-پەیامنێر: کەی هێرشی پێچەوانە دەکەنە سەر داعش؟
+فەرماندەکەی پێشمەرگە: سەعاتی سفر.
-پەیامنێر: سەعاتی سفر چ کاتێکە؟
+فەرماندەکەی پێشمەرگە: سەعات یەکی ئەمشەو!!!.
ئەمە وەرگرتن و پەخشکردنی ڕاستەوخۆی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ساڵی ٢٠١٤ی سەرەتای سەرهەڵدانی هێرشە تیرۆرستیەکانی داعشە بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پەیامنێری یەکێک لە کەناڵە ئاسمانیەکان کۆڵ لە فەرماندەیەکی پێشمەرگە نادات تا ڕاستی و دروستی سەعاتی سفری پێ ئاشکراکرد!!.
هیچ هێزێکی تیرۆرستی بەقەد داعش سودیان لە سۆشیال میدیا نەبینی، ئەوان لە ڕێگەی سۆشیال میدیای خۆیانەوە کارە دوژمنکارانەکانیان بڵاو دەکردەوە و هاوڵاتیانیان پێ دەترساند و دەتاساند، هاوکات سودیان لە میدیای بەرامبەریش دەبینی بۆ دەستکەوتنی زانیاری ساتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی (پێشمەرگە و سوپای عیراق)، ئێستاش دوو هەفتەیە هێرشەکانی داعش لەسەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق چڕکراونەتەوە و بەهۆیەوە (٢٢) شەهیدمان هەیە، بەڵام ژمارەیەک لە میدیای کوردی بەردەوامە لەسەر نەزانیەکانی لە بڵاو کردنەوەی زانیاری لەسەر جۆری چەکی دەستی پێشمەرگە و پێداویستیە سەربازیەکان و کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی داعش!.
هەواڵی ئەو ژمارە لە میدیاکان دۆخێکی ناجێگیر لەسەر دەرونی هاوڵاتیان دروست دەکەن، بێ ڕەچاوکردنی بارودۆخ سەرقاڵی بە گەورەنیشاندانی بابەتەکانن، لاوازن لە داڕشتنی هەواڵەکانیان، ئاشنای مێژوونین و لەگەڵ واقعیەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە ناکەن، گرنگ بۆ ئەوان کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر له دەوری شاشەکانیان و لایک و کۆمێنتە بۆ پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان، ئەمەش لە پابەندبون بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دووری خستونەتەوە، ئامانجی سەرەکیان بوە بە هەژان و بە ڕۆژەڤکردنی بابەتگەلێکی بۆشو بەهاو کلتوری کوردەواریشیان بردۆتە ئاستی گیانەڵا!، هۆکارێکن لە بەردەوامیدان بەو دۆخەی خوڵقاندویانە و تادێت پەرەی پێدەدەن، سەرئەنجامیش دڵەڕاوکێیان خستۆتە ناخی تاک بە تاکی کۆمەڵگەوە.
کۆکردنەوەی بینەر لە دەوری شاشەی تیڤی و زیادکردنی لایک و کۆمێنت بۆ پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوە ناگەیەنێت خاڵی لاوازی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕایگشتی بڵاو بکەیتەوە، لەکاتێکدا تاکە سودمەند لەم بابەتەدا داعشە.
پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە هەڵوەستە بکەن و بەهەر نرخێک بوە ڕێگری لە دزەکردنی زانیاری ناو سەنگەرەکان بگرن کە لە ڕێگەی میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.
تێبینی/ ئەم بابەتە تەنها ئەو تیڤی و ماڵپەرانە دەگرێتەوە کە بە نەزانین یان زانابون پیشەیان بۆتە دەرخستنی خاڵی لاوازی هێزی پێشمەرگە و گەیاندنی بە ڕایگشتی، گەرنا زۆرن ئەو تیڤی و ماڵپەرانەی کە زۆر پرۆفیشناڵانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن و پابەندن بە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە