لە گەرمەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ناسەقامگیری ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز کە بووەتە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت وغازی عێراق، لە پێشهاتێکی نوێدا زانیاری لەسەر ئۆفەری کۆمپانیایەکی هۆنکۆنگی بەناوی Heritage Funds LPF بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوبۆتەوە کە باس لەوە دەکات کۆمپانیاکە پێشنیازی دروست کردنی دوو پڕۆژەی گەورەی بۆری نەوت و گاز پێشکەشی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، کە جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن و هەمەچەشنکردنی ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوت و غازی عێراق. پێشنیازەکە دوو پڕۆژەی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
یەکەمیان: ڕاکێشانی بۆریەک لە بەندەری بەسرە بۆ شاری حەدیسە، پاشان درێژکردنەوەی بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن یان بەندەری لازقییە لە سوریا کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست.
پرۆژەی دووەم: دروستکردنی بۆرییەک لە بەندەری بەسرەوە بۆ سنوورکانی تورکیا.
بەپێی وردەکارییەکانی پێشنیازەکە، کۆمپانیاکە جێبەجێکردن و تەواوی تێچووی پرۆژەکە دەگرێتە ئەستۆ لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکێک لە نەوتی خاو، ئەمەش دەتوانێت چارەسەرێکی کردەیی بێت بۆ ئەو قەیرانە داراییەی عێراق تێیکەوتوو، چونکە ئێستا عێراق لە ناوەڕاستی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی هەناردەکردنی نەوتدایە، لە کاتێکدا گەرووی هورمز داخراوە و ڕێڕەوە ئاسایییەکان پڕ لە مەترسین، عێراق ناچارە بە خێرایی ڕێڕەوی جێگرەوە بدۆزێتەوە یان ڕووبەڕووی کەوتنی ئابووریی کارەساتبار ببێتەوە.
بەڵام سەرەڕای گرنگی و قەبارەی ئەو ئۆفەرە تاکوو ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ وەڵامێکی فەرمی ئەم پێشنیازەی نەداوەتەوە، ئەمەش پرسیارێک دروست دەکات کە ئاخۆ بۆچی تا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق بێدەنگی هەڵبژاردووە؟
بە پێی لێکدانەوەکان ئەم بێدەنگییە لە چەند هۆکارێکی ئاڵۆزەوە سەرچاوە دەگرێت:
یەکەم:هۆکاری ناوخۆیی و ململانێی سیاسی، چونکە پڕۆژەی پێشنیارکراوەکە دەکەوێتە چەقی ململانێ نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و بۆری کەرکووک-جەیهان بەشێکی گرنگی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و هەر ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئەم بۆرییە یان بەڕێوەبردنی، پێویستی بە ڕەزامەندی هەرێم هەیە.
دووەم: هۆکاری هەرێمایی و بەرژەوەندی وڵاتانی تورکیا و ئێران، چونکە تورکیا ئەم پڕۆژەیە وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینێت بۆ پێشکەوتنی پێگەی خۆی وەک دەروازەی وزە بۆ ئەوروپا و زیادکردنی کاریگەریی خۆی لە عێراق، لە بەرامبەردا، ئێران ئەم پڕۆژەیە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ستراتیژی خۆی وەک دەروازەی سەرەکی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەبینێت، ئەم دوو بەرژەوەندیە پێچەوانەیە، عێراقی خستووەتە بارێکی ئاڵۆز و قورسدا کە هەر هەنگاوێک بۆ لایەک، ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەکی تر تێکدەدات.
سێێیەم: هۆکاری نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و چین، چونکە پێشنیازەکە بە شێوەی بەدیلی بازرگانی پێشکەشکراوە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە لەلایەن ئەمریکاوە بە دوورکەوتنەوە لە سیستمی دارایی ئەمریکی لێکبدرێتەوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەم ڕێگایە لەگەڵ پەیوەندییە ستراتیژییەکانی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەگونجێت یان نا؟