دواین هەواڵ

بردنەوەی عێراق و دڵخۆشی كورد كاتێك قوربانی چەپڵە بۆ سەركەوتنی جەلادەكەی لێدەدەت

‌كارزان گلی

14 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشتر لەبارەی بەفاشیستبوونی كۆمەڵگە قسەم كردووە و دەتوانن لە پێگە بچووكەكەم لە فەیسبووك بەدرێژی بیبینن، بەڵام پێم باش بوو لەبارەی بردنەوەی یانەی تۆپی پێی عێڕاق بەرامبەر بە بۆلیڤیا قسە بكەم، كە هەزاران كورد، دڵخۆشی خۆیان بۆ بردنەوەی عێراق دەربری.

هیتلەر بەر لەوەی ببێت بە فاشیست، كۆمەڵگەی بەرەو فاشیستبوون برد، بۆ ئەوەی هەر كۆمەڵكووژییەكی بیكات، گەل رووبەڕووی نەبێتەوە، بەڵكوو چێژ لەو كۆمەڵكووژییە ببینن، بۆیە شەش ملیۆن جولەكەی كۆمەڵكووژ كرد و گەلی ئەڵمانیا ورتەیان لێوە نەهات چێژیان لێی بینی.

سەدان ساڵ بەر لە ئێستا، كاتێك پاشایەك دەبوو بە فاشیست و خوێنمژ، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بەفاشیست بكات، دەچوو قوربانییەكانی دەهێنا و لەبەردەم هەزاران خەڵك بەدڕندانە دەیكوشت و خەڵكیش هوتافی بژی پاشایان لێ دەدا.

یان لەناو مەیدانێكدا قوربانییەكانی كۆ دەكردەوە و چەند شێرێكی برسی دەهێنا و بە قوربانییەكانی دەگوت لەگەڵ شێرەكان بجەنگن، كاتێك شێرەكان قوربانییەكانیان دەكردە هەزار پارچە و دەیانخوارد، خەڵك چێژیان لێ دەبینی و هاواریان دەكرد (بژی پاشا، بژی پاشا)، بەڵێ فاشیستبوون لێرەوە دەستپێدەكات و بوێری دەدرێت بە سەرۆك و پاشا، تا ببن بە جەلاد.

سەدام حوسێن، دەیان هەزار كوردی ئەنفال كرد و بەزیندوویی خستییە چاڵەوە، یەك عەرەبمان نەبینی بڕژێنە سەر شەقام، یان دەنگ هەڵبڕن و بڵێن بۆچی كورد كۆمەڵكووژ دەكەی؟ بەپێچەوانەوە چونكە لەلایەن سەدامەوە كۆمەڵگە بەفاشیست كرابوو، بۆیە چێژیان لە كوشتنی كورد دەبینی.
با دوور نەڕۆین، كاتێك بودجەی هەرێم بڕا و فەرمانبەر و مامۆستا بۆ چەندین مانگ بێمووچە بوون و تا ئێستا قەیرانی مووچە هەر هەیە، عەرەبێك، رۆشنبیرێكی عەرەبی عێڕاق و یان ئەكتەر و سینەماكارێكی عیڕاقت بینی، بڕژێتە سەر شەقام و بڵێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕن و برسییان دەكەن؟ نەخێر نەمان بینی، چونكە فاشیستن و چێژ لە برسیبوونی كورد دەبینن.

لە باكووری كوردستان، زیاتر لە پێنج كۆمەڵكووژی دژی كورد كراوە، هەزاران كورد كۆمەڵكووژ كراوە، توركێكت بینی بڕژێتە سەر سەقام و بڵێت دەست لە كوشتنی كورد هەڵگرن؟ نەخێر چونكە هەر لە سەردەمی ئەتاتوركەوە توركەكان بەرامبەر بە كورد فاشیست كراون و چێژ لە كوشتنی كورد دەبینن.

تۆش ئەی كوردی نەگبەت، بۆ دڵت بەوە خۆشە جەلادەكەت دەیباتەوە و ئاهەنگ دەگێڕیت؟ بۆ وەكوو قوربانییەك چەپڵە بۆ جەلادەكەت لێدەدەیت كە تۆی كوشتووە و شكۆی بریندار كردویت؟ بردنەوەی عێڕاق نابێت دڵخۆشت بكات، ئەمە ئەوپەڕی خۆ بەكەمزانینە بەرامبەر بەعیڕاق، ئاخر بەلاش نەوتراوە كۆیلەكانی سەردەمی پێشوو، لەڕووی فیزیكییەوە ئازار دەدران، بەڵام كۆیلەی مۆدێڕن ئەوەیە، روح و فیكرت بەكرێ دەگرن و ناچارت دەكەن چەپڵە بۆ سەركەوتنەكانیان لێ بدەیت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP