دواین هەواڵ

لە نێوان شیوەنی وەفاداری و چەپڵەی ڕووکەشدا؛ وانەیەک لەسەر گڵکۆی هاوژینی لەتیف هەڵمەت

‌ئاسۆ عوسمان

16 کاتژمێر پێش ئێستا

شاعیر جەمال غەمبار دەڵێت: «تۆ نازانی کە پیاو دەگری، کەون چ خەلەلێکی تیایە!» ئەم دێڕە بەتەواوی بۆ ئەم دیمەنە دەگونجێت؛ گریانی پیاوێک کە تەمەنێک بە پێنووسەکەی ورە و وێنەی یاخیبوونی بە ئەدەبیاتی کوردی بەخشی، ئێستاش لە بێدەنگی و چۆڵەوانیدا بەرامبەر مەرگی هاوسەفەرەکەی دەشکێتەوە.

دیمەنێکی یەکجار پڕ لە ئازار و هاوکات باڵاترین پەڕاوگەی وەفا و مرۆڤدۆستییە کە تیایدا شیوەن و فرمێسکەکانی مامۆستا لەتیف هەڵمەت لەسەر گڵکۆی هاوژینەکەی پێناسەیەکی هەقیقی بۆ خۆشەویستیی تۆمار کرد.

لە سەردەمێکدا کە چەمکی پەیوەندی و هاوسەرداری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کورتکراوەتەوە بۆ نمایش و دەستەواژەی بێ‌گیان، مۆدێلی ئەم وەفادارییە وانەیەکی قورس و دەگمەنە؛ ساڵانێکی درێژ لە نەخۆشی، بەبێ هەبوونی منداڵ و بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، لەتیف هەڵمەت سەلماندی کە خۆشەویستی تەنیا بۆ ڕۆژانی خۆشی و تەندروستی نییە، بەڵکو پەیمانێکە تا دوا هەناسە.

جیاوازیی گەورەی نێوان ژیانی ڕاستەقینە و جیهانی مەجازی لێرەدا دەردەکەوێت؛ ئەوانەی لە شاشەکانەوە ڕۆژانە باسی عەشق و بەختەوەری دەکەن لە یەکەم تاقیکردنەوە و نەهامەتیدا پاشەکشە دەکەن، بەڵام ئەم پیاوە شاعیرە بە کردار و بە خزمەتکردن جوامێریی سەلماند، وەک خۆیشی لە نێو فرمێسکەکانیدا دەڵێت: «ویژدانم ئاسوودەیە»، کە بەهێزترین و پڕماناترین دەستەواژەیە مرۆڤ لە کۆتایی ڕێگادا بتوانێت بەرامبەر کەسی ئازیزی بیڵێت، چونکە هیچ کەموکوڕییەکی لە خزمەت و سۆزدا نەهێشتووەتەوە.

هاوکات چۆڵبوونی دەوروبەری لەم ساتەدا، ئازاربەخشترین برینی کۆمەڵگەی ئەمڕۆمان دەکولێنێتەوە کە تەنگژەی بەها و باڵادەستیی نمایشە؛ لە سەردەمێکدا دەژین کە ناوەڕۆک بەهای نەماوە و ڕووکەش حوکم دەکات، هەزاران کچە مۆدێل و کارەکتەری سۆشیال میدیا درۆزن هەن باسی خۆشەویستی دەکەن و بەرگەی چوار ڕۆژ پێکەوەبوون ناگرن، کەچی کۆبوونەوەی هەزاران کەس لە دەوری مەراسیم و ئاهەنگی پووچ و سەتحی یان کەسانی دەوڵەمەند، لە بەرامبەر چۆڵبوونی دەوری قەڵەمێکی دێرین و پاک لە کاتی ماڵئاوایی و خەمدا، پێمان دەڵێت چەندە پێوەری ڕێز و پێزانین لە کۆمەڵگەدا شێواوە.

لەتیف هەڵمەت و نموونەی ئەوان هەرگیز نەبوونەتە بەشێک لە بازاڕگەری و خۆنواندن، بۆیە لە کاتی تەنگانە و کۆچیشدا جەنجاڵی و قەرەباڵغیی ساختەی دەوروبەر نابینن. هەرچەندە چۆڵی و کەمتەرخەمیی کۆمەڵگە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر بەم کەڵەنووسەرە جێگەی داخە، بەڵام ئەم پەراوێزخستنە هیچ لە گەورەیی و جوامێریی ئەو کەم ناکاتەوە، چونکە ئەو کەسەی ویژدانی ئاسوودە بێت و تا دوا سات بە وەفاداری خزمەتی کردبێت، پێویستی بە قەرەباڵغیی درۆزنانە نییە؛ ئەم تەنیاییە ئاوێنەیەکە کە بێ‌وەفایی و پووچیی سۆشیال میدیا و بەها گۆڕاوەکانمان بەڕوودا دەداتەوە، و ئەم فرمێسکانەش شایەتی لەسەر پەیوەندییەکی پیرۆز و پاک دەدەن کە مێژووی ئەدەب و مرۆڤایەتی لە یادەوەریی کورددا وەک مانیفێستی وەفاداری دەیپارێزێت.

مامۆستا گیان تۆش لەم هەوار و دەردە مەزنەدا، کە مرۆڤ جاروبار تەنانەت سێبەرەکەی خۆیشی یاوەری خەمەکانی نابێت، سەد مەخابن و هەزار داخ بۆ ئەو هاواری تەنیاییەت لەسەر ئارامگەی هاوسەفەری تەمەنت؛ کاتێک لە قوڵایی جەرگتەوە دەتگوت: نە کوڕێکت هەبوو بۆت بگری و نە کچێک قژت بۆ بڕنێت!

تکایە ڕێگە بدە بە گەورەیی خۆت هەمووان هاوبەشی ئەم کۆستەت بین مامۆستا گیان؛ ڕۆحی خاتوو (سورەییا) هەمیشە ئارام بێت و سەبووری و دڵنەوایی بۆ دڵە ماندوو و بیمارەکەی تۆ، کە فرمێسکەکانت نەک هەر خەمێکی تاکەکەسی، بەڵکو مێژوویەکی پاک لە وەفاداری و مرۆڤدۆستییان لە یادەوەریی هەمووماندا نەخشاند.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP