زانایان ئیسلام و کۆنگرەی ئیسلامی جیهان نوقەیەکیان نەکرد، یەک دەوڵەتی ئیسلامی جگە لەئێران کە لەشەڕدابوو لەگەڵ عیڕاق فزەیەیان نەکرد، تا ئێستاش نەدەوڵەتی عیڕاق و نە کۆمکاری عەڕەبی خۆیانی لێ بەخاوە ناکەن و ئیدانەیان نەکرد. هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان کە هەموویان ڕژێمەکانیان ئیسلامیە و یەک دەوڵەتی ئیسلامی وەک نیشتمانێک کە ئێمە لەسەر ئەوخاکە خوا خەلقی کردووین و دەژین ددان بە بوونمان نانێن .

ئاخر سوید چیکردووە، دووسەد ساڵە خۆی لەشەڕ دوورخستووە، لەژێر تیشکی بیری ڕوناکبیرانی سوید و زۆرینەی حزبەکانی سوید باشترین یاسا بۆ نزیک بوونەوە لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرجەستەکردووە، کە بە ملیۆنەها پەناهندە وڵاتە ئیسلامی و نا ئیسلامیەکانی وەرگرتووە، پارەی سۆسیال وەردەگرن، بیمەی تەندروستیان هەیە بەشێکیان کاروکاسبی باشی هەیە، لەسەردەمی برسیەتی پارە بۆ خزم و کەسوکاریان دەنێرن، هەر بەو پارە عەقارات و بازرگانی لەوڵاتی خۆشیان دروستدەکەن .

گوناحی سوید چیە و چیکردووە بۆ دەیسوتێن، بەهەزاران چیڕۆکی درۆ دروستکرا تا ئیقامە بۆخۆیان و کەسوکاریان وەرگرن، هەزاران فرتوفێڵ لەو وڵاتەکرا و قبوڵیانکرد، سەردەمێک بۆ کورد بۆ سوری بۆ هەر وڵاتێک کە لەشەڕدابوو بەچەند حەفتەیەک ئیقامە دەبەخشرا، ئێ دەکەمێکتان لەچاودابێ بۆ سوید دەسوتێنن، خۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی و خەلیج دەرگای بۆ نەکردنەوە، ئێ بۆ دەیسوتێنن بۆ .

هەزار و پێنج سەد ساڵە شەڕ لەنێوان شیعە و سونە هەیە بەملیۆنەها موسڵمان کوژرا، خۆ سوید دەستی تێدانەبوو، ئەمریکاش وجودی هەرنەبوو .

سوید بە هەزاران دەرفەتی کاری بۆ دروستکردوون، خانووی بۆدابینکردوون خۆراکی ڕۆژانەی بۆدابینکردوون، ئێ بۆ دەیسوتێنن .

سوید بەسەدان مزگەوتی بۆ دروستکردوون، ڕێگەی داون دینەکەتان بڵاوبکەنەوە، ئایا ئێوە لەوڵاتی خۆتانبووان ئەوەتان بۆ غەیرەدینان دەکرد یا جزیەتان لێوەردەگرتن .

لەژێر ڕۆشنایی ئەو قانونانەی لەسوید هەیە ئێوە لێرە دەژین، ئەو قانونانە تەنها بۆ موسڵمان دانەنراوە، پێتان باشبێ یا خراپ، چۆن ڕێگە بە ئێوەدراوە بەئازادی ڕادەربڕن بێ توندوتیژی ڕێ بەوانیشدراوە، ڕاستنیە ئەوەی بێتە ئێرە ئەو ڕاستیە نەزانیت، کەسیش بەزۆر نەهێنراوەرتە سوید، ئەوەی پێی قایلنیە دەتوانی لەسوید نەژی، لەسوید قانون بۆ هەموو کەسێکە ناکرێ بە قانونێک ڕازیبیت و ئەویدی ڕەتکەیەوە .

سویدی لە بەرەبەیانەوە هەڵدەستی تا ئێوارە کاردەکات و باج دەدات، دەوڵەت زۆرینەی باجەکە بۆ خزمەتگوزاری بەکاردەینی بەتایبەت بۆ بیمەی تەندروستی و پەروەردە و هاریکاری کۆمەڵایەتی، کە تۆ لێرەی لە بەرهەمی ئەو، باجی ئەو بەروبوومە دەخۆی کە باجی مەشروباتی کحولیشی تێدایە و بەحەلالیشی دەزانی و نۆشی گیانی دەەی، ئێ بۆ سوید دەسوتێنی .

تەنها لەبەر ئەوەی کەسێکی توندڕە و لەحزبێکی توندڕە و سوکایەتی بە قوڕئانی پیرۆزکردووە، دەیان سەیارە دەسوتێنی و دەیان پۆلیس برینداردەکەی، تۆش دەتوانی خۆپێشاندانبکەی و سوکایەتی بە خۆی و حزبەکەی بکەی، سوێندت دەدەم بەو قوڕئانەی کە سویدی لەسەر دەوستێنی لە وڵاتانی موسڵمان ئەگەر باوکتان قوڕئانی بەدەستەوەبوا و بەقوڕئانەوە بیان سوتاند بوا نەتدەوێرا نوقە بکەی، ئێ بۆ لە باشەی سوید ناگەن و بۆ ئەو وڵاتە جوانە کە بەڕەنجی ژیانی خۆیان دروستیان کردووە، بۆ دەیسوتێنن بۆ .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP