دواین هەواڵ

ئەوەی کاک بافڵ نەیوت یان نەیویست بیڵێت!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مێری، جگە لەوەی زەنگی گفتوگۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبە کوردییەکانی لێدا، ئەوەی یەکلاکردەوە کە کێشەکانی یەکێتی و پارتی لە پێکهێنانی حکوومەت نزیکبوونەتەوە لە سفر. هەردوو باسەکە بەهۆی خراپی پێشکەشکارەکەوە، بەناتەواوی گەیشت. لەپرسی پێکهێنانی حکوومەت، کاک بافڵ ئەگەرچی ویستی رێککەوتنەکەی نەوەی نوێ وەک قەڵغان بەکاربهێنێت، بەڵام لەکۆتاییدا پێیگوتین رێگر لەپێکهێنانی حکوومەت چەند پرسێکی ئەمنییە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو پرسە ئەمنیانە کامانەن؟!
ئەو پرسە ئەمنیانە کە لە قسەکاندا ئاماژەیان بۆ نەکرا، فەرمانی گرتنەکەی وەهاب هەڵەبجەیی، کەیسی ئەژی ئەمین و کەیسەکەی لاهور شێخ جەنگییە لە دادگا. ئەگەر ئەوانە بەلایەکدا ببرێن، وەک خۆی گوتی لە ٢٤ کاتژمێردا حکوومەت پێکدێت. هەربۆیە لەکۆتایی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی جگەلەوەی دڵنیایی دایە پارتی، پەیامێکی ئاشتەوایی بۆ کاک مەسعود نارد و وەک هاوڕێی باوکی ناویبرد.

لەبارەی رێککەوتنی نەوەی نوێوە، رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ، ئەوەی دەبوو جێبەجێکرا. نەوەی نوێ وەزارەتێک و چەند پۆستێکی لە بەغدا لەسەر ئەو بنەمایە وەرگرتووە و لە کوردستان پێناچێت شتێک وەرگرێت.

گفتوگۆ یان ئێرانی بێتیرۆر؟!
ئەوەی کاک بافڵ بە گفتوگۆی نێوان ئێران و دژبەرانی ناویبرد ڕاستە، بەڵام ئەوەی نەگوترا، ئەوەیە ئێران نەلەگەڵ هەمووان ئامادەیە دابنیشێت و گفتوگۆکان بگەیەنێتە ئەو قۆناغەی خاڵ بخرێتە سەر پیتەکان، نە لەکاتێکدا ئامادەی دانیشتنە کە هێشتا ئەو حزبانە چەکداربن. بەکورتییەکەی ئێران پرۆسەی “ئێرانی بێتیرۆری دەوێت”
ئێرانییەکان بەدیاریکراوەی ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵ پاک و حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران (موهتەدی) نین. جگە لەوە حزبی کۆمونیستی ئێران ئامادەی گفتوگۆ نییە و ئامادەیە تا ئەلبانیا سەری لەپێناو دابنێت، هەرچی دیموکراتە مستەفای هیجری نایەوێ بەو شێوازە بچێتە پێش و خالید عەزیزی دەیەوێت بەهەر جۆرێک بێت بچێتە پێش.
لەبارەی پژاکیشەوە، بەدوو شێواز پەیامی بۆ ئێران ناردووە، بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەوەی خۆی دەبێت خاوەن قسەی دەستپێکبێت.
با لەوەش بگەڕێین کە لەو گفتوگۆیە، کاک بافڵ رۆڵەکەی هێندە گەورە نییە و لەناو کورد لەو خاوەن ڕۆڵتر هەیە بۆ ئەو پرۆژەیە و لە کۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووشەوە جموجۆڵی دەستپێکردووە.

ڕقێک و حیکایەتێکی ناتەواو!
ڕەنگە ئەمە باشترین قسەکانی مێژووی سیاسیی بافڵ تاڵەبانی بووبن. لەگەڵ ئەوەشدا لاوازترین خاڵی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی، ئەوەبوو کەنەیتوانی رقی خۆی بەرانبەر مەسرور بارزانی بشارێتەوە. لەمەدا بافڵ تاڵەبانی چیرۆکێکی گێڕایەوە، بەڵام بەناتەواوی، کە ئەویش چیرۆکی هەماهەنگی پارتی و یەکێتیبوو بۆ ڕزگارکردنی هەرێنی کوردستان لە ئاگری شەڕی ئێران. ئەم زانیارییە پێش چەند رۆژێک کاک مەسعود وەک تایتڵ گوتی، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لەگێڕانەوەکەی گوتی کە ئەو و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی کوردستانیان ڕزگارکردووە، لەکاتێکدا ئەو حیکایەتە زۆر ناتەواوە، چونکە قوباد پەیوەندی بەو باسەوە نەبووە و هەڵوێستی زۆر جیاواز بووە، تەنانەت لەلای تورکەکان کۆمەڵێک قسەی کردبوو کە خەریکبوو هەموو کورد بخاتە ناو ئاگردانی شەڕەکە. لەبەرانبەردا مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی لەدوایین ساتەکان دەستدەکەن بە هەماهەنگی تائەوڕاددەیەی پارتی هێزی بڵاوەپێکرد لەسەر سنووە، ئەمەش لە میدیای ئەمریکی وەک هێرش بۆ ئێران پێشاندرا. لەلایەکی دیکەوە، کەسێک کە بافڵ تاڵەبانی باسی نەکرد جەمیل بایک بوو. جەمیل بایک رۆڵی هەبوو لە وەستاندنی پژاک و نەیهێشت بکەوێتە ئەو گۆمی خوێنەوە کە چاوەڕوانیدەکرد. لەمەدا بایک تا ئەو ڕاددەیە ڕۆیشت کە هاوسەرۆکی پژاک (ئەمیر کەریمی) بێڕۆڵکرد.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP