تادێت رەوشى ناوچەکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شەڕوململانێییەکانى جەمسەرە ناوچەیی و جیهانییەکان پێى دەنێتە قۆناغێکى هەستیارترەوە ، بۆیە خوێندنەوەى وردبینانە و ژیرانە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و چۆنێتى مامەڵەکردنێکى سەرکەوتووانە لەگەڵ دۆخەکان دەخوازێت بە تەبایی و یەکدەنگى ئەم دۆخەش تێپەڕێنین و سوودیش لە دەرفەتەکانى بەردەمان وەربگرێت
لە مێژووی هاوچەرخى گەلى کورددا ، ئەوەى توانیوێتى خاڵى یەکدەنگى و یەک ستراتیژى بێت ، ئەویش یەکدەنگى و یەکهەڵوێستى نێوماڵى کورد بووە، بەتایبەتى کە عێراق وناوچەکە بەشێوەیەکى گشتى بە رەوشێکى زۆر پڕ کێشە و ئاڵنگارى و گۆڕانکارى سیاسى و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت ، پرسى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاوهاوپەیمانان جارێکى تر تاقیکردنەوەى مێژوویی وهەستیارە بۆ هەموو هێزولایەنە سیاسییەکانى کوردستان ، چونکە ئەمە تەنها خۆى لە گۆڕانکارییەکى سەربازى نابینێتەوە ، بەڵکو گۆڕانکارییەکى ستراتیژییە لە ناوچەکەدا کە پێوستى بەسەرنجدان و هەڵوێستى بەرپرسیارانەو نیشتیمانى هەیە
بەتایبەتى هەرێمى کوردستان لەماوەى چەند ساڵى رابردوو بەهۆى ئەو گۆڕانکارى و ململانێیە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە و ئینجا بەهارى عەرەبى و سڕینەوەى سنوورەکانى سایکس پیکۆ و سەڕى تیرۆریستانى داعش لە 2014 و دواتر ڕێفراندۆمى سەربەخۆیی و ئینجا هێرشى میلیشیا و گروپە تیرۆریستەکان بە پشتیوانى وڵاتانى دراوسێ بۆ سەر هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى کێشەى زۆر بووەوە ، ئەوەى گرنگە بگووترێت ،دواى 2 دوو ساڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تا ئێستا نە پەرلەمان کارا کراوەتەوە و نە حکوومەتى نوێ و کابینەى یەکەم پێکهێنراوە ، بۆیە گرنگە چۆن هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان یەکخرایەوە ، بەم شێوەیەک لە پێناو سەروەرى و بەهێزى پێگەى کوردستان لە بەغدا بۆ بەدەسهێنانى ماف و شایستەداراییەکانى بودجە و مووچە و ئینجا جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوور هەنگاویی ستراتیژى بهاوێژین
کاتى ئەوە هاتووە سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان ، بەوپەرى بەرپرسیارێتییەوە ،بەرامبەر بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان کار بۆ یەکڕێزى و پتەوکردنى پەیوەندییە ناوخۆییەکان بکات ـ بەتایبەتى کە لە رەوشە نوێیەى کە ڕووبەڕووى عێراق و ناوچەکە بووەتەوە و پارێزگاریکرن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان دەستکەوتە نیشتیمانى و نەتەوەییەکان و ئینجا فەراهەمکردنى ئارامى و سەقامگیرى و خزمەتگوزارى گشت و لە سەرووى هەمووشیانەوە بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان پێش هەموو بەرژوەندییەکى تایبەتى و حزبى ، دەتوانین بەسەر قورسترین بەربەست و ئاڵنگارییەکاندا سەرکەوتوو بین و پێگەى گەلى کوردیش لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکەین ، پێچەوانەکەشى لێکترازانى نێوماڵى کوردستان ، هەمیشە زیانى گەورەى بەر هەرێمى کوردستان و سەروەرییەکانى گەیاندووە و دڵى نەیاران و دوژمنانى کوردستانى خۆش کردووە
لەگەڵ ئەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان بە سەرکردایەتى ئەمەریکا ڕۆڵێکى دیاروبەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و پاراستنى هاوسەنگییەکاندا ، بەڵام ئیتر کاتى ئەوەهاتووە ، پشت بە خۆمان ببەستین و خۆمان بڕیار لە سەر چارەنووس و داهاتووى خۆمان بدەین ، نە لە هاوکێشەکاتییەکانى دەرەوەدا ، بۆیە ، گرنگ و زەروورە تەبا و یەکڕیز وخاوەن ستراتیژییەکى هاوبەش بین ، ئەوەش نەک هەر ئەرکێکى سیاسىییە ، بەڵکو ئەرکێکى نەتەوەیی و مێژووییە بەرامبەر خوێنى شەهیدان و داهاتووى گەلەکەمان ، بۆ ئەوەى بتوانین بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە سەختانەش تێپەڕێنرێت ، بەردەوامى گفتوگۆ و دانووستانەکان لە نێو گشت هێزولایەنەکان و دانانى نەخشەڕێگەیەکى هاوبەش ، لەپێناو بەهێزکردنى دامەزراوە نیشتیمانییەکان و ئەمنییەکان لە ژێر هەژموونى حکوومەتى کوردستان وبەرژوەندییە گشتییەکانى گەلەکمان ، خۆ سازدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر هەڕەشەیەک و دروستکردنى هەماهەنگیی بەهێز لەگەڵ عێراق بۆ پارێزگاریکردن لە مافەدەستوورییەکان و یەکدەنگى سیاسى لە بەغدا بۆ بەدیهێنانى ماف و شایستەدارییەکان و دابینکردنى مووچە و بودجە و هەموو مافە رەواکانى خەڵکى کوردستان ، ئیتر نەک کاتى ئەوە هاتووە سەرکردایەتى سیاسى کورد لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەمێژووییەدا بێت ، بەڵکو بەکردەیی هەنگاو بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەت بنێت و لەنێوخۆشدا بەهێز و ئامادە بێت بۆ داهاتووى پێشهات و گۆڕانکارییە نوێیەکانى ناوچەکە