لە سەردەمی هاوچەرخدا، میدیا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی دەنگوباس، بەڵکوو یەکێکە لە دیارترین پایەکانی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێنماییکردنی ڕای گشتی. لە کاتە هەستیار و قەیرانەکاندا، هەڵوێست و کارکردنی میدیا دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی بەهێز بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان “میدیای بەرپرسیار” و “میدیای تێکدەر”.
میدیای نیشتمانی و بەرپرسیار لە کاتی قەیران، جەنگ، یان ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکاندا، وەک قەڵغانێکی فکری و دەروونی کاردەکات. ڕۆڵی سەرەکیی ئەم جۆرە میدیایە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕاست و باوەڕپێکراو بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆ. کارکردن لەسەر هێورکردنەوەی دەروونی تاک و کۆمەڵگە، تاوەکوو شڵەژانی دەروونی لەناو خەڵکدا ڕوونەدات. بەهێزکردنی باوەڕی هاونیشتمانییان بە دامەزراوە نیشتمانییەکان و پاراستنی یەکێتیی ڕیزەکانی کۆمەڵگە.
لە بەرانبەردا، کاتێک میدیا ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت بۆ زەقکردنەوەی لایەنە نێگەتیڤەکان، بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاریی تۆقێنەر و درووستکردنی فۆبیا لە ناخی تاک و شەقامدا، ئەرکە ئەخلاقی و نیشتمانییەکەی لە دەست دەدات.
ئەم شێوازی کارکردنە نەک هەر خزمەت بە دەروونی هاونیشتمانییان ناکات، بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەبێتە ئامرازێک لە دەستی دوژمنان و نەیاراندا. بڵاوکردنەوەی ترسی بێبنەما و شڵەژاندنی ڕای گشتی، دەروازەیەکی زێڕین بۆ نەیاران دەکاتەوە تاوەکوو شەرعیەت بە شەڕی دەروونی بدەن و ورەی جەماوەر بڕووخێنن. لە زانستی سیاسی و سەربازیدا، هەر ناوەندێک یان ئامرازێک بێتە هۆی تێکدانی بەرەی ناوخۆیی و لاوازکردنی ورەی نەتەوەیی لە بەرژەوەندیی دوژمن، دەکەوێتە خانەی تابووری پێنجەمەوە.