دواین هەواڵ

مەترسییەکانی ساڵی 2026

‌د.سەردار عەزیز

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵی داهاتوو دونیا لە ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی ڕوبەروی چەندین ئاستەنگ و ریسک و هەروەها دەرفەتی نوێ دەبێتەوە، هەندێکی درێژبوەی ساڵی ٢٠٢٥ە، هەندێکی تری نوێیە یان وەرچەرخانی نوێ دەبینێت. لە هەمانکاتدا هەمیشە ئەگەر هەندێک ڕوداو هەیە، کە تەنها لە هەگبەی تاریکی هێزە هەواڵگریی و ئینتلیجینسیاکاندا هەیە، وەک هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ نمونە لە ساڵی ڕابوردوادا.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەوەی لە ناو ئەمریکا دەگوزەرێت، کاریگەری گەورەی دەبێت لە دونیادا. دوو ڕوداوی گەورە ئەگەریان هەیە، یەکەم، دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی میدتێرم، کە ئەگەر ببێتە مایەی بردنەوەی دیموکراتەکان و کۆنترۆڵی هەردوو ماڵەکەی کۆنگریس. دووەم ئەگەری تەقینی بڵقی ئابوریی ژیری دەستکرد. ئێستا ئابوری ئەمریکا باش نیە، بەڵام لە بەر ئەو پارە زۆرەی کە لە بواری ژیری دەستکرددا خەرج دەکرێت ئابورییەکە وەک باش دەردەکەوێت، بۆیە سەرباری ئەم باشییە، خەڵکێکی زۆر لێی ناڕازین. لاوازبونی ترەمپ و خراپبونی ئابوری کاریگەری دەبێت لە سەر ڕەفتاری ترەمپ و ئەمریکا لە دونیادا. ئەگەری شەڕ لە ئەمریکای لاتین زیاد دەکات. 
دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەی ترەمپ پێیباشە کە شەر کۆتایی بێت و سودی ئابوری بەدەست بهێنێت. بەڵام بە لاوازبونی لەناوەوە، ئەم ئەگەرانەش لاواز دەبن، چونکە لە دوو ساڵی کۆتاییدا ئایا کێ کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان دەبێت، دەست بە بانگەشەی ناراستەوخۆ دەکات.
بۆیە ساڵی داهاتوو چاوەڕوانی ناسەقامگیریی زیاتر دەکرێت لە  ناوخۆ ئەمریکا، لە ئەنجامدا ناسەقامگیریی زیاتر لە دەرەوە.

ئەوروپا ڕوبەروی فشاری زیاتر دەبێتەوە، لە هەموو ئاستێکدا، هەندێک باس لە داڕمان دەکەن. هەندێکی تر وەهای دەبینن کە تەنها پرسی گۆڕینی دید و ڕەفتارە، ئەگینا ئەوروپا توانای زۆرە. ئەورەپا ناچارە هەنگاو بەرەو سوپا بنێت چ وەک وڵاتان یان یەکێتی، ئەمەش وەها دەکات کە بایەخی زیاتر بە دەوروبەری خۆی بدات. بۆیە ئەگەر لە ناوەوە خۆیان ڕێکبخەن ئەگەر چالاکبونی زیاتریان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست. کە کوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە.
ئەگەر شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا بوەستێت، ئەوا دۆخی ئەوروپا سەقامگیر تر دەبێت لە ئاستی جیوپۆەلتیکی و وزەوە. بەڵام ئەوەی ئەوروپا پێویستیەتی بیروکراسیەتی کەمتر و داهێنانی زیاتر و نەخلیسکانە بەرەوە فاشیزم.
چین
چین گەشەی ئابوری کەمتر دەکات. ئەمەش وەها دەکات خواستی بۆ وزە کەمتربێت. لە کاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە خواستی نەوت بە گشتی لە چین بگاتە پلاتوو یان تەختایی، بەو مانایە ئەو خواستەی کە هەیە بەردەوام بێت. بە ئەگەری زۆرەوە لە ساڵی ٢٠٢٧ خواستی نەوت لە چین بەرەو کەمیی دەڕوات. ئەمەش کاریگەری زۆری هەیە لە سەر ئابوری عێراق.
چین لە ناوەوە زیاتر سەرکوت دەکات. بەرەو  ناسیونالیزمی زیاتر دەڕوات. بە تایبەتی کاتێک لە ئاستی ئابوری و دیموگرافی و جیوپۆلتیکی بەرەو لاوازی دەڕوات.
چین بە هۆی ڕێگریی تاریفەوە زیاتر ڕودەکاتە وڵاتی باشوری گۆی زەوی، لە نێوایاندا وڵاتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی. لە سوریا زیاتر چالاک دەبێت.  

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ترسی دەستپێکردنەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران گەورەترین ئەگەر، هەروەها ئەگەری گەورەترین وەرچەرخان دەبێت لە ناوچەکە. لە ئەنجامدا ئەگەر بە سەرکەوتنی ئیسرائیل بشکێتەوە، ئەوا ئیسرائیل لە سوریاش زیاتر دەستوەردان دەکات. هەتا ڕێگریی بکات لە بەهێزبونی شەرع، لە دروستبونی سوپا، لە باڵادەستبونی تورکیا. کورد ڕوبەڕوی بژاردەی سەخت دەبێتەوە لەم دۆخەدا. ڕەنگە ئەجیندای کورد و ئیسرائیل بۆ ناناوەندی بونی سوریا تەبابێت، بەڵام تەباییەکی دیفاکتۆیە. 
سوریا نابێتە ناوەندی بە ئاسانی، چونکە هەرچەندە شەرع هەوڵبدتا دیدی توندڕەوی ئیسلامی دروز و عەلەوی و مەسیحی و کورد قبوڵناکات.
عێراق
ئەو سەقامگیرییەی کە هەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیراندا توشی قەیران دەبێت. ئایا بەبێ کێشە تێپەڕ دەبێت. ئەمە هەروەها پەیوەستە بە دۆخی ئێران. ئێران ئەگەر لاوازبێت دەبێتە مایەی ناسەقامگیریی لە عێراق. 
لە ڕوی ئابورییەوە قەیرانی دارای لە عێراق تەنها پرسی کاتە و پەیوستە بە نرخی نەوتەوە. بە ئەگەری زۆرەوە نرخی نەوت دێتە پەنجاکان و عێراق بەشی خەرجییەکانی پارەی دەستناکەوێت.
لە عێراقدا تەنها پەیوەندییەک لە نێوان خەڵک و حکومەت و هێزە سیاسییەکانە لە سەر پارە بونیاد نراوە. بە ئەگەری کەمبونەوەی پارە، ئەگەری گرژیی و توندوتیژی زیاتر دەبێت.
کوردستان
یەکێتی و پارتی ڕەنگە بگەنە ڕێکەوتنێکی بەرژەوەندییانە، بەڵام جیاوازیی و گرژییەکانیان بەردەوام دەبێت. هەردوولا پێویستیان بەو گرژییانەیە. لە هەمانکاتدا هیچ لایەکیان ناتوانێت یەکلایی بکاتەوە. لە ئاستی کۆمەڵگا داڕمانی زیاتر دەبینین، ئەگەری توندوتیژی زیاتر دەبێت، چونکە ئەو پرۆسەی پۆلی-کرایسیس، یانی ورژمە-قەیران کە لە کوردستان هەیە چڕتر دەبێتەوە. 

هەموو گروپەکانی کوردستان ئامانجیان پەرتکردنە. بۆ مەبەستی دەستکەوتی بچوک. ئەمەش زیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی گەورەی دەبێت.
کۆمەڵگای کوردی بەوەی کە ٨٠% لە شارەکاندا دەژی توانای بەرگریی بۆ قەیران کەمترە. لەم ڕوەوە یەکێتی و پارتی زیاتر حیزب بەهێزدەکەن و حکومەت و دەزگاکان لاواز. ئەمەش زیاتر کۆمەڵگا پەرت دەکات و ئەوان زیاتر توانای کۆنتڕۆڵیان دەبێت.
هۆکارەکانی تری وەک نرخی نەوت، شەڕی ئێران و ئیسرائیل، دۆخی سوریا، هەڵوێستی ئەمریکا، هەمووی کاریگەری دەبێت لە سەر دۆخی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP